پۆست دەگۆڕین یان پۆست دەمانگۆڕێت؟

وتار/ 15/08/2016 753 جار بینراوە

ئاسۆ فەرەیدوون

لەیەکەم ڕۆژی پارێزگاربوونمەوە خۆم خستۆتە بەردەم ئەم پرسیارەوە (ئایا دەبێت پۆستەکەمان بگۆڕین یان پۆستەکەمان بمانگۆڕێت ؟) بەتەواوی توانامەوە، بەهاوکاری ستاف و بەڕێزان بەڕێوەبەر و کارمەندانی پارێزگا و سەرجەم فەرمانگەکانەوە لەگەڵ ئەوپەڕی سوپاس و پێزانینمدا لە هەوڵدابووین لەیەک کاتدا بگەین بەهەردوو مەبەستەکە .
 پۆستی پارێزگاربوون بە هەموو قەیران و کەمدەستیەکەوە بگۆڕین بۆ پۆستێکی سادەی کراوە.
لەکەشکەڵانەوە بیخەینەوە ناو ژیانی ئاسایی خەڵکەوە . هاوکات پۆستەکەش ئێمە بگۆڕێت بە دەرککردن و هەستکردن بەو سەدان کێشە و گرفتە ڕۆژانەی خەڵک کە دێتە بەر چاو و دەستمان .
 پارێزگای سلێمانی وەک یەکێک لە قورسترین پارێزگاکانی هەرێم و عێراق، بەهۆی ڕێژەی دانیشتوان و بوونی زۆرترین یەکەی ئیدارەی پەیوەست لە قەزا و ناحیەکان، هەروەها یەکەم ئەزموونی ئیدارەی هاوبەش لە پێکهاتەی برایانی هەموو حیزبە براوەکانی هەڵبژاردن . جوهدێکی تری دەویست بۆ سەرکەوتن و دروستکردنی زەمینەیەکی ڕەخساو، تاوەکو لە تەبایی یەکە ئیداریەکانەوە، ببینە هۆکاری سازدانی زەمینەیەک ڕەنگدانەوەی کاری هاوبەش و برایەتی لەنێوان بەشدارانی حکومەتی خۆجێیەوە بگوێزرێتەوە بۆ کاری هاوبەشی نێوان پارتە سیاسیەکانیش .
زیاتر لەوەش هەوڵماندا لەم جۆرە سیاسەتە ئیدارییەماندا لەئاستی عێراقیشدا پێشەنگ بین.
بۆ یەکەمجار لەمێژووی خۆیدا، سەرباری هەموو جیاوازیە مەزهەبی و تائیفیەکان، لە پلاتفۆرمی سلێمانیدا هەر نۆزدە پارێزگاکەی عێراقمان لە سلێمانیدا کۆکردەوە بۆ گفتۆگۆکردن. ئەگەرچی لەسەر حسابی کەسێتی سیاسیمان بەر تانە و ڕەخنە دەکەوتین، پێشوەختە دەمانزانی سەرزەنشت دەکرێین، بەڵام ئێمە لەهەرلایەکەوە دەرگایەکمان بۆ چاککردن و باشکردنی ژیانی خەڵک شک بردبێت، لەبەغدابێت یان هەر جێگەیەکی تر، بێ دوودڵی هەوڵمانداوە بارگرانی قەیرانە داراییەکان بەسەر هاوڵاتیانەوە کەمبکەینەوە.
دەبوو لە سیاسەتی ئیداریماندا بەو جۆرەبین، چونکە لە مەکتەبێکەوە فێربووین کە مەدرەسەی دیبلۆماسیەت و سیاسەتی مام جەلالە.
بڕوامان بە بنەبەستی و داخرانی یەکجاری نییە، لەدواجاردا هەر دەروازەیەک هەیە کێشەکانی لێوە چارەسەربکرێت.
هەر لەو پرەنسیبە دیموکراتخوازیانەوە، فێری پابەندبوون و متمانەبوون بووین بە ڕێکەوتن و پەیمانەکانەوە . وەک پابەندبوونمان بە ڕێککەوتنی نێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕانەوە لەسەر پۆستەکان ( بەدیاری کراوی پۆستی پارێزگاری سلێمانی ) چونکە بەندە وەک پارێزگاری سلێمانی لەشوێنی خۆمەوە لە ڕۆژی ٢٠ ی ئابدا لەو پۆستە دەترازێم و ئامادەی ڕادەستکردن و بەرچاوڕوونی بەڕێز پارێزگاری نوێم، تالەم ماوەیەدا ئیشوکارەکان و خۆئامادەکردنی بەڕێزیان بۆ ڕۆژی دەست بەکاربوون و ستافی نووسینگەی بەڕێزیان بەردەست بێت .
لە ئەزموونی خۆمانەوە پشتیوان و یارمەتی دەریان دەبین بۆ سەرکەوتنیان.
چونکە هەر کەس و لایەنێک پارێزگاربێت خەڵک داوای خزمەتکردنمان لێدەکات و لەپێناو ئەوەشدا دەنگ و متمانەیان پێداوین .
هەرکەسێکیش ڕووی سیاسەتی بەڕێوەبردن و ئامانجەکەی لە مرۆڤ و خەڵک بێت، بەسەرماڵمانەوە پشتیوان و پشتگیری لێ دەکەین .
*پارێزگاری سلێمانی

نوێترین نوسینەکانی ئاسۆ فەرەیدوون

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌