تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان؛ كایه‌ى بێ شوناس*

وتار/ 30/08/2016 853 جار بینراوە

هەژار حاتەم

تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، كه‌ له‌م چه‌ند ساڵه‌ى دوایدا ده‌ركه‌وتن و كاریگه‌رییان له‌ هه‌رێمى كوردستان زیاتر بووه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ دواى رووداوه‌كانى حه‌ڤده‌ى شوباتى ساڵى 2011.
ئه‌و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌، كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا و بۆیه‌كه‌مجار به‌مه‌به‌ستى كۆمه‌ڵایه‌تیی سه‌ریانهه‌ڵدا؛ كاتێك ژماره‌یه‌ك له‌ خوێندكارانى زانكۆ له‌ ئه‌مریكا دروستیان كرد و دواتر ئه‌زموونیان كرد؛ مه‌به‌ستیان بوو رۆژانه‌ ئاگاداریى یه‌كتر بن و په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌و رێگه‌یه‌وه‌ به‌هێز بكه‌ن، به‌ڵام به‌ ماوه‌یه‌كى زۆر كه‌م، كاریگه‌رییه‌كانى گه‌لێك فراوانتر بوو، به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ بوونه‌ ركابه‌رى كه‌ناڵ و هۆیه‌كانى دیكه‌ى میدیا. ئه‌گه‌ر جاران كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كان، یان وێستگه‌كانى رادیۆ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان پێشبڕكێیان بوو له‌سه‌ر (سبقى صحفی)، به‌ڵام تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان زۆر به‌ سانایى گه‌یشتنه‌ لووتكه‌ى هه‌ڕه‌مى وه‌رگرتن لاى وه‌رگرانیان، هه‌ربۆیه‌ هه‌نووكه‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بوونه‌ته‌ به‌شێك له‌ ژیان و ناتوانرێت پشتگوێ بخرێن.  
كاریگه‌رییه‌كانى تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان رۆژ به‌رۆژ زیاتر و فراواتر ده‌بێ، بێگومان ئه‌وه‌ش چ به‌ ویستى خۆمان بێ، یان نا! چوون ئه‌مڕۆ چالاكیى و كار و پیشه‌یه‌ك نه‌ماوه‌، كه‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كاریگه‌ریى له‌سه‌ر دروست نه‌كردبێت؛ له‌ شه‌ڕوشۆڕ، خۆشه‌ویستى و ئه‌وینداریى، بازار و بازاڕى ئۆنلاین، په‌روه‌رده‌ و فێركردن، رۆشنیریى و كولتووریى. 
   ئه‌و كاریگه‌رییانه‌ش به‌ وێنه‌یه‌ك یان ڤیدیۆیه‌ك، دروست ده‌بێ و كارى خۆى ده‌كا، هه‌روه‌ك له‌ كاتى شۆڕش و بێداربوونه‌كانى جیهانى ئیسلامیى كه‌ به‌ "به‌هارى عه‌ره‌بی"، ناسێنرا و له‌ تونس و میسره‌وه‌ ده‌ستى پێكرد، تا یه‌مه‌ن و لیبیا و سوریا و عێراق به‌ كوردستانیشه‌وه،‌ گرته‌وه‌ و خۆمان شاهیدى ئه‌و كاريگه‌رییه‌ زه‌به‌لاحه‌ بووین، كه‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌ تایبه‌ت فه‌یسبووك له‌ سه‌ر لاوان هه‌یبوو، به‌ وێنه‌ و ڤیدیۆیه‌ك شه‌قامه‌كانیان ده‌گرت! فه‌یسبووك و تویته‌ر بوونه‌ بڵندگۆ و نمایشگا، هه‌ژمار و په‌یجه‌كان ته‌نانه‌ت جێگه‌ى ئۆفیسى رێكخراوه‌ مه‌ده‌نیى و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانیشى گرته‌وه‌، چوون هه‌موو به‌كارهێنه‌رێك له‌ ماڵ و دووكان و زانكۆ و مزگه‌وته‌كه‌ى خۆیه‌وه‌، به‌ لاپتۆپێك، یان مۆبایلێكى زیره‌كه‌وه‌، رۆڵى ژوورى هه‌واڵى كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كانى ده‌بینى.

هه‌ر بۆیه‌، به‌كارهێنان و كاریگه‌ریى تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌ میسر زۆر فراوانتر بوو، به‌ شێوه‌یه‌ك شۆڕشى نان و ئازادیى میسرییه‌كان ناونرا به‌ "شۆڕشى فه‌یسبووك" ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ رۆڵه‌ى گه‌وره‌یه‌ى كه‌ ئه‌و تۆڕانه‌ گێڕایان، به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ى سات به‌ ساتى كۆبوونه‌وه‌ و ناڕه‌زاییه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كان و مانگرتنى فه‌رمانبه‌ران و دواجار شۆڕشه‌كه‌ى لێكه‌وته‌وه‌.
بێگومان لایه‌نه‌ ئه‌رێنییه‌كان له‌ ژماردن نایه‌ن و ناوبه‌ناو زیاتریش ده‌بن، لێ چه‌ندان لایه‌ن و بواریش هه‌یه‌، كه‌ ده‌توانین وه‌ك لایه‌نه‌ ره‌ش و نه‌رێنییه‌كانى ئه‌و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ ده‌ست نیشانیان بكه‌ین.

سه‌باره‌ت به‌ لایه‌نه‌ ئه‌رێنییه‌كان، پێشتریش ئاماژه‌كان به‌ چه‌ند خاڵێك كرد، ده‌توانین بڵێین به‌ده‌ركه‌وتن و په‌یدابوونى تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، سنوورى وڵاتان نه‌ما و كایه‌ى بێ شوناس ئێستا ناسنامه‌یه‌!، ئازادییه‌كى تاڕاده‌ى ڕه‌ها هاته‌ گۆڕێ، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵاتییه‌كان ئه‌گه‌رچى فراوانتر بوون، به‌لام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مرۆڤى دواى فه‌یسبووك و هاوشێوه‌كانى، مرۆڤى كه‌مدوو داخراو و چیكڵدانه‌ بچووكه‌!، بۆ نموونه‌ له‌ كاتى سه‌ردانى هاوڕێ و خزم و كه‌سوكاره‌كانمان، میوان و خانه‌خوێ، هه‌مووى یان زۆریان، سه‌رقاڵى چات و گه‌ڕانن به‌ نێو تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا، كه‌ ئه‌وه‌ش بێگومان مرۆڤى كه‌مدووى لێ به‌رهه‌م هاتووه‌.
هه‌روه‌ها له‌ سه‌رووى هه‌موویانه‌وه‌ لاوازبوونى په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و دروستبوونى گه‌نجانێكى له‌ خۆبایى (گه‌ر ته‌عبیره‌كه راست بێ)، نه‌بوونى چاودێرییه‌كى توندو تۆڵ له ‌سه‌ر كاركردنى ئه‌و تۆڕانه‌، چ له‌ رووى ئه‌منیى و چ له‌ رووى ئه‌خلاقییه‌وه‌ شوێنه‌وارى ترسناكى دروست كردووه‌، هه‌روه‌ها لاوازبوونى ئاستى خوێندن به‌ تایبه‌ت له‌ قۆناخى ناوه‌ندیى و زانكۆ و ئه‌وانه‌ و چه‌ند خاڵیكى تریش، ده‌توانین وه‌ك شوێنه‌واره‌ خراپ و ترسناكه‌كانى به‌كارهێنانى تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌ست نیشانیان بكه‌ین.
هیوادارم هه‌موو به‌كارهێنه‌ریكى تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌ هۆشیارانه‌ سوود له‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ وه‌ربگرێت، تاكو دوور بین له‌ شوێنه‌واره‌ خراپه‌كانى.

 * تێبینى: له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئه‌مه‌ توێژینه‌وه‌یه‌كى فراوانتر و چڕوپڕ تره‌، كه‌ به‌ نیازم ان شا‌ءالله له‌ داهاتوودا كارى له‌ سه‌ر بكه‌م.

نوێترین نوسینەکانی هەژار حاتەم

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌