وەڵامێکی برایانە بۆ بەڕێز عەبدولسەلام بەرواری

وتار/ 16/05/2017 1158 جار بینراوە

ئاسۆس هه‌ردی‌

وەڵامێکی برایانە بۆ بەڕێز عەبدولسەلام بەرواری

ئاسۆس هه‌ردی‌

رۆژی ١٤ی پێنج، بەڕێز عەبدولسەلام بەرواری لەرۆژنامەی هەولێرداو لەژێر ناونیشانی (دەمەتەقێیەکی دۆستانە لەگەڵ ئاسۆس هەردی: تۆمەتە بێ بنەماکەو راستیە سادەکان)دا، چەند سەرنجێکی لەسەر نوسینێکی من نوسیوە کە بەناونیشانی (نوکتە بێتامەکەو راستییە سادەکان) بڵاوم کردبۆوە.

کاک عەبدولسەلام لەوەڵامی ئەو قسەیەی مندا کە نووسیبوم قەڵەم بەدەستەکانی پارتی‌و یەکێتی دەڵێن: “هەتا ئۆپۆزسیۆن پەیدا نەبو بو، دۆخی ئابوری کوردستان زۆر باش بو، کێشەمان نەبو، موچە لەکاتی خۆیدا دەدرا”، دەنوسێت: “کاک ئاسۆس دڵنیا دەکەم هیچ (قەلەم بەدەستی) پارتی ئەم قسەیەی نەکردووە”. من دەمەوێ لەسەر ئەم راسگۆییە سوپاسی بەڕێزی بکەم، چونکە کاک عەبدولسەلام مەبەستی بوبێت یان نا، ئەمە دان پێدانانە بەو راستییەدا کە من نوسیومەو ئەویش ئەو راستییە سادەیەیە کە پارتی‌و یەکێتی بەرپرسن لەم دۆخەی هەرێمی کوردستانی تێکەوتوە نەک هیچ لایەنێکی تر. جا هۆکارەکان چی بون، پاساوەکانی ئەو دو حیزبە چین‌و چەندی خەتای ئەوانەو چەندیشی بە عەللاگەی (دوژمنان‌و نەیاراندا) هەڵدەواسن، ئەمەیان بابەتێکی ترەو لێرەدا جێگەی نابێتەوە. راستییە سادەکە ئەوەیە (وەک لە نوسینەکەشدا نوسیومە) بەدرێژایی ساڵانی دوای راپەڕین موقەدەراتی خەڵکی کوردستان بەدەست پارتی‌و یەکێتییەوە بوە. بۆیە ئەگەر دەسکەوت‌و سەرکەوتنێک هەبێت، بە پلەی یەکەم شانازییە بۆ ئەوان. ئەگەر شکست‌و ماڵوێرانییەکیش هەبێت، بە پلەی یەکەم لە ئەستۆی ئەوانە.

خاڵێک کە بەلامەوە سەیر بو ئەوەیە کاک عەبدولسەلام بە ناوی “قەڵەم بەدەستەکانی پارتی”یەوە دەڵێت: ” کاک ئاسۆس دڵنیا دەکەم هیچ (قەڵەم بەدەستی) پارتی ئەم قسەیەی نەکردووە”! ئەم قسەیەم لە دو روەوە پێ سەیرە: یەکەمیان، وا پێدەچی بەڕێزی ئاگای لە پروپاگەندەکانی حیزبەکەی‌و هەڵمەتی رۆژنامەو بەرنامە تەلفزیۆنیەکانی (کە لە هەندێکیشیاندا خۆی بەشدارە)‌و لاپەڕەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی حیزبەکەی نەبێت! با واز لەوەش بێنین، کاک عەبدولسەلام خۆی راگەیاندنکارێکی بەئەزمونەو باش دەزانێت کاتێک حیزبێک بیەوێت پروپاگەندە لە دژی نەیارەکانی بکات، مەرج نیە لە ئۆرگانە رەسمییەکانیداو لە رێگەی نوسەرەکانییەوە پەیامەکانی ئاڕاستە بکات، بەڵکو لەدەیان رێگەی ناڕاستەوخۆی وەکو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان‌و “قەڵەم بەدەست”ی هەڵتۆقیوەوە دەیکات.
لێرەدا ئامانجی هەڵمەتەکە خەڵکی ئاساییە، نەک نوخبە خوێندەوارەکان، بۆیە پێویست بە نوسەران ناکات، بەڵکو قەڵەم بەدەستەکان ئەم ئەرکە جێبەجێ دەکەن. لێرەشەوە دێمە سەر لایەنی دوەمی سەرسوڕمانم! من بە مەبەست نوسیبووم “قەڵەم بەدەستەکانی پارتی‌و یەکێتی”، نەک نوسەران. لای خۆشمەوە کاک عەبدولسەلام بە نوسەر دەزانم‌و وەک نوسەرو راگەیاندنکار دەیناسم‌و‌ رێزی دەگرم چەند لەبۆچونیشدا لێکدورو جیاواز بین، جا ئەگەر خۆی رایەکی تری لەسەر خۆی هەیە، ئەوەیان خۆی باشتری دەزانێت.

سەبارەت بە خاڵی دوەم‌و کێشەی سەرۆکایەتی، کاک عەبدولسەلام ئازادە، چ تەفسیرو چ جۆرە پاساو هێنانەوەیەکی هەیە بۆ شەرعییەتدان بە سەرۆکی هەرێم. ئەوانە هیچ لەو راستییە ناگۆڕن کە وەکو خۆشی نوسیویەتی: ” لەهەڵبژاردنەکانی ٢٠١٣دا، سەرۆک بارزانی خۆی کاندید نەکرد چونکە دەیزانی مافی خۆ کاندیدکردنی نیە”.

من دوبارە سوپاسی ئەم راستگۆییەی دەکەم. زۆر راستە “سەرۆک بارزانی” مافی خۆ کاندیدکردنی نەبو. لێرەشەوەو هەر لەسەر بنەمای ئەم بۆچونە راستە، درێژکردنەوەی ماوەکەیشی یاسایی نەبو. هەرچی بەدوای ئەمەشدا هات لەسەر بنچینەی “ما بنی علی الباطل، فهو باطل”، نایاسایی‌و نا شەرعییە. نەشم بیستوە یاسای سەرۆکایەتی یان هیچ یاسایەکی تری هەرێمی کوردستان مافی ئەوەی بە پەرلەمان دابێت ماوەی سەرۆکێک درێژ بکاتەوە کە راستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردرابو نەک بە دەنگی پەرلەمان‌و “مافی خۆ کاندیدکردنیشی نەبو”.

با واز لەوەش بێنین کە دانیشتنەکەی پەرلەمان بۆ درێژکردنەوە، چەند نایاسایی‌و بەدور لە پەڕەوی ناوخۆی پەرلەمان بەڕێوە چو. پاشان زۆرم پێ سەیرە کە دەڵێن “کەس نیە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم کاندید بکات، حیزبەکانی تریش بەدیلیان پێشکەش نەکردوە، کەواتە با بارزانی بمێنێتەوە”! جارێ هەمومان لەبیرمانە لە یەکەمین هەڵبژاردنی راستەوخۆدا بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم، زیاد لە کاندیدێک هەبو بۆ رکابەری لەگەڵ بارزانی.

ئایا ئەو کاندیدانە شیاو بون یا نە، ئەمە پرسیارێک نیە کەسێک یان حیزبێکی دیاریکراو مافی بڕیاردان‌ وەڵامدانەوەی هەبێت، بەڵکو ئەوە ئیرادەی دەنگدەرە ئەم بابەتە یەکلایی دەکاتەوە. جگە لەوەش، ئەگەر باس لە سەروەری یاساو دیموکراسی بکەین، ئەوەی یاسا بەسەر سەرۆکێکدا دەیسەپێنێت کە “مافی خۆ کاندیدردنی نەماوە” ئەوەیە، بەپێی رێکارە یاساییەکان، لەکاتی گونجاوی خۆیدا پەرلەمان‌و دەزگا پەیوەندیدارەکان راسپێرێ ئامادەکاری بکەن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ‌و هیچی تر. دوای ئەوە سیستمەکە هەر بەپێی ئەو رێکارە یاساییانە زەمینەی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ دەڕەخسێنێ‌و دەرگای خۆپاڵاوتن دەکاتەوە. دەنگی خەڵکیش یەکلای دەکاتەوە کێ ئەو پۆستە پڕدەکاتەوە. ئەمەش سادەترین راستییە لە هەمو سیستمێکدا کە خۆی بەدیموکرات لەقەڵەم بدات‌و لافی سەروەریی یاسا لێبدات.

لەمە دەرچێت، هەرچی پاساو و سەفسەتە هەیە، جگە لە خۆهەڵەکردن لە راستییە سادەکە هیچی تر نیە. چونکە ئەمە وەک ئەوە وایە فرانسوا ئۆلاند سەرۆکی پێشوی فەرەنسا، یا باراک ئۆبامای سەرۆکی پێشوی ئەمەریکا بیانگوتایە تا دڵنیا نەبین لەوەی کەسێکی شیاو خۆی بۆ سەرۆکایەتی کاندید دەکات، کورسییەکەمان جێناهێڵین‌! لێرەدا دەبێ حوکمی یاسا بەرکارەکان جێبەجێ بکرێت، نەک حوکمی تاکەکەسەکان. دیموکراسیش رێک ئەمەیە.

ئێستا دێمە سەر دوا رستەی نوسینەکەی کاک عەبدولسەلام. رەنگە ئەگەر ئەم رستەیەی نەنوسیایە، هیچ وەڵامێکم نەبوایە، چونکە من قەناعەتی خۆمم نوسیوەو ئەویش ئازادە لەوەی چ بۆچونێکی هەیەو چۆن رەخنەی دەکات. بەڕێزی دەڵێت: “ئەگەریش ئاگادار نیە، دیسان کارەساتە چونکە چۆن دەبێت یەکێک لە جێگای ئەو ئاگاداری ئەم هەموو لێدوان و روونکردنەوانە نەبێت تا کاک ئاسۆس نەخەینە خانەی هەموو ئەم چەواشەکارانەی بە فیت و پارەی دوژمنانی پرۆژەی سەربەخۆیی دەنووسن، چاوەروانی روونکردنەوەم لە کاک ئاسۆس.”!!!

بڕیارم دا وەڵام بدەمەوە نەک لەبەر ئەوەی بەڕێزی چاوەڕێی رونکردنەوەم لێدەکات، چونکە من هاوڵاتییەکی ئازادی ئەم وڵاتەم‌و وەک وتم قەناعەتی خۆمم نوسیوە، کەسیش بە بەرپرس‌و مەرجەعی خۆم نازانم تا بە فەرمانی ئەو رونکردنەوە بدەم. بەڵام بەڕێزی دەڵێت: “تا کاک ئاسۆس نەخەینە خانەی هەموو ئەم چەواشەکارانەی بە فیت و پارەی دوژمنانی پرۆژەی سەربەخۆیی دەنووسن”!! لەراستیدا ئەم عەعقلییەتە جەوهەرو سەرچاوەی سەرەکیی هەموو کارەساەکانی ئەم وڵاتەیە. رونترین دەرکەوتەی ئەقلییەتی سیاسیی باوە لەم وڵاتەدا: “ئەگەر لەگەڵ من بیت، نیشتمانپەروەرو سەربەخۆخوازیت، با گەندەڵ‌و پاشەڵ پیسیش بیت.

ئەگەر لەگەڵ منیش نەبیت، خائینیت‌و بە فیت‌و پارەی دوژمنان دەنوسیت، جا هەرچییەک بیت‌و رابردوو هەڵوێستەکانت هەرچییەک بوبن”!! لێرەشدا بۆ سێهەم جار سوپاسی راستگۆیی بەڕێزی لەگەڵ تێڕوانین‌و قەناعەتەکانی خۆی‌و حیزبەکەی دەکەم‌و پێی دەڵێم: بەڕێزم بەهەڵەدا چوی! شوناسی نیشتمانپەرەوەری لە گیرفانی تۆ و حیزبەکەت یان هیچ حیزبێکی تردا نیە تا بە ئارەزوی خۆتان بیبەخشنەوە.

من بەش بە حاڵی خۆم، لەکەسی قبوڵ ناکەم نیشتمان پەروەریم پێ بفرۆشێت. ئەو رۆژانەی ئێمەومانان دروشمی سەربەخۆییمان بەرزکردبۆوەو داوامان دەکرد بە هەمو لایەکمان کار بۆ دامەزراندنی دەوڵەت بکەین، تۆو حیزب‌و سەرکردەکانت بە حوکمی زاتی‌و رێکەوتن لەگەڵ بەغدای سەدام حسێنەوە چەسپیبون‌و گاڵتەتان پێ دەکردین. ئەمڕۆش پاش ئەوەی کوردستانتان بەم دۆخە گەیاندوە کە لەروی ئابوری‌و سیاسییەوە لە وێرانەیەک دەچێ، باش دەزانین ئەو دروشمبازییە تەنهاو تەنها بۆ داپۆشینی عەیبەکانتانە لەپێش هەموشیانەوە وێرانکردنی ئابوری‌و داڕزاندنی سیستمی سیاسی کوردستان لەپێناوی کورسی سەرۆکایەتیدا. ئەگینا هەر زو دەمانگوت: فەرمون دەست لە دەست‌و قوەت لە خوا.

لەکۆتاییدا دەڵێم: بەڕێزم دەمخەیتە چ خانەیەکەوە، گەردنت ئازاد بێت. من ئاسودەیی ویژدانی خۆمم بەسە. بۆیە لەگەڵ شاعیری فارس (قدسی مشهدی)دا دەڵێم:
اگر از دیدەء کوتە نظران افتادیم
نیست غم صحبت صاحب نظری مارا بس

لەگەڵ ریزو خۆشەویستیم بێجگە لەم وشانەش، هیچ قسەیەکی ترم نابێت.



نوێترین نوسینەکانی ئاسۆس هه‌ردی‌

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌