نازم دەباغ نوێنەری كورد يا نوێنەری ئيتڵاعات لە تاران!
وتار/
23/03/2017
1018 جار بینراوە
ئازاد محەمەد
نازم دەباغ نوێنەری كورد يا نوێنەری ئيتڵاعات لە تاران!
نووسینی: ئازاد محەمەد
جارێكی تر حكومەتی ئێران بە رێگەی كەسانێكی (نێوچاوان سپی)ەوە هاتە گۆ و ئەمجارە بە ناوی ”نازم دەباغ” هاتە گۆ و له مانشێتی يەكێك لە ميدياكانی سەر بە وەزارەتی ئيتڵاعات بە ناوی "دیپلۆماسی ئێرانی" (4ی مارسی 2017) نووسيويەتی: ”مونافقين هيچ بوونێكيان نيە لە ناو هەرێمی كوردستان دا”.
ئەم مانشێتە خۆی لە خۆيدا و بەر لە هەر شتێك ئەم راستيە دەردەخات كە حكومەت تا چەند تۆقاوە لە موجاهيدينی خەلق لەم سەردەمە نوێيەدا و شەو نيە خەون بەوەوە نەبينێت كە موجاهيدينی خەلق وەك جاری جاران و دوای جێهێشتنی سەركەوتووانەيان لە عێراق بگەڕێنەوە بۆ ناو خاكی وڵاتی خۆيان و هەنگوين بە زاری كاربەدەستانی کۆماری سێدارە تاڵ بكەن. ئەگينا كەی و كێ و چۆن وتراوە موجاهيدين لە هەرێم بوونيان هەيە!
بەڵام با بزانين ”نازم دەباغ” كە لە تاران پاڵی داوەتەوە بە کورسیەکانی وەزارەتی ئيتڵاعاتی ئێرانەوە و جارنارجارێ بە فيتی وەزارەتی ناوبراو دێتە گۆ و هەركات ئاغاكانی ژوور سەری پێوێستیان پێی بووبێت بۆ رێخۆشكردن بۆ كوشتاری ئەندامانی لايەنانی ئۆپۆزيسيۆنی ئێرانی لە عێراق و كوردستان دەيهێننە سەر شاشە و پشت تريبۆن و وشە و رستەی خۆیانی پێ كاوێژی دەكەن تا وا نيشان بدەن حكومەتە كوردكوژەكەی تاران دۆستی كوردە!
سەير و سەمەرەكەی ناوبراويش لەوەدا زەق دەردەكەوێت كە وتويەتی: ”موجاهيدينی خەلق لە هەرێمی كوردستان هيچ هەبوونيان نيە و هەر هەموويانمان دەركردوون و ئێمەيش هەروەك ئەوان (واتا وەزارەتی ئيتڵاعات) ئەوان (واتا موجاهيدين) بە مونافقين دەزانين. ئەوان دژ بە كورد شەڕيان كردووە و هاوكاريی سەداميان كردووە و كاربەدەستانی باڵای كورديان شەهيد كردووە و ...”
دەباغ لەم چەند رستەیەدا، يا خۆی داوەتە پاڵ تاوانبار نوری ماليكی و حكومەتی ئێران كە دەستيان سوورە بە كوشتاری پەنابەرانی دانيشتووی كامپی ئەشڕەف و چەندين جار ئەندامانی موجاهيدينی خەلقيان لە هەر دوو كامپی ئەشڕەف و ليبرتی قەتڵوعام كرد، یاخود پێناسەی ناكوردييەتی خۆی دەردەخات، چون كورد و لايەنە سياسيەكانی كوردستانی عێراق هەرگيز خوازياری قەتڵوعامكردنی موجاهيدين نەبوون و خۆيان دوور راگرتبوو لە مەلەفی پەنابەرانی ئێرانی لە عێراق و تەنانەت زۆر جار بەرپرسانی كورد رايانگەياندبوو كە پێويستە رێز لە مافەكانی دانيشتووانی ئەشڕەف و ليبرتی بگيردرێت.
ئەوەش بە لای كەسەوە ناڕوون نيە كە وشەی ”مونافقين” ئەدەبياتی رژێمی ئێرانە و تا ئێستا كەس موجاهيدينی بە ”مونافقين” ناودێر نەكردووە.
تايبەت بەوەی كە گوايا (موجاهيدين كورديان كوشتووە و...)، هەرچەند ئەوە لە درۆ بەدەر نەبووەو بێ بنەمایە و ئەوەش لە نامە فەرميەكەی بەڕێز (هۆشيار زێباری)، بەرپرسی پەيوەندييەكانی دەرەوەی پارتی ديموكراتی كوردستان بۆ دادگای لاهەدا پشتراست كراوەتەوە كە نووسيويەتی ”موجاهيدين نە بەر لە راپەڕين و نە لە كاتی راپەڕين و نە دوای راپەڕين دەستيان نەبووە لە سەركوتكردنی راپەڕينی كورد لە ساڵی 91”، بەڵام ئێستا دوای تێپەڕبوونی نزيك بە 25 ساڵ بەسەر رووداوەكانی سال 91 زۆر لە راستيەكان بۆ هەمووان دەركەوتووە و روون بۆتەوە كە چ كەسانێك ببوونە چاوساغی هێزەكانی سوپای پاسدارانی كۆماری سێدارە، كە بە ناياسايی سنووری فەرميی نێوان دوو وڵاتيان بەزاندبوو بە مەبەستی قەتڵوعامكردنی موجاهيدين لە ناو خاکی عێراق! بەڵام هەروەك سكرتێری گشتيی سازمانی خەباتی كوردستان لە ديمانەيەكدا لەگەڵ رۆژنامەی ئاوێنە (ژمارە 157) وتبووی ”ئەم تۆمەتانە پڕوپاگەندەن و بەشێكی زۆريشيان بۆ رازيكردنی ئێرانە. دەنا گەر رۆژێك رژێمی ئێران نەمێنێت، زۆر بەڵگەی تر دەكەونە دەست كە دەيسەلمێنێ موجاهيدين بێتاوانە و خەڵكيتر تاوانبارە”(27/1/2009).
دواوتەش بۆ خەڵك و لايەنانی سياسی و بە تايبەت حكومەتی هەرێمی كوردستان جێ دەهێڵێين و پێويستە رێگە نەدەن بەكرێگيراوانی رژێمی ئێران خەڵكانی لەمجۆرە بۆ بەرژەوەنديی خۆيان بەكار بهێنن و بە ناوی كورد و كوردستانيەوە خزمەت بە حکومەتی دوژمن بە كورد بكەن.
نوێترین نوسینەکانی ئازاد محەمەد