تێگه‌یشتن له‌ چه‌مكی‌ نوێكردنه‌وه‌ی‌ ئایین ،ئیسلام به‌نموونه‌

وتار/ 11/02/2017 689 جار بینراوە

نێچیروان وه‌لی‌

تێگه‌یشتن له‌ چه‌مكی‌ نوێكردنه‌وه‌ی‌ ئایین ،ئیسلام به‌نموونه‌
                    
                        
                                                                     نێچیروان وه‌لی‌
   ئیسلام ئایینێكی‌ سه‌رتاپاگیر و گشتگیره‌ و ڕه‌هه‌ندی‌ زه‌مه‌ن و سنووری‌ زه‌مینه‌ و بازنه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ و ڕه‌گه‌ز و زمان و كلتوور...هتد چوارچێوه‌داری‌ ناكه‌ن. په‌یامێكی‌ گه‌ردوونییه‌ بۆ هه‌موو كات و گشت شوێنێ‌. جا ئایینێ‌ به‌مجۆره‌ بێ‌, ده‌بێ‌ دارای‌ ناواخن و ناوه‌ڕۆكێكی‌ پته‌وی‌ ئه‌وتۆ بێ‌, بتوانێ‌ به‌ده‌م هه‌موو بابه‌ت و باسه‌كانه‌وه‌ بچێ‌ و خۆی لێیان نه‌بان نه‌كا و وه‌لاَمی‌ بۆ گشت چه‌شنه‌ پرسیارێ‌  هه‌بێ‌. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م گشتگیرییه‌ سیمای‌ زه‌قی‌ ئه‌م ئایینه‌ بێ‌ به‌ جیاواز له‌ ئایینه‌ ئاسمانییه‌كانی‌ تر. كه‌واته‌ ئه‌م ئایینه‌ پێویستی‌ به‌وه‌یه‌ هه‌رده‌م وه‌لاَمی‌ حازربه‌ده‌ستی‌ لا بێ‌ بۆ هه‌موو پرسه‌كان و هه‌موو جارێ‌ ئاوڕ بۆ دواوه‌ نه‌داته‌وه‌ و گشت كاتێ‌ چاوی‌ له‌ كه‌له‌پوور و مێژوو و ڕای‌ زانایانی‌ پێشوو نه‌بێ‌, به‌ڵكوو هه‌ندێ‌ جار بۆ بڕێ‌ بابه‌ت سه‌رده‌میانه‌ بۆ پرسه‌ و مه‌سه‌له‌كان بڕوانێ‌. بێگومان ئه‌مه‌ش له‌ چوارچێوه‌ی‌ پابه‌ند بوون به‌ بنه‌ما چه‌سپاوه‌كانی‌ ئیسلام و ده‌رنه‌چوون لێیان.
نوێكردنه‌وه‌ی‌ ئایین چییه‌؟
   ئایینی‌ ئاسمانی‌ به‌گشتی‌ په‌یامێكی‌ خودایه‌ بۆ كۆمه‌ڵه‌ مرۆڤێ‌. ئه‌و ئایینه‌ دیاریكراوه‌ تاكه‌ و تێڕوانین بۆی‌ كۆمه‌ڵه‌ تێڕوانینێكه‌, چونكه‌ مرۆڤه‌كان جۆراوجۆر و كۆمه‌ڵن. ئایینه‌كه‌ كۆمه‌ڵێ‌ بنه‌مای‌ چه‌سپاویی هه‌یه‌, كه‌ ئه‌مانه‌ نوێكردنه‌وه‌ی‌ تێدا ناكرێ‌, به‌ڵكوو نوێكردنه‌وه‌ له‌ تێڕوانین بۆ ئایینه‌كه‌ و جۆری‌ هه‌ڵهێنجانی‌ حوكمه‌كان ده‌كرێ‌, ئه‌مه‌ش له‌ ئه‌نجامی‌ قووڵبوونه‌وه‌ له‌ ئایینه‌كه‌ و خوێندنه‌وه‌ی‌ دروستی‌ واقیع و بۆ به‌رژوه‌ندیی‌ په‌یڕه‌وكه‌رانی‌ ئایینه‌كه‌ دێته‌ كایه‌وه‌.
نوێكردنه‌وه‌ی‌ ئایینی‌ ئیسلام چۆن ده‌بێ‌؟
   قسه‌كردن له‌باره‌ی‌ نوێكردنه‌وه‌ی‌ ئایینی‌ ئیسلام به‌ڕه‌هایی قسه‌كردنێكی‌ دروست و بۆچوونێكی‌ ڕاست نییه‌, به‌ڵكوو ده‌بێ‌ ده‌ستنیشانی‌ ئه‌و لایه‌نه‌ی‌ ئیسلام بكرێ‌, كه‌ پێویستی‌ به‌ تێڕوانینی‌ نوێ‌ و نوێكردنه‌وه‌ هه‌یه‌. ئیسلام كۆمه‌ڵێ‌ بنچینه‌ و بنه‌مای‌ چه‌سپاو و نه‌گۆڕی‌ هه‌یه‌ (الواپب), وه‌كوو: بابه‌ته‌كانی‌ عه‌قیده‌ و ئیمان و ئه‌ركه‌كان...هتد ئه‌مانه‌ بڕاونه‌ته‌وه‌ و بنچینه‌یه‌كی‌ سه‌ره‌كی‌ ئیسلامیش كه‌ حوكمه‌ شه‌رعییه‌كانی‌ لێ‌ هه‌ڵده‌هێنجێنرێ‌, ئه‌ویش قورئانه‌ و قورئانیش پارێزراوه‌ هه‌روه‌كوو خوا ده‌فه‌رموێ: [إِنَّا نَحْنُ نَزَّلْنَا الژِّكْرَ وَإِنَّا ڵهُ ڵحَافِڤُونَ]. هه‌ندێ‌ لایه‌نی‌ تریش هه‌ن كه‌ قسه‌ و بۆچوون و ڕای‌ جیاوازیی‌ له‌سه‌ره‌ و ئه‌م لایه‌نه‌ی‌ ئیسلام شیاوی‌ تێڕوانینی‌ سه‌رده‌می‌ و واقیعییه‌ بۆی‌. كه‌وابێ‌ ده‌بێ‌ تێروانینی‌ نوێكردنه‌وه‌ بۆ ئه‌م لایه‌نه‌ بێ‌. نوێكردنه‌وه‌ی‌ ئیسلام به‌ مانای‌ زیادكردنی‌ هیچ بڕگه‌ و بابه‌تێ‌ نییه‌ بۆ ئیسلام وه‌كوو په‌رستش و ئه‌رك و دروشم, چونكه‌ ئیسلام خۆی‌ ئایینێكی‌ ته‌واوه‌ هه‌روه‌كوو خوا ده‌فه‌رموێ‌: [الْێوْمَ أَكْمَلْتُ ڵكُمْ دِینَكُمْ وَأَتْمَمْتُ عَڵیْكُمْ نِعْمَتِی وَرَچِیتُ ڵكُمُ الْإِسْڵامَ دِینًا], به‌لاَم ئایین و ئایینی‌ ئیسلام وه‌كوو په‌یامێكی‌ ئاسمانیی په‌یوه‌ست به‌ مرۆڤه‌وه‌ به‌ تێده‌په‌ڕبوونی‌ كات و جۆری‌ وه‌رگرتنی‌ ئایینه‌كه‌ له‌لایه‌ن مرۆڤه‌وه‌, ئاساییه‌ وه‌كوو خۆی‌ وه‌رنه‌گیرێ و له‌لایه‌ن مرۆڤه‌وه‌ به‌مه‌به‌ست یان بێمه‌به‌ست گۆڕانكاریی‌ به‌سه‌ردا بێ‌. بۆیه‌ نوێكردنه‌وه‌ی‌ جۆری‌ تێڕوانین بۆ ئیسلام گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ خودی‌ ڕه‌سانه‌یه‌تیی ئیسلام به‌ لابردنی‌ هه‌ر زیاده‌یه‌ك كه‌ پێوه‌ی‌ لكێنرا بێ‌ و به‌ دروشمی‌ ئایین دانرابێ‌ و هه‌ر هه‌ڵه‌ تێگه‌یشتنی‌ ده‌رباره‌ی‌ هاتبێته‌ كایه‌وه‌. لایه‌نێكی‌ تری‌ نوێكردنه‌وه‌كه‌ سوود وه‌رگرتنه‌ له‌ واقیع و خۆ دانه‌بڕینه‌ له‌ زه‌مه‌ن و سه‌رده‌م به‌مه‌به‌ستی‌ سوودگه‌یاندن به‌ موسڵمان, به‌دانانی‌ جۆره‌ فیقهێ‌, كه‌ پێی‌ ده‌گوترێ‌ ( فیقه‌ الواقع) و له‌ ڕووی‌ ئوصوڵه‌وه‌ له‌ خانه‌ی‌ (مصالح المرسله‌)دایه‌.
نوێكردنه‌وه‌ی‌ ئایینی‌ ئیسلام به‌ كێ‌ ده‌كرێ‌؟
   نوێكردنه‌وه‌ی‌ ئیسلام ته‌نیا تایبه‌ت نییه‌ به‌ كه‌سێ‌ یان بنه‌ماڵه‌ یاخود گروپ و كۆمه‌ڵه‌ و ده‌سته‌یێ, به‌ڵكوو كاری هه‌موو موسڵمانه‌, به‌لاَم ده‌بێ‌ ئه‌و موسڵمانه‌ ڕۆچووبێته‌ بنج و بناغه‌ی‌ ئایینه‌كه‌ و مه‌عریفه‌ی‌ ئایینی‌ و زانسته‌كانی‌ تر له‌ ئاستێكی‌ بالاَدا بێ‌. پێغه‌مبه‌ر (درودی‌ خوای‌ لێ‌ بێ‌) ده‌فه‌رمووێ‌: إن الله یبعپ لهژه‌ الامه‌ علی‌ كل رأس سنه‌ من یجدد لها دینها. زانایان ده‌فه‌رموون مه‌به‌ست له‌وه‌ نییه‌ ته‌نیا كه‌سێ‌ له‌سه‌ری‌ هه‌موو سه‌د ساڵی‌ بێ و ئایین نوێ‌ بكاته‌وه‌ و بیباته‌ سه‌ر ڕه‌سه‌نایه‌تیی خۆی‌, به‌ڵكوو ده‌شێ كۆمه‌ڵه‌ و گروپ و ده‌سته‌ش بن, ئه‌و ئه‌رك و كاره‌ ئه‌نجام بده‌ن. له‌ مێژووی‌ ئیسلامدا كۆمه‌ڵی‌ كه‌س وه‌كوو نوێكه‌ره‌وه‌ی‌ ئیسلام ناویان هاتووه‌, له‌وانه‌: عومه‌ری‌ كوڕی‌ عه‌بدولعه‌زیز, حه‌سه‌نی‌ به‌سڕی‌, ئه‌حمه‌دی‌ كوڕی‌ حه‌نبه‌ل...تا ده‌گاته‌ ئیبن ته‌یمییه‌ و محه‌مه‌دی‌ كوڕی‌ عه‌بدولوه‌هاب و ئه‌فغانی و محه‌مه‌د عه‌بده‌ و نوورسی‌ و ئه‌لبانی و ...هتد. هه‌ر یه‌كه‌ له‌مانه‌ و كه‌سانی‌ تریش ڕۆڵی‌ گرنگیان بینیوه‌ له‌ نوێكردنه‌وه‌ی‌ ئایین و بردنه‌وه‌ی‌ ئیسلام بۆ سه‌ر ڕێچكه‌ی‌ دروستی‌ خۆی‌ و كه‌ڵك بینین له‌ واقیع و سه‌رده‌م بۆ هه‌ڵهێناجی‌ حوكمی‌ شه‌رعی‌ و تێڕوانینی‌ ئایینی‌ تایبه‌ت به‌ سه‌رده‌م بۆ خزمه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندیی‌ موسڵمانان.


نوێترین نوسینەکانی نێچیروان وه‌لی‌

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌