پارتییەكانی ناو یەكێتی!
وتار/
10/04/2017
1128 جار بینراوە
رەحمان غەریب
پارتییەكانی
ناو یەكێتی!
رەحمان
غەریب
ئاماژە
گەرمەكانی تابلۆی سیاسی، واقعێكی نوێمان پیشان دەدات، پارتیو بەشێكی مەكتەبی سیاسی
یەكێتی، حیزبە سیاسییەكانی تر جگە لە بزوتنەوەی گۆڕان، سەرقاڵی كۆدەنگی نیشتیمانین
بەرەو ئەنجامدانی راپرسی، چونكە رێكنەكەوتنی پارتە سیاسیەكان زۆرترن لە رێكەوتنەكانیان،
بۆیە لەناو پڕۆسەكە چاو لە سەر هاودەنگی یەكێتی و پارتییە بۆ ئەم پرۆسەیە ئینجا ریفراندۆمەكەمان.
تابلۆكە
هەمەرەنگیشە هەم بۆ نۆژەنكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتیو پارتی، چالاككردنی
ئاشتەوایی نێوان ماڵی كوردان و چەسپاندنی سەقامگیری و رێككردنەوەی پرۆسەی سیاسی، هەم
رێكەوتنە لەسەر پرسێكی نیشتمانی گەورە كە كەم خێزان هەن لەناو ماڵە گەورەكەی نیشتمان،
قوربانی بۆ نەدابێت.
نزیكبونەوەی
یەكێتی – پارتی حزبەكانی تری كوردستان بۆ پرسێكی نیشتمانی ئاوها گەورە، ئۆپۆزسیونەكەیشی
دەبێت بە بەشێكی پڕۆسە نیشتمانییەكە تەماشا بكرێت، ئۆپۆزسێۆنێك كە بەشێك لە راستیەكانی
لە لایە بە تایبەتیش بازنەدان بەسەر چارەسەركردنی كێشە یاساییەكانی نیشتمان، پەرلمان،
سەرۆكی هەرێم.
بەڵام
ئەو دەستەواژانە لە گەرمەی ململانێی سیاسیدا بەبازاڕ دەكرێن، هەندێكیان بە هۆی توڕەیی
لە داڕشتنیدا ئامانجی خۆی ناپێكێت، وەك ئەوەی كە لەسەر زاری هەندێك لە هەڵسوڕاوانی
بزوتنەوەی گۆڕان و بەشێك لە سەركردەو كادرەكانی یەكێتی وەك دەربڕینی نارەزایەتی بە
هاوپەیمان و هەڤاڵەكانی خۆیان دەڵێن: " پارتییەكانی ناو یەكێتی"
وەك
چۆن رێكەوتنی ئەوسای گۆڕان و پارتی نسكۆ نەبوو بۆ پەیوەندی نێوان پارتی و یەكێتی،
بە هەمان ئەندازەش رێكەتنی پارتی _ یەكێتیی قۆناغی نسكۆی پەیوەندی گۆڕان و یەكێتی
و رێكوتنەكەی 25 خاڵییەكەیان نابێت.
ئەگەر
دەستپێشخەرییەكانی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ ئاشتەوایی و چەسپاندنی
یەكڕیزی و ئاشتبونەوەی گشتی، بكەینە پێوەر بۆ نزیكی و دوری لە پارتی كە (مەنتقێكی
چەوتە بۆ پارتی بوون)، ئەوا جەنابی سەرۆك تاڵەبانیش بە "پارتی نێو یەكێتی"،
هەژمار دەكرێت.
ئەگەر
دەستپێشخەرییەكەی بەڕێز نەوشیروان مستەفا رێكخەری بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هاوپەیمانی سیاسی
یەكێتی و گۆڕان بۆ پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێم و سەردانی بۆ پیرمام
بكەینە پێوەر بۆ نزیكی و دووری لە پارتی كە دیسان (مەنتقێكی چەوتە) ئەوا رێكخەری
بزوتنەوەی گۆڕانیش لەو دەورانەدا نەچۆتە پیرمام بۆ پارتیبوون؟، بەڵكو ئەویش وەك سەرۆك
تاڵەبانی پرۆسەی سیاسی بە دەست و پەنجەی خۆی نۆژەنكردەوە.
پەیوەندییەكانی
یەكێتی و پارتی وەك دوو هێزی هاوسەنگ و بەهێزی ناو پڕۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستان،
ئاڵۆزیش بوبێت نەگەیشتووەتە ئاستی دابڕان، هەر لایەكیان كە لە هەر قۆناغێكدا لە پێناو
بەرژەوەندی گشتیدا دەستبەرداری داخوازییەكانیان بووبن ، بە نەنگی بۆیان حساب نەكراوە،
ئەمە بۆ پەیوەندییەكانی ئەوسای پارتی و گۆرانیش هەر راستە، ئەمە سیاسەت وادەبێژێت
نەك ماڵەباجێنە.
نە
چەمكی موعارەزە بوون موقەدەسەو نە چەمكی دەسەڵات، ئەوانەی پیرۆزیان بەچەمكی ئۆپۆزسیۆنبوون
دەدا، ئەوسا لەسەردەمی پێكهێنانی كابینەی هەشتدا لە دانوستانی گەرمدا بوون لەسەر وەرگرتنی
پۆستەكانی ناو دەسەڵات، هەقی خۆیان بوو. ماوەیەكیش یەكێتییەكان پرۆڤەی موعارەزەبوونیان
دەكرد، هەندێ نمایشی هەزەلیشیان لەم بوارەدا هەبوو.
جوڵانە
تازەكەی یەكێتیو پارتیو هاوپەیمانەكانیان بانگهێشتكردنە بۆ بینینی رەنگە گەرمەكانی
تابلۆی سیاسی، جا هەندێك بە دروشمی كوردایەتی سەردەمی راپەڕین پێشوازی لێدەكاتو ئەوانی
تریش باوەڕیان وایە بە هێمنی تەماشای بكەن، ئەمە خوێندنەوەیە بۆ رەنگە تۆخەكانی سیاسەت
نەك شكاندنی تابلۆكە و سوتانی هۆڵی نمایشەكە.
نوێترین نوسینەکانی رەحمان غەریب