كێ دەبێتە رێكخەری گشتی و ئەندامی خانەی راپەڕاندن؟
وتار/
10/07/2017
1297 جار بینراوە
د.ئاكۆ حەمەكەریم
كێ دەبێتە رێكخەری گشتی و ئەندامی خانەی راپەڕاندن؟
د.ئاكۆ حەمەكەریم
لەدوای كۆچی دوایی كاك نەوشیروان، چەند پرسیارێك لە ناوخۆی
گۆڕان و لەلای خەڵك و میدیا و لایەنە سیاسییەكان دروست بوە كە كێ جێگای كاك نەوشیروان
دەگرێت و دەبێتە رێكخەری گشتی و چۆن؟ و كێش دەبێت بە ئەندامی خانەی راپەڕاندن و چۆن؟
بێگومان زۆر قورسە بتوانیت كەسێك بدۆزیتەوە وەك كاك نەوشیروان
كەسایەتییەكی كاریزماتیكی هەبێت، چونكە كاك نەوشیروان خاوەنی كەسایەتیەكی زۆر دەگمەن بو، ئەو بە تەنها رێكخەری گشتی
بزوتنەوەی گۆڕان نەبو، بەڵكو كاریزمایەكی نەتەوەیی و نیشتیمانی بو. ئەو پێشمەرگە و
شۆڕشگێڕ بو، سەركردە بو، مێژونوس و ئەدیب بو، لێكۆڵەر و ئەكادیمی بو، ریفۆرمخواز و
رەخنەگر بو، لەگەڵ ئەوەی خاوەنی دەسەڵات و هێز بو، بەڵام بەردەوام وەك سوفی دەژیا
و بۆ خەڵك دەژیا. بۆیە زەحمەتە كەسێك بدۆزیتەوە وەك ئەو هەمو تایبەتمەندی ئەوی هەبێت.
بەڵام هەڵبژاردنی رێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن
لە بزوتنەوەی گۆڕاندا كارێكی ئاسانە، چونكە كاك نەوشیروان لەدوای خۆی دەستورێكی بەجێهێشتوە
كە هەمو رێوشێنەكانی هەڵبژاردنی رێكخەری گشتی و خانەی راپەڕاندنی بەڕونی دیاریكردوە.
خۆشبەختانە ئێستا لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا كۆدەنگییەك
دروست بوە لەسەر:
1.جێبەجێ
كردنی دەستوری (پەیڕەوی ناوخۆ) بزوتنەوەی گۆڕان وەك خۆی و بەبێ هیچ ئینتیقائیەك.
2.یەكلایكردنەوەی
ئەم پرسە بەزوترین كات و دوانەخستنی.
3.نەبونی
ڤیتۆ و هێڵی سور لەسەر هیچ كەسێك، كە مەرجە یاساییەكانی تێدابێت.
بەپێی دەستوری بزوتنەوەی گۆڕان رێكخەری گشتی و ئەندامانی
خانەی راپەڕاندن لە كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی دا، بە دەنگدانی نهێنی و راستەوخۆ و
بە زۆرینەی سادە (كێ زۆرترین دەنگ بەدەست بهێنێت) هەڵدەبژێرێن و بە زۆرایەتی رەهای
(50+1) دەنگی هەمو ئەندامەكانی دەگۆڕدرێن كە بۆ ماوەی دو ساڵ و تەنها بۆ سێ خولی هەڵبژاردن
بۆیان هەیە خۆیان كاندیدبكەن.
ئەو كەسەی خۆی كاندید دەكات بۆ رێكخەری گشتی یان خانەی
راپەڕاندن مەرج نییە ئەندامی جڤاتی نیشتمانی یان جڤاتی گشتی بێت، بەڵكو هەمو كەسایەتییەكی
دیاری بزوتنەوەی گۆڕان دەتوانێت خۆی كاندید بكات. ئەوەی مایەی خۆشحاڵیشە بزوتنەوەی
گۆڕان خاوەنی دەیان و سەدان كەسایەتیین كە شیاوبن بۆ پڕكردنەوەی پۆستی رێكخەری گشتی
و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن.
پێویستە بۆ هەڵبژاردنی رێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی
راپەڕاندن رێوشوێنە دەستورییەكان وەك خۆیان جێبەجێ بكرێن، بەواتایەكی تر پێویستە هەر
پۆستێك بەجیا هەڵبژاردنی بۆ بكرێت و كاندیدی جیاواز هەبێت، بۆیە نابێت رێگە بدرێت
لیست دروست بكرێت یان رێکكەوتنێكی پێشوەخت هەبێت وەك لەكۆنگرەی هەندێك لەحیزبەكاندا
دەبینرێت كە پێشتر رێكدەكەون لەسەر چەند ناوێك و لەكۆنگرەدا بەچەپڵەڕێزان یان بەدەنگدانیكی
شكلی هەڵدەبژێرێن.
ئەم پرۆسەیە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان تاقیكردنەوەیەكی گرنگ و
مێژویی دەبێت، كە پێویستە تەواو دیموكراسی و دەستورییانە بێت، بۆ ئەوەی ببێتە پێشینەیەكی
(سابقە) باش و دروست و بزوتنەوەكە بخاتەسەر سكەی خۆی و لەسەری بڕوات، بە پێچەوانەوە
ئەگەر لادان لەدەستوركە هەبێت دەبێتە پێشینەیەكی خراپ و دور نییە بزوتنەوەكە بەلاڕێدا
ببات.
لێرەوە گرنگ نییە كێ ئەو پۆستانە پڕدەكاتەوە، گرنگ ئەوەیە
مەرجە یاساییەكانی تێدا بێت و بەڕێوشوینە دەستور ییەكاندا بڕوات.
لە بزوتنەوەی گۆڕاندا جڤاتی نیشتیمانی ناوەندی بڕیارو بەرزترین
دەسەڵاتە، نەك خانەی راپەڕاندن كە بەرپرسی جێبەجێكردنی بڕیارو راسپاردەكانی جڤاتی
نیشتمانیە لە نێوان دو كۆبونەوەداو ئەركی رێكخەریش هەماهەنگی و سەرپەرشتی كۆبونەوەكانی
خانەی راپەڕاندن و جڤاتی نیشتمانییە.
نوێترین نوسینەکانی د.ئاكۆ حەمەكەریم