زانیتان قاسم سلێمانی چی وت ؟

وتار/ 02/10/2017 2443 جار بینراوە

عەلی مەحمود محەمەد

زانیتان قاسم سلێمانی چی وت ؟
عەلی مەحمود  محەمەد
ماڵپەڕی ئاوێنە لە بەرواری  27ی سەپتەمبەر  هەواڵێكی زۆر مەترسیداری  بڵاو كردەوە  كە دەبوایە  كاردانەوەی  زۆر بەرامببەری بكرابایا  بە ناونیشانی (  هه‌ڕه‌شه‌ی‌ مەترسیدارترین كاراكته‌ره‌كانی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست پرۆسه‌ی‌ ریفراندۆمی كوردستانی رانه‌گرت), لە بەشێكی هەواڵەكەدا حاجی سلێمانی رازێكی  گرنگی مەترسیدار  ئاشكرا دەكات ئەویش, هەوڵی  داگیركردنەوەی كوردستانە لە لایەن حەشدی شەعبیەوە  پێش  ئەنجامدانی ریفراندۆم, واتا خۆیان زۆر زووتر بۆ هێرش بۆ سەر كوردستان  ئامادە كردووە , وەلێ پەلامارەكانی داعش  و كێشە ناوخۆییەكانیان  دوایانی خستووە, لە راپۆرتە هەواڵیەكەدا  هاتووە ((  به‌پێی‌ هه‌واڵی‌ ماڵپه‌ڕی‌ “ئه‌لمۆنیتەر”، قاسمی‌ سلێمانی‌ له‌سه‌ردانه‌كه‌یدا به‌كاربه‌ده‌ستانی‌ هه‌رێمی‌ راگه‌یاندوه‌ “تا ئێستا ئێمه‌ هێرشی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبیمان بۆ سه‌ر كوردستان راگرتوه‌، ئه‌گه‌ر ریفراندۆم ئه‌نجامبده‌ن ئیتر له‌مه‌ودوا ئێمه‌ رایناگرین”.ئه‌لمانیتۆر باس له‌وه‌ ده‌كات قاسمی‌ سلێمانی‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌كاربه‌ده‌ستانی‌ هه‌رێم كردوه‌ كه‌ “ته‌نها سه‌یری‌ مه‌نده‌لی‌ بكه‌ن بزانن چی‌ له‌وێ‌ رویدا ئه‌مه‌ سه‌ره‌تای‌ هه‌راكه‌یه‌”.  )).
وەك  دەبینین پێش ئەنجامدانی ریفراندۆمیش لەسەر زاری قاسمی سلێمانی  گەورە  بڕیاردەرو  كۆنترۆڵی  حەشدی شەعبی ویستی پەلاماردانی كوردستانی  هەبووە بۆ ئەوەی بیگەڕێنێتەوە چوارچێوەی  عێراق, خودی حاجی سلێمانی بۆ خۆی ئەزمونی لەو بوارەدا هەیە لەساڵانی 1979 بۆ 1980  لە گوندی رافۆری  پارێزگای كرمانەوە زیاتر لە 1500 كیلۆمەتری بڕی بۆ كوردستان تا جیهاد بكات  بۆ ئیسلام بە سەركوتكردنی راپەڕینی خەڵكی كوردستان و وەك پاسدارێك ئەزمونی خۆی لە بەرەو روبونەوەی چەكدارانەی دوژمنانی ئیسلام لە سەركوتكردنی خەڵكی كوردستان  دەست پێكرد, كە لەو كاتەدا بە خودموختاریەكی سەرەتایی رازی بوون, وەلێ كۆماری ئیسلامی ئێران پێیانی رەوا نابینی, دەیان هەزار وەك سلێمانی چەكدار كرد و ناردیانی بۆ سەركوتكردنی خەڵكی كوردستان,  نەخوازەلا وەك باشورییەكان  داوای  پێك هێنانی  دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان بكرێت,  كە كفرێكە  پاك بونەوە  لێی نییە, ئەو یەكێك  لەو چەكدارە 22 ساڵیانەی  ئیمامی زەمان بوو پۆستاڵەكەیان لە پێ دانەكەند تا گرتنەوەی  شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و  گەڕاندنەوەی  بۆ ژێر فەرمانڕەوایی حكومەتی ولایەتی فەقی.
قاسم سلێمانی فەرماندەی 19 ساڵەی فەیلەقی قودس, كە بڕیارە  كاری سەرەكی ئازادكردنی قودس بێت,وەلێ  ئەو بەرەیەی چۆڵ  كردووەو خەریكی گەرمكردنی شەڕی عەلی و عومەرەكانە لە كۆمەڵێك وڵات,  ئەو ریمۆن كۆنترۆڵی  حەشدی و شەعبی و  حیزبولڵای لوبنان و تەواوی گروپە چەكدارە شیعەكان لە دەرەوەی ئێران لە گیرفانیەتی, هەڕەشەكانی سلێمانی نیشانەی ئەوەیە  ملكەچی بڕیارەكانم لە ئێستا و بڕیارەكانی قۆناغی داهاتووش نەبن, چونكە داواكاریەكانی ئەو بە پێی پرۆژەی  گۆڕینی عێراق بۆ كۆماری ئیسلامی دەگۆڕێت, ئەوا حەشدی شەعبی بەر دە دەمە گیانتان و لە كوردستان دەرتان دەكەم و دەیكەمەوە باكوری عێراق وەك عەبادی وئەردۆگان ناویان برد, ئاخر ئەو خویەكی گرتووە بە شیری تەركی ناكات بە پیری, ئەو دەستپێكی بە پاسداربوونی بە بەشداری لە  سەركوتكردنی  هاوڵاتیانی كوردستان دەست پێكردبێت,چۆن چاوی لێ نابێت دوبارەی بكاتەوە, دڵی عاشقان هەمیشە  لای یەكەم دڵدارە, دیارە  هەر بەوەشەوە ناوەستێت , ئامادەیە تەواوی گروپە چەكدارە شیعەكان  لە جیهان بۆ رزگاری كەركوك رەوان بكات,كەركووك  كە  مەنزڵگای ئیمام قاسم و ئیمام عەباس و ئیمام زەین عابدینی لێیە, وەك ئیمام گوڵپیەگانی وتی پیرۆزەو ناهێڵین سەربەخۆ بێت, خەو دەبینین بۆ   گەڕاندنەوەی  بۆ ژێر دەسەڵاتی خۆیان, چۆن بە بەهانەی داكۆكی لە مەرقەدی زەینەب سەرەتا چوونە سوریاوە, هێشتا نەگەڕاونەتەوە.
نابێت ئەوەمان لە یاد بچێت, كۆنترۆڵكردنەوەی فرۆكەخانەكان هەولێر و سلێمانی  نەخشەی لە مێژینەی حكومەتی عێراقییە لەسەر داوای ئێران, چونكە ئەوان بە مەترسی  دەزانن بۆ سەر خۆیان, لە هاتوچۆی  هەندێك  بێزارن, تازە نییە.
حەشدی شەعبی مەترسی گەورەیە بۆ سەر ئایندەی كوردستان,  هێزێكی میلشیایی تاوانكاری چەكداری شیعە یە  لە 13ی ئازاری 2014  دامەزراوەو لە 67 گروپی چەكداری ئیسلامی پێك هاتووە, تەواوی باڵە جیاجیاكانی ئیسلامی سیاسی شیعی و مەرجەعەكانیان  گروپی خۆیان تێیدا دروست كردووە, سەرباری گروپێك بە ناوی رەیان كلدانی كە ئەویش دژ بە ریفراندۆم هەڵوێستی گرت, دامەزراندنی حەشدی شەعبی لە  عێراق  11 ساڵ  دوا كەوتووە  لە چاو دامەزراندنی سوپای پاسداران لە ئێران, ئاخر زەمینەی عێراق  لەبار بوایە دەبوایا ساڵی 2003  پێك بهاتبایە وەك چۆن بە دوای بەناو شۆڕشی ئیسلامی ئێران لەوێ پێك هات, بۆ 4 ساڵ هەموو كەندو كۆسپە ناوخۆییەكانی ناو ئێرانی لە سەركوتی گەلان و پارتە سیاسییەكان بە تایبەت چەپەكانی لەسەر كۆماری ئیسلامی ئێرانی نەهێشت, ژمارەی چەكدارانی حەشد  60 بۆ 90 هەزارە , هەندێك لە چاودێران پێیان وایە  125 هەزاری تێپەڕاندووە , هاوكات نزیك 3  ملیۆن خۆبەخشی هەیە, ئەم هێزە زەبلاحە  دوای  شەڕی داعش و سەركوتكردنی بزووتنەوەی عەرەبە  سونییەكان, لە قۆناغی دواتردا وەك حاجی سلێمانی ئاماژی پێدا چاوی لەسەر كوردستانە, خۆ شەڕەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانیش سەرەتا لە شەڕی پچڕ پچڕی ناوچەیی وەك  مەندەلییەوە كڵپەی سەند,  تا هەنووكە بەردەوامە, بە قۆناغیش پەلاماری ئەحواز و گومەبەد كاوس  و  كوردستان و تاران و شارەكانی دی دا, تەنانەت پارتە سیاسییەكانیش تا لە كۆتادا كەسیان نەهێشتەوە جگە لە خۆیان و عەمامە  رەش و سپییەكان نەبێت.
بۆ چەسپاندنی پێگەی خۆیان و بنیات نانی دەوڵەتێكی ئیسلامی شیعی ئەو رێگرە ناشرینەی ناوی كوردستانی هەڵگرتووە كە رازی نییە بە  گۆڕینی عێراق بۆ كۆماری ئیسلامی عێراقی شیعی پێویستە نەمێنێت,كوردستان  ئاگادار نەبێت دەبێت چاوەڕوانی پەلاماری ملیۆنان چەكداری حەشدی شەعبی كلیل لە مل بن, خۆیان بە فیدای عەباس و قاسم بكەن بۆ زەین عابدین بمرن, بۆیە گەڕانەوە  بۆ عێراق بێ زەمانەتێكی نێو  دەوڵەتی  وەك ئەوەیە  كوردستان لەسەر سینیەكی زێڕین پێشكەش بە حاجی سلێمانی و حەشدی شەعبی  بكرێت, نابێت خۆشباوەڕ بین بەسەركردەی پارتە ئیسلامییە شیعەكان, بە دەستی سیاسەت تەوقە دەكەن, دەستی تفەنگیان لەناو حەشدە خۆیان بۆ رۆژە پیرۆزەكەیان ئامادە  دەكەن.

نوێترین نوسینەکانی عەلی مەحمود محەمەد

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌