یەکڕیزی ئیسلامیەکان لەنێوان زەرورەتی سیاسی و ئایدیای فکریدا
وتار/
11/03/2017
764 جار بینراوە
يەحيا كاميل
یەکڕیزی ئیسلامیەکان لەنێوان زەرورەتی سیاسی و ئایدیای فکریدا
يەحيا كاميل
ڕەوتە ئیسلامیەکانی کوردستان بەڕەهەندە مێژووییەکەیشیەوە بەشێکن لە
سەرجەمی پڕۆسە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی نێو ماڵی کوردی و بەهێندەی سەنگی
خۆی جێکەوتی خۆی هەبوە لە گۆڕانکاریە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی کۆمەڵگای
کوردیدا ، لە ڕابردودا ئەم هێزانە هەندێ جار جەبری فکری خۆیان ئاڕاستەی
واقیعی کۆمەڵگا کردوە ، هەندێ جاریش جەبری سیاسیان پێشکەش بە واقیعەکە
کردوە ،لە ئێستادا واقیعی کاری ئیسلامی خەریکە بەرەو دروستکردنی قۆناغێکی
نوێی ڕێکخستنی ئیسلامی بڕوات و جیا لە مێژووی خۆیان فۆڕمێکی تر بە دیدگای
سیاسی و فکری خۆیان بدەن ، لەدایک بوونی قۆناغە نوێکەش لەهەناوی یەکڕیزی و
ڕێکخستنی هاوبەشی ڕوانگەی سێ هێزە ئیسلامیەکە دێتەدەر.
بەڵام پرسیارەکە لێرەدا دێتەپێش ئاخۆ ئەم فۆڕمە هاوبەشەی ئیسلامیەکان ،
بنیادەکەی بریتیە لە ئایدیای فکری یاخود ئایدیای زەڕورەتی سیاسی،
بەمانایەکی تر کام لەم دوو فاکتەرە ، فاکتەری هزری یاخود فاکتەری زەروڕەتی
دۆخی سیاسی بنیاتنەری ئەم مەنزومە یەک ڕەنگ و یەک دەنگیەی ئێستای سێ هێزە
ئیسلامیەکانی کوردستانە. لەڕاستیدا ئەم دوو دیوەی هێزی سیاسی لە قۆناغە
جیاجیاکاندا خۆیان پیشان دەدەن ، بەنمونە هەندێک جار لەقۆناغی دامەزراندنی
هێز و ئەحزابەکاندا ئایدیای فکری زیاد لە واقیعە سیاسیەکە پاڵنەری بنیاتنان
و دامەزراندنی ئەحزابەکانە ، هەندێ جاریش واقیعە سیاسیەکە فاکتەری
بنیاتنانی ئەحزابەکانە لەژێر ناونیشان و باگراوەندێکی فکریدا، بەڵام دواتر
کاتێک ئەحزابی سیاسی بەتایبەت ئەحزابی شەرقی قۆناغی لەدایک بوون و
دامەزراندن جێ دێڵێ کارلێک لەگەڵ واقیعە سیاسی کۆمەڵایەتیەکاندا دەکات و
ئایدیا فکریەکان بەرەو تارمایی بوون و کاڵ بوونەوە جێی خۆی بۆ بەرژەوندیە
سیاسیەکان چۆڵ دەکات ، دەکرێت هەندێ جار بەرژەوەندیە سیاسیەکان بەمانای
بەرژەوندیەکانی کۆمەڵگا لێک بدرێتەوە.
هێزە ئیسلامیەکانیش کە لە ئاستی گەشەی خۆیاندان و قۆناغی ساتی
دامەزراندنی خۆیان تێپەڕاندوە ، زۆر گونجاوترە کە بڵێن پاڵنەری زەڕورەتی
سیاسی فاکتەری لێک نزیک بوونەوەی ئەحزابە ئیسلامیەکانە، بەو پاساوەی کە
هێندەی دۆخە سیاسیەکە و داخوازیەکانی خەڵک بۆ ئەرزی واقیعە سیاسەکە فشاریان
هەیە لەسەر شەرعیەتی سێ هێزەکە نیو هێندە پاڵنەری فکری فشاری دروست
نەکردووە ، بەبڕوای من ئەم شێوازەیان بۆ لێک نزیک بوونەوە خوازراوترە وەک
لەوەی ئامانجە فکریەکان ئەم لێک نزیکیە بێنێتەجێ، لەبەرئەوەی هەر حیزبێک و
لەجێی خۆی ڕێبازێکی فکری بنیاتنەر و دامەزرێنەری بووە و لەئێستادا یەک
خستنەوەی ئیسلامی لەسەر حسابی یەکڕەنگ کردنەوەی ئەفکارەکان بێ
بنەماکردنەوەی هزری حیزبە ئیسلامیکان خۆیانە، لەلایەکی تریشەوە ئەم یەک
ڕەنگیە فکریە بەمانای قبوڵنەکردنی جیاوازیە هزریەکانە و واتایەکە بۆ تاقەت
بڕانی ئەحزاب و جەماوەرە ئیسلامیەکە لە فکری ئاینی جیاواز ، لەلایەکی
تریشەوە لەئێستادا داخوازیە سیاسیەکان چەند هێندەی داخوازیە فکریەکان لە
کۆمەڵگەی کوردیدا وجودی هەیە.
بەڵام خوازراوترە کە لێک نزیک بوونەوەی کاری ئیسلامی لەسەر حسابی
داخوازیە سیاسیەکان بێت ، ئەوکات یەکڕەنگی سیاسی متمانەیەکی زیاتری شەقامی
کوردی بەخۆی دەبەخشێت و وڵامدەرەوەیەکی بەهێزتری دۆخە نەخوازراوەکە دەبێت.
نوێترین نوسینەکانی يەحيا كاميل