هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌رده‌م به‌ فه‌ڕه‌نسایی كردنى جیهاندا

وتار/ 29/08/2021 505 جار بینراوە

بەهرۆز جەعفەر

هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌رده‌م به‌ فه‌ڕه‌نسایی كردنى جیهاندا

*بەهرۆز جەعفەر
پوختەی جێبەجێکار
دوای خۆ سەخڵەت کردنێکی زۆری سەرۆکایەتی کۆمارو حکومەتی عێراق و دامەزراوەکانی دەوڵەتەکە و گه‌شتكردن بەملاولادا، ئەوەی ناویان نا “ لوتکەی بەغدا” بەشی لوتکەیەکی لێ دەرنەچوو. لە سەر ئاستی میسر و ئوردون و فەڕەنسا کەسی یەکەمی ئەو ووڵاتانە ئامادەی کۆنفڕانسەکە بون، ئەوانیش لەماوەی کەمتر لە ساڵێکدا پێشوتر سەردانی دیکەیان بۆ عێراق کردوەو، بەتەلەفۆنیش لەنێوان عێراق و سەرۆکی ئەو ووڵاتانە گفتۆگۆ هه‌رهەبوە. عێراق هەڕەشەو ئاڵەنگاریی ناوخۆیی و دەرەکی ئەوەندە گەورەی هەیە، لە توانایدا نییە مانۆڕی دیبلۆماسیی گەورەو نێوانگیریی هێزەهەرێمییەکان بکات و، ووڵاتانی بەشداربوی کۆنفڕانسەکەی عێراق وەک دەرکەوت ناتوانن دۆخی ئاسایش و ئابوریی عێراق بگۆڕن.

ئەوەی گرنگە، ئەم کۆنفڕانسە و ڕووداوە جیهانیی و نێوچەییەکان دەرفەتیان لەگەڵ خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان پێیە:

یەکەم/ بە فەڕەنسایی کردنی جیهان
گۆڤاری نیو ستەیتسمان (New Statesman) لەساڵی (١٩١٣) ەوە وەک مەگەزینێکی بەریتانی بەردەوامە. ئەگەرچی ئەرکی سەرەتایی گۆڤارەکە بەرز ڕاگرتنی سیاسەتی لیبراڵ و پێشخستنی کەلتورو سیاسەتی شانشینی بەریتانیایە. دوای دیمەنەکانی کابوڵ و تەنها (٣) ڕۆژ بەر لە سەردانەکەی سەرۆکی فەڕەنسا بۆ عێراق لە (٢٦ ی ئۆگەستی ٢٠٢١) بابەتێکی پڕ لە بەڵگەهێنانەوە بڵاوئەکاتەوە بەناونیشانی “ Why the world is becoming more French” -“ بۆچی جیهان زیاتر بەرەو فەڕەنسایی بون ئەچێت”. کشانەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا فەڕەنسای سەردەمی ماکرۆنی وا لێکردووە بە دوای ڕۆڵێکی گرنگتردا بگەڕێت لە ئەوروپا، کشانەوەی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی گەورە وەکو ئەفگان و عێراق و سوریا و لوبنان فەڕەنسای وا لێکردوە بەدوای میراتە مێژووییەکانی خۆی بکەوێت لە ناوچەکەدا، ئەوروپاشی خستۆتە ژێربەرپرسیارێتی ئەوەی ئیتر بە بێ ئەمریکا بتوانن خۆیان بپارێزن. بەپێی نیوستەیتسمان جیهان بە لەسەرخۆیی ئەگۆڕێت، هەر بە نەرمیش ئیتر هاوڕێیان ڕوو ئه‌كه‌نه‌ فەڕەنسا!.

فەڕەنساو فاکتەری هەرێمی کوردستان

هەرچی فاکتەری فەڕەنساو ماکرۆنە لە ساتەوەختێکدا ئەژین کە ئامادەیە بۆ وەرچەرخانێکی گەورە. هەرێمی کوردستان پێگەیەکی گرنگی هەیە لە ستراتیجی فەڕەنسادا، بەتایبەت لە ڕووی ئەمنی و ئابوری و کەلتورییەوە. پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا هەرێمی کوردستان ئامادەیەو لەسەر پێیە لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانە بێتە دەست و بڕیار دروست بکات و بڕیار دەربکات هاوشانی گۆڕانکارییەکان؟.
لە عێراق، کاراکتەرە سیاسییەکان جێگیر نیین، ئەوەش هۆکارێكى سەرەکی ئەوەبو کە سعودیەو تورکیاو ئێران ئامادە نە بون لە کۆنگرەکەی عێراق دا لەسەر ئاستی لوتکەو کەسی یەکەم ئامادە بن!. ئەو هێزە هەرێمیانە ناچنە کۆنگرەیەکەوە کە ئەوانەی سازیان کردوە دوو بۆ سێ مانگێکیان لەسەر شانۆی سیاسیی ماوە.
لەهەرێمی کوردستان دا، له‌سه‌رده‌مى نوێدا، ئەندازیاری ئەم پەیوەندییە لە نێوان حکومەتی هەرێم و فەڕەنسادا بە ئێستاشەوە دیارە کە “ نێچیرڤان بارزانی” یە، نێچیرڤانی بارزانی بە فەرمی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، لە دوای (١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧) ەوە هەموو ئابڵوقە هەرێمی ونێودەوڵەتییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان لابرد. وەکو واقیعی ساڵانی ڕابردووی حکومەتی هەرێم و دروستکردنی بڕیاری سیاسی ئێستاش لە هەرێمی کوردستان کاراکتەری نێچیرڤان بارزانی لە نێوان هەرێم و عێراق دا، لە نێوان هەرێم و ئێران دا، لە نێوان هەرێم وتورکیادا دەستەبەری پاراستنى باڵانسى هێز و رێبازی ڕەفتارە سیاسییەکانە بەناوی هەرێمی کوردستانەوە.
ئەم ناوچەیە سێ گرنگی ستراتیجی بۆ فەڕەنساو سەرۆک ماکرۆن هەیە:
یەک/ هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان دیوارێکی ئەمنی گەورەیە بۆ ئەوروپا بە گشتی. بۆ ئەوەی تیرۆر نەگاتە ئەوروپا، بۆ ئەوەی ملیۆنەها پەنابەرو کۆچبەر ڕوونەکەنە ئەوروپا، پێویستە ئەم ناوچەیە لەلایەن فەڕەنساوە بەرز بنرخێنرێت و پاڵپشتی بکرێت. سوریا هەر لەسایکس بیکۆ وە بەر فەڕەنسا کەوت، هەر لەسەردەمی بەهاری عەرەبییەوە فه‌ڕه‌نسا وەکو واریسێکی شەرعی ئەو ناوچەیە دەرئەکەوێت،هەرێمی کوردستان تاکە کۆریدۆر و ڕێگەیەکی ووشکانی ئارامە بۆ ڕەوانەکردنی هاوکاری لۆجیستی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان.

دووەم/ لە ڕووی کاتەوە، کشانەوەی هێزەکانی ناتۆ و ئەمریکا لە ئەفگانستان دووکەڵێکی گەورەی هەیە کەواتە ئاگرەکە گەورەیە، بۆیە ناخوازنهەمان ئەزموون لە عێراقیش دووبارە ببێتەوە.

سێهەم/ لە ڕوو ئابورییەوە، نەوت و گاز و کارەبا لە ئەولەویاتەکانی فەڕەنسان، فەڕەنسا ئەزمونی (١٠٠) ساڵی لە دەرهێنان و بەرهەمهێنانینەوت لە عێراقدا هەیە لە (١٩٢٠) ەوە. ئێران و فەڕەنسا پەیوەندییەکی دێرین و کلاسیکیان هەبو، ماوەیەکی کەم نییە فەڕەنسا بەدوای ناوچەیەکی نەوتاویدا ئەگەڕێت بۆ ئەلتەرناتیڤی ئێران.
به‌ گشتى، كۆنفڕانسه‌كه‌ى عێراق سوودەکانی بەگەرووی هەرێمی کوردستاندا ئەچنە خوار، چونکە هەرێم توانى پرسی بۆمباران و دەستوەردانەکانی تورکیاو هێرشی میلیشیاکان بۆ سەر هەولێر بکاتە بابەتی حکومەتی عێراق لە لوتکەیەکی وەهادا.. جگە لەهه‌موو ئه‌مانه‌، دوای هاتنی داعش هێلی بۆڕی کەرکوک-جەیهان تەقێندراوەتەوە، نەوتی کەرکوک لە (٥ی ئازاری ٢٠١٤) ەوە هەتا ئێستاکە بە هێڵی بۆڕی کوردستان دا ئەڕوات بۆ تورکیا بێ ئەوەی بەغدا گومرکی بۆڕییەکە بدات!. بۆیە لە ڕووی ئاسایش و ئابورییەوە ئەبێت حکومەتی بەغداو کۆمەڵگەی جیهانی ئاگاداری هەرێمی کوردستان بن لە بەردەم هەر هەڕەشەیەکی نەخوازراودا. چونكه‌ (٤٠%) ى نه‌وتى توركیا عێراق دابینى ئه‌كات. عێراق (٨%) ى نه‌وتى فه‌ڕه‌نساش دابین ئه‌كات.
لەم چوارچیوەیەدا، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا سەردانی هەرێمی کوردستان ئەکات، ئەمە یەکەم سەردانی سەرۆک ماکرۆن ە بۆ کوردستان. ڕووداوێكى گرنگه‌، هەروەک  سەرۆکی پێشووتریش “ فرانسوا هوڵاند” لە (١٢ ی سێپتەمبەری ٢٠١٤) دا سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد.
ئەم سەردانەی سەرۆک ماکرۆن بۆ هەرێمی کوردستان ڕووداوێکی دیبلۆماسیی گەورەو فرە ماناو فرەڕەهەندە. لەهەرکوێیەکیەوە تەتەڵەی بکەیت جێی بایەخە.

هەرێمی کوردستان و ستراتیجی ناوەند مەودای فەڕەنسا

فەڕەنسا دایکی هزری ستراتیجی شەراکەتەکانە لە دەریای سپی ناوەڕاست (مێدیتریانە). دەریای ناوەڕاست لە ڕووی جیۆپۆڵەتیکیەوە خاڵی بەریەککەوتنی سێ کیشوەری ئاسیاو ئەفریکاو ئەوروپایە. لە تونس و لیبیاو میسرەوە تا ئەگاتە سوریا ئەکەونە سەر دەریای سپی و هەموو ئەوووڵاتانەش شوێن دەستی فەڕەنسایان پێوە دیارەو فەڕەنسا حوکمی تیاکردون. فەرەنسا خۆی ئەکەوێتە سەر دەریای سپی و لە ڕووی سەربازیی و دەریاوانییەوە نەیهێشت تورکیا ئەرکەکانی لە لیبیا تەواو بکات، نەیهێشت تورکیا ببێتە هەڕەشە لەسەر دوورگەکانی یۆنان وقوبرس. هه‌روه‌ها لە سەرەتای (جانیوەری ٢٠٢٠) ه‌وه‌ بە درێژایی (١٩٠٠کم) هێڵی بۆڕی گاز کەوتۆتە کارو لە قوبرس و ئیسرائیلەوە بەرەو دوورگەی کریت- Crete ی یۆنان. ئەم گازە لە ژێر ئاودا دەرئەهێنرێت و دوورییەکەی لە باکوری سوریا (ناوچە کوردییەکانەوە کە پڕن لە گاز و نەوت) تەنها(١٥٠) کیلۆمەترە. هەرچی هەرێمی کوردستانیشە وه‌ك كوتله‌یه‌كى گرنگى خاوه‌ن گازى سروشتى پێویستە خۆی ئامادە بکات ببێتە بەشێک لەم هاوپەیمانێتیە ستراتیجییەی ووزە لەڕۆژهەڵاتی دەریای سپی. لەبەر ئەم هۆکارە سەرەکییەش بو کە سەرۆک کۆماری تورکیا “ ئەردۆگان” لە کۆنفڕانسەکەی (٢٨ی ئۆگەستی٢٠٢١) عێراق بەشداری نەکرد. ئەگەرچی ئەم کۆنفڕانسە هیچ ئەنجامێکی ئەوتۆی بۆ عێراق نەبو و نابێت.
گۆڕانکارییە جیهانییەکان هێواش- هێواش دەستییان پێکرد، فەڕەنساش بە شێوەیەکی بەهێزتر لە ئەوروپا، لە دەریای سپی وە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ پێگەی خۆی ئەڕوانێت، هەرێمی کوردستانیش وێڕای مەترسییە نێوخۆیی و نێوچەییەکان، کورسییەکی لە شەمەندەنەفەرەکەدا مسۆگەرە.

سەرئەنجام
هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی ئارامە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، فەڕەنساش ساڵانێکە بەدوای جێگە پێیەکی بەهێز لەم ناوچەیە ئەگەڕێت. ئەوانەی لە کۆنفڕانسەکەی عێراق ئامادەبون بۆ کاری خۆیان ئامادە بون نەک بۆ ئاسانکردنی کاری عێراق، میسرو ئوردون نەوت و گازیعێراق بە نرخی زۆر هەرزان ئەدرێتێ، لوتکەیەکیان لە عێراق هەیە بەناوی “ شامی نوێ” کە عێراق قازانجی ئەوتۆی لەسەر ناکات.
دەردی عێراق لەوە گرانترە ئەم کۆنفڕانسانە چارەسەری بکەن، دۆخی عێراق بڕ ناکاتە هەڵبژاردن یان دوای هەڵبژاردن لە ساڵی (٢٠٢٢) داو،بەشێوەیەکی مەترسیدار ئەتەقێتەوە. کشانەوەی پتری ئەمریکا لە عێراق، زیاتر بونی قەیرانەکان، هەڵ نەگرتنی بەرپرسیارێتی، بڵاوبونەوەیپتری پەتای کۆرۆنا، زیادبونی جموجوڵەکانی داعش، ململانێی سیاسیی کاراکتەرە دەستەڵاتدارەکان و دەستوەردانی پتری ئێران دۆخیعێراق ئەگەیەنێتە حاڵەتی توندوتیژیی لە نێوان حکومەت و نا-حکومەت(میلیشیاکان) دا.

*بەهرۆز جەعفەر/ دکتۆرا لە ئابوریی سیاسیی هایدرۆکاربۆن، بەڕێوەبەری پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی.

نوێترین نوسینەکانی بەهرۆز جەعفەر

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌