چاره‌نوسی چاكسازیه‌كانی بافڵ تاڵه‌بانی!

وتار/ 21/08/2022 629 جار بینراوە

دكتۆر ره‌عد ره‌فعه‌ت

چاره‌نوسی چاكسازیه‌كانی بافڵ تاڵه‌بانی!

پڕۆفسۆر دكتۆر ره‌عد ره‌فعه‌ت
ئه‌زمونی سیاسی هه‌رێمی كوردستان فێریكردوینه‌ هه‌ر كاتێك ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم باسی چاكسازی وبه‌ڵێنی گۆڕانكاریان دابێت، هه‌رده‌م له‌ناخی ئه‌و به‌ڵێنانه‌ گه‌نده‌ڵی زۆر گه‌وره‌ی تێدا شاردراوه‌ته‌وه‌ وجاری وایه‌ هه‌یه‌ به‌ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌م رووی راسته‌قینه‌ی "چاكسازی" ــه‌كانیان ده‌رده‌كه‌وێت.
هه‌شت مانگ پێش ده‌ستبه‌كاربونی سه‌رۆكی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم، زۆر به‌ئاشكرا وبه‌ڕاشكاوانه‌ وبێ دوو دڵی رامانگه‌یاند: هه‌موو ئه‌و پڕوپاگانه‌دانه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌یكات بۆ چاكسازی راست نیه‌ ونه‌نانه‌ت ماوه‌ی چوار ساڵی كابینه‌ی نۆیه‌م ده‌بێته‌ سه‌رده‌می زێرینی گه‌نده‌ڵی وگه‌نده‌ڵكاران وبه‌رته‌سككردنه‌وه‌ی ئازادایه‌كان وفشارخستنه‌ سه‌ر رۆژنامه‌نوس وچاڵاكوانان وسه‌ختربونی بژێوی هاووڵاتیان.
ئه‌و ده‌نگۆ وپڕوپاگه‌ندانه‌ی گوایه‌ بافڵ تاڵه‌بانی ده‌یكات وله‌شاره‌وانی ده‌ستی پێكردوه‌، گومانم نیه‌ گه‌نده‌ڵی زۆر له‌هه‌ناویدا هه‌ڵگرتوه‌ وبه‌ماوه‌یه‌كی زۆر كورت راستی ودروستی ئه‌م بۆچونه‌ ده‌رده‌چێت.
بۆچی باقڵ وهاوشێوه‌كانی چاكسازیان پێ ناكرێ؟
چاكسازی پرۆسه‌یه‌كی گشتگیر وهه‌مه‌لایه‌ن وبه‌رده‌وامه‌ وپێویسته‌ له‌سه‌ره‌وه‌ ده‌ستپێبكات نه‌ك له‌خواره‌وه‌ هه‌روه‌كو (لی كوان یۆ)ی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووتری سه‌نگافوره‌ ئاماژه‌ی پێكردوه‌.
چاكسازی پێویستی به‌گۆڕینی یاسا ورێنمایی وبڕیاره‌كان هه‌یه‌ وپێش هه‌موان پێویستی به‌ئیراده‌ وبڕیاری سیاسی له‌به‌رزترین ئاستی بڕیاردان هه‌یه‌ وده‌بێ چاكسازیه‌كانیش جێبه‌جێ بكرێت له‌سه‌ر هه‌موان نه‌ك سه‌رۆك وبنه‌ماڵه‌ وكه‌سه‌نزیكه‌كانیان (البطانة السوء‌) لێی هه‌ڵاوێر (استثناء) بكرێت وبه‌سه‌ر بێ ده‌سه‌ڵاته‌كانی ناو حزب وحكومه‌ت جێبه‌جێبكرێت یان بۆ لێدانی باڵێكی تری حزب به‌كاربهێنرێ.
له‌پێش هه‌موو ئه‌وانه‌ش، چاكسازی به‌ كه‌سانی چاكه‌كار (صالح) ده‌كرێ؛ واته‌ پێش ئه‌وه‌ی بڕیاربه‌ده‌ست وده‌سه‌ڵاتداران "چاكساز" (مصلح) بن، پێویستی قۆناغی "چاكه‌كار" (صالح) یان به‌سه‌ركه‌وتویی تێپه‌ڕاندبێ. به‌مانایه‌كی تر، چاكسازی به‌كه‌سانی خراپ وگه‌نده‌ڵ ودز وبكوژی رۆژنامه‌نوسان ناكرێ باهه‌ر ئیدعا وپڕوپاگه‌نده‌ی جاكسازیش بكه‌ن. یاسای قورئانیشە (إِنَّ اللَّهَ لَا يُصْلِحُ عَمَلَ الْمُفْسِدِينَ) یونس:٨١.
خاڵێكی تری گرنگیش هه‌یه‌ پیویستی به‌هه‌ڵوه‌سته‌كردنه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌: مه‌رج نیه‌ كه‌سانی چاكه‌كار (صالح) یش بتوانن ببنه‌ چاكساز وپرۆسه‌ی چاكسازی به‌شێوه‌یه‌كی دروست به‌ڕێوه‌ ببه‌ن. زۆر جار كه‌سانی چاكه‌كار چونه‌ته‌ ناو حكومه‌ت وده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ونه‌یانتوانیوه‌ ببنه‌ كه‌سانی چاكساز وپرۆسه‌ی چاكسازی به‌سه‌ركه‌وتویی به‌ڕێوه‌ببه‌ن وبه‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بونه‌ته‌ به‌شێك وچه‌ترێك بۆ گه‌نده‌ڵی.
ده‌سه‌ڵاتداران هه‌رده‌م كێشه‌یه‌كی ئه‌وتۆیان له‌گه‌ڵ كه‌سانی چاكه‌كار نه‌بوه‌ له‌دامه‌زراوه‌كان، به‌ڵكو كێشه‌ی سه‌ره‌كی وقوڵیان له‌گه‌ڵ كه‌سانی چاكساز هه‌بوه‌، به‌ئه‌زمون ده‌ركه‌وتوه‌ به‌رپرسانی هه‌رێم خۆشحاڵبونه‌ به‌بونی چاكه‌كاران له‌پرۆسه‌ی سیاسی وحوكمڕانی، به‌ڵام به‌هیچ شێوه‌یه‌ك قبوڵی چاكسازانیان نه‌كردوه‌ وهه‌رده‌م له‌دژایه‌تیان بونه‌ له‌ماڵ وگیان ورزق وئازادیه‌كانیان.
ئه‌وه‌ش مێژوی گشت ده‌سه‌ڵاتدارانه له‌گه‌ڵ چاكه‌كار وچاكسازه‌كان‌، كاتێك محمد (د.خ) له‌مه‌كه‌ چاكه‌كار بوو پێش ئه‌وه‌ی رۆڵی ‌په‌یامبه‌ر وچاكساز ببینێ، قوڕه‌یشه‌كان ناویان نابوو (الصادق الأمین)، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی ‌رۆڵی له‌چاكه‌كاربۆ چاكساز وه‌رچه‌رخا، قوڕه‌یشه‌كان وه‌سفیان كرد به‌ (ساحر، كذاب، مجنون).
هه‌ر بۆیه‌ خوای گه‌وره‌ كۆمه‌ڵگای سته‌ملێكراو به‌هه‌بونی چاكساز له‌ناونابات ﴿وَمَا كَانَ رَبُّكَ لِيُهْلِكَ الْقُرَى بِظُلْمٍ وَأَهْلُهَا مُصْلِحُونَ [هود: 117] ﴾

نوێترین نوسینەکانی دكتۆر ره‌عد ره‌فعه‌ت

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌