ژێر هێڵی هەژاری و ژێر هێڵی نەزانین ..

وتار/ 16/04/2021 1159 جار بینراوە

عومه‌ر مسته‌فا

ژێر هێڵی هەژاری و ژێر هێڵی نەزانین ..

عمر مصطفى محمد/ مامۆستای زانکۆ
چەمکی هەژاری چەمکێکی ئابورى کۆمەڵایەتیە، زۆر جار لە لایەن ئابورى ناسەکان و هەندێ جاریش لە لایەن کۆمەڵناسەکانەوە شیکردنەوەى بۆ دەکرێت . هەژاری چەمکێکی فرە ڕەهەندە دەتوانرێت لە چەندین ڕوانگەی جیاوازەوە شرۆڤەى بابەتەکە بکرێت .
هەژاریی یان نەداری یان نەبونی بە حاڵەتێک یان بارودۆخێکی کەسێک یان خێزانێک یان کۆمەڵگایەک دەوترێت کە لە بوارێکی دیاریکراو لە ماوەیەکى زەمەنی دیاریکراودا نەتوانێت پێداویستیە سەرەکیەکی و سەرەتایەکانی ژیانی پڕبکاتەوە .
ئەگەر لە ڕوانگەى ئابوریەوە لە هەژاری بڕوانین دەتوانین بڵێن هەژاری بریتیە لە نەبونی توانای پڕکردنەوەى پێداویستە مادیە سەتایەکانى ژیانی  تاکێک یان خێزانێک بەتایبەت ( خواردن و خوارنەوە و جل وبەرگ و شوێنی نیشتەجێ بون و چارەسەرى تەندروستى ... )  .
هەرەها بەپێی پێوەرەکان و پێناسەى بانکی نێودەوڵەتی وڵاتە هەژارەکان ئەو وڵاتانەن کە داهاتی ساڵانەى تاکێک لە ( 600) دۆلاری ئەمریکی کەمتر بێت ، ژمارەى ئەو وڵاتانەش ٤٥ وڵاتە بەڵام ئەوەى لێرەشدا جێگای سەرنج و تێڕامانە ئەوەیە کە لە ٤٥% هەژارەکانی جیهان دەکەونە وڵاتە دەوڵەمەندەکان و وڵاتە پێشکەوتوەکانەوە ، بۆ نمونە لە ١٥% هاوڵاتیانی ئەمریکا بە هەژار دادەنرێن .
بەڵام سەبارەت بە بابەتی ژێرهێڵی هەژاری و ئەوانەى دەکەونە ژێر هێڵی هەژاری ، بە پێی پێوەرەکانی بانکی نێودەوڵەتی هەر کەسێک داهاتی ڕۆژانەى کەمتر بێت لە (٢) دۆلاری ئەمریکی ئەوا بە کەسێک دادەنرێت کە لە ژێر هێڵی هەژاریەوە بێت ، هەرچەندە ئەم بڕە پارەیەش بەهاکەى لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر دەگۆڕێت .
لێرەوە سەرنجتان ڕادەکێشین بۆ چەمکێکی تر کە هاوشانی چەمکی هەژاری و ژێر هێڵی هەژاری ئەویش چەمکی ژێر هڵێی نەزانین و تێگەیشتن و ڕۆشنیریە ، هەرچەندە بەپێی ئەنجامی زۆربەی توێژنەوە ئابوری و کۆمەڵایەتیەکان یەکیک لە هۆکارە سەرەکیەکانی ئەو کۆمەڵگایانە و ئەو وڵاتانەى کە هەژارن و دەکەونە ژێر هێڵی هەژاریەوە هۆکارەکەى ئەوەیە ئەوانەى سەرکردەو بەڕێوەبەرى ئەو کۆمەڵگایانەن لە ڕوى زانست و زانین و ڕۆشنبیریەوە هەژارن لەبەر ئەوەى بەپێ ئەنجامی زۆربەى توێژینەوەکان سەرەکیترین هۆکاری هەژاری نەزانینە .
سەبارەت بە زانست و زانین و ڕۆشنبیرى و پێشکەوتنی تاکێک یان کۆمەڵگایەک چەندین پێوەری جیاواز هەیە بەهەمان شێوەى هەژاری و ژێر هێڵی هەژاری .
لە مانا گشتیەکى و لە وێنەگشتیەکەیدا دەتوانین بڵێن ڕۆشنیر بون و شارستانی بونی کۆمەڵگایەک  پەیوەستە بە ئاستى زانست و زانیاری و بەها کۆمەڵایەتی و بەها مرۆییەکان و تێڕوانینی تاکەکان بۆ خۆیان و چواردەوریان و سروشت و گەردون .
هەرچەندە زۆر جار پێوەرەکان پێوەرى چەندین کە بە ژمارەى کتێبە چاپکراوەکان و ژمارەى کتێب خوێندنەوە و ژمارەى توێژینەوەکان ئاستى زانست و زانیارى و ڕۆشنبیری کۆمەڵگایەک دەپێورێت و بڕیاری لەسەر دەدرێت ، بەڵام لە ڕاستیدا پێوەرە ناچەندێتێکان و پێوەرە مەعنەویەکان زیاتر بڕیار لەسەر رؤشنبیر بون بە ئاگابونی کۆمەڵگایەک دەدەن بۆ نمونە ( ڕێزگرتنی مرۆڤ و تێڕوانین بۆ زانست و فێربون و تێڕوانی بۆ بەرامبەرکەى ... ) .
لێرەدا چەندین دیاردە و ئاکار و ڕەفتار هەیە کە زۆربەمان ڕۆژانە دەینوێنین کە ئاماژەن بۆ ئەوەى کە ئێمە هەژارین یان هێشتا لە ژێر هێڵی هەژاری زانست و زانین و ڕۆشنبیریەوەین ، لێرەدا ئاماژە بە چەند دانەیەک دەکەین کە دڵنیام ئێوەش چەندین دیاردەی تر بە هەژاری نەزانین دادەنێن :-
1-   بێ بەها کردنی لایەنی بەرامبەر و گرنگی نەدان بە تایبەتمەندیەکانی لایەنی بەرامبەر لە ڕوی بیروبۆچون و شێوازی ژیانیان بەشێکە لە هەژاری نەزانین .
2-   نەپاراستنی ژینگە و فڕێدانی پاشماوەى خواردن لە ئوتومێی گرانبەهاوە یان گەر پێمان وابێت کە پاکرنەوەى ژینگە تەنها کاری ژینگە پارێزەکانە ئەوا جۆرێکە لە هەژاری نەزانین و بیرکردنەوە .
3-   کاتێک کە بڕێک پارەى زۆر بۆ ڕازاندنەوەى ڕوکشمان تەرخان دەکەین بەڵام ئامادەنین نیوەى ئەو بڕە تەرخان بکەین بۆ پەرەپێدانی زانست و زانیاری و تواناکانمان ئەوا بەشێکین لە هەژاری نەزانین .
4-   کاتێک ئامادەنین نیوەى تێچونی خوانێک یان نیوەی تێچونی جل وبەرگمان بۆ کڕینی کتێب تەرخان بکەین ئەوا بە جۆرێک لە جۆرەکان هەژارین ..
5-   کاتێک بە بەردەوامی لە ڕابردودا دەژین و هەڵەکانمان دوبارە و چەندبارە دەکەینەوە و پلانێکمان بۆ ئایندەى خۆمان نەوەکانمان نیە بەشێکین لە هەژاری نەزانین.
6-   کاتێک کاراکتەرێکی سیاسی یان کۆمەڵایەتی یان ئاینی زۆر بە ئاسانی گەرممان دەکات و بارمان دەکات بە تێڕوانینەکانی بە بێ ئەوەی لێی وردبینەوە ئەوەش بەشێکە لە هەژاری نەزانین .
دڵنیام ئێوەش چەندین خاڵ و تێبینی تر هزر و  خەیاڵی داگیر کردون کە دەتوانین بڵێن بەشێکن لە هەژاری نەزانین کە ئەگەر باشیان بکەین و پەرەیان پێبدەین گاریگەریان دەبێت لە ڕزگاربونمان لە هەموو جۆرە جیاوازەکانی هەژاری .

نوێترین نوسینەکانی عومه‌ر مسته‌فا

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌