ئایا هەرکەس وازی لە حیزبێک هێنا دەکەوێتە بەر هێرشی ئەندامانی ئەو حیزبە؟

وتار/ 20/09/2017 681 جار بینراوە

محسن صالح

ئایا هەرکەس وازی لە حیزبێک هێنا دەکەوێتە بەر هێرشی ئەندامانی ئەو حیزبە؟

چەند ساڵێکە بەهۆی سیاسەتی نا تەندروست و پڕ گرفت و قەیرانی زۆرێک لە حیزبەکان بەتایبەت حیزبە دەسەڵاتدارەکان ، دیاردەی حیزبایەتی بەرەو کاڵبونەوەو بێزراو بوون دەڕوات و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ
 لە لای هاوڵاتیان سیمای ناشیرینتر دەبێت .
هەر ئەمەش وای کردوە کە نمونە ناشیرین وخراپەکانی ناو حیزبایەتی زیاتر زەق بکرێنەوە ، ئەگەر کەم و بچوکیش بن گشتاندنی بۆ بکەن و بیسەپێنن بەسەر حیزبدا بەگشتی .

 یەکێک لەو گشتاندنە نادروستەی ئەم هەرێمە تاوانبار کردنی حیزب و ئەندامەکانیەتی بەوەی هەرکەس وازی لە حیزب هێنا دەکەوێتە بەر هێرش و جنێو و ناو وناتۆرەو تۆمەت بەخشینەوە.
جا ئەمە تاچەند ڕاست و واقعییە ؟ ئێمە لە کۆن و نوێدا کەسانێک دەبینین لە ئاستی باڵادا وازیان لە حیزب  هێناوە و کەسیش لە گوڵ کاڵتری بێ نە وتوون ، لە بەرامبەردا کەسانێکی تریش دەبینین کەوازیان هێناوە ، هێرشی زۆر توند کراوەتە سەریان .
لە نمونەی یەکەم جەوهەر نامیق کە وازی لە پارتی هێنا ، و سالار عەزیز و فەرەیدون عبدالقادر کەوازیان لە یەکێتی هێنا و عبدولڕەحمان نەورەسی کە وازی لە بزوتنەوەی ئیسلامی هێنا .
لە نمونەی دوەمیش زۆرە و پێم خۆش نییە ناوی کەس بهێنم و نمونەکان بۆ بەڕێزتان بەجێ دەهڵێم .

هەندێک کە حیزبایەتی دەکەن تا لە حیزبدان بەشان و باڵیدا هەڵدەدەن ، و بەردەوام پاساو دێننەوە بۆ هەڵەو کەم و کورتیەکانی، بەڵکو تا خۆیان لەو حیزبەدابن و بەدڵیان بێت گایەک دەکەن بە مێشێک و هەڵە گەورەکان وەک شتێکی زۆر بچوک و ئاسایی  وێنا دەکەن بۆ ئەندامانی حیزبەکەیان و لای جەماوەرو دەرەوەی حیزبەکەشیان هەر دان نانێن بە بوونی هیچ گرفت و کێشە و لادانێکدا .
بەڵام کەوازیان هێنا دەست دەکەن بە باسی کەم و کورتیەکان و تۆمەت بەخشینەوە بۆ ئەو لایەنە و سەرکردایەتیەکەی کە ساڵانێکی زۆر خەباتیان تێدا کردوەو بەهۆیە بوونەتە خاوەنی ناو و ناونیشان و بەدەست هێنانی چەندین پلەو پوڵ و پۆستی باڵا .
ئەم جۆرە لە سیاسیەکان کاتێ لە حیزبدان زۆر دەمارگیر و ـ متعصب ـ ن بۆ حیزب و حیزبایەتیەکی بێ تام دەکەن کەوازیش دێنن ئەو پەڕی لێ دەگرن و هیچی تێدا ناهێڵنەوە .
لە بەرامبەر ئەمانەدا جەماوەر دەتوانن پێیان بڵێن : ئێوە پاش چەندین ساڵ خولانەوە لە بازنەی ئەو حیزبەدا و پاش بەدەست هێنانی ئەو هەموو ئیمتیازە ماددی و مەعنەویە بەهۆیەوە ، خێرە ئێستا باسی کەم و کورتیەکانی دەکەن ؟ مەگەر ئێوە نەبوون شەو و ڕۆژ باسی سەروەری و مەناقیبی ئەم حیزبەتان ئەکرد بۆ ئێمە و بەردەوام وەڵامی ڕەخنەو گلەیی و تێڕوانینە نەرێنیەکانی ئێمەت دەدایەوە بۆ ئەو حیزبە ؟
 ئەندامانی ئەو حیزبەش بۆیان هەیە بڵێن وانیە ڕاست ناکەیت ، ئەگەر تۆمەتەکانت ڕاستن بۆ پێشتر لەناو حیزب باست نەکرد .
پاشان هەموو کەس لە ژیانیدا هەڵەو ناتەواوی هەیە ، کاتێ لە ناو کۆمەڵە برایەکدایە بۆی دەپۆشن و هەریەکێک لە لایەکەوە دیفاعی لێ دەکات ، بەڵام کاتێ وازی هێنا ، ئەوانیش خۆ هەر ڕاناکەن بەدوایدا و پەردەی بۆ بگێڕنەوە ، ئەوەی چەند ساڵ بۆی پۆشراوە خۆی دەردەکەوێت و هەڵدەماڵرێت .
دەکرێت ئەو کەسەی واز دەهێنێت لە حیزبێک بێ دەنگ دانیشێ و باسی کەم و کورتی ئەو حیزبە نەکات کەسیش باسی ئەو ناکات و بەخراپ ناوی ناهێنرێت ،چەندین نمونەمان هەیە لە کوردستان و لە زۆربەی حیزبەکان کەسێک یان زیاتر وازی هێناوە و کەسیش پێ ی نە وتووە  سەری چاوت برۆیە، پێچەواناکەشی هەر ڕاستە ، کەواتەبڕیار لای خۆتە کامیان هەڵدەبژێریت ، کار و پرۆژەی خۆ بەڕێوە بردن و خۆ پێ گەیاندن بە بێ هێرش کردنە سەر لایەن و کەسەکان ، ئەو کات هیچ کەس و لایەنێک لە خۆیەوە نایەتە سەر ڕێتان . یان ڕێگای دووەم هەڵدەبژێری و دەتەوێت لە سەر ڕوخاندنی ماڵی خەڵک خۆت بنیات بنێیت و بەدارو پەردوی ئەوان باڵەخانەی خۆت دروست بکەیت کە ئەمە پیشەی هەندێکە لەو سیاسیانەی زۆر ئەم لاو لا دەکەن ، ئەو کاتە دڵنیابە ئەو  لایەن و کەسانەش دەستەوسان دانانیشن ئێوە بلۆک بلۆک دیوارەکەی بڕوخێنن ، یان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پسکە پسک بچنە ماڵی ئەندامەکانی و بتانەوێت وێنایەکی ناشیرینی حیزبەکەیان نیشان بدەن و خۆتانیان لێ بکەنە ( محمد ی مهدی ) و دەزگا و پرۆژەی نوێشتان لێ بکەنە کەشتی نوح !!!

نوێترین نوسینەکانی محسن صالح

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌