هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی نرخی مریشك

وتار/ 10/04/2021 661 جار بینراوە

بەختیار عومه‌ر

هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی نرخی مریشك

بەختیار عومه‌ر   *
چەند ڕۆژێكە، نرخی مریشك، بەشێوەیەكی بەرچاو لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندا بەرزبووەتەوە، بەشێوەك كە نرخی یەك كیلۆ لە (2500)دینارەوە بۆ (3750)دینار بەرزبووەتەوە.
ئەم بەرزبوونەوە ناسرووشتییە، وایكردووە هاووڵاتیان نیگەران بن لەم دۆخە، هەرچەندە بە گوێرەی لێدوانی لایەنە پەیوەندیدارەكانی وەك وەزارەتی كشتوكاڵ و لیژنەكانی قائمقامیەتی شارەكان، ئەمە دۆخێكی كاتییە و تێپەڕ دەبێت و شیاوی چارەسەرە.
ئاشكرایە، كە گۆشتی مریشك، یەكێكە لەو ژەمەخۆراكییە گرنگ و بەتام وچێژەی كەلە لایەن خەڵكی و ڕێستۆرانتەكان و چێشخانەكان، بەكارهێنەرێكی زۆری هەیە، بێگومان بەرزبونەوەی نرخەكەشی، كاردەكاتە سەرڕێژەی بەكارهێنانی بەشێوەیەكی كەمتر بەتایبەت لەلایەن خێزانەكانەوە، بۆیە لێرەدا، پێویستە هەڵوێستەیەك بكەین، لەسەر هۆكارەكانی پشت بەرزبوونەوەی ئەم ژەمە خۆراكییە.

كۆمەڵێك هۆكار هەن، كەكاریان كردوەتەسەر ئەم بەرزبوونەوەی نرخە :
1_ هۆكاری دەرەكی: بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار، كەكاری كردوەتەسەر نرخی مریشكی هاوردەكراو، بەمەش مریشكی بەستوو، كەمتر دەهێنرێتە كوردستان، بەهۆی گرانبونی نرخەكەی، كە ئەمەش كاردەكاتەسەر بەرزبوونەوەی نرخی مریشكی ناوخۆی كوردستان، هەروەها قەدەغەكردنی بەرهەمی مریشكی، چەند وڵاتێكیش بەهەمان شێوە كاریگەری هەیە.
2_ هۆكارە ناوخۆییەكان:
1_ گرانبوونی پێداویستییەكانی كەرەسەی بەخێوكردنی جووجەڵە، بووەتەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی مریشك.
2_ بە گوێرەی ووتەی بەرپرسان، پێشتر جووجەڵە، بەشێوەیەكی ئاسان، دەست خاوەن كێلگەپەلەوەرییەكان دەكەوت، بەڵام ئێستا بەو ئاسانییە دەستناكەوێت، چونكە پێشتر نرخی جووجەڵەیەك بە (30) سەنت بوو، كەچی ئێستا بە (80) سەنتە، ئەمەش وایكردووە نرخی مریشك بەرزببێتەوە.
3_ هۆكارێكی تر ئەوەیە، كەجووجەڵە كەمە لەم ماوەیەدا، كەبە گوێرەی لێدوانی هەندێ لەخاوەن كێڵگەپەلەوەرییەكان، تەمەنی جووجەڵەكان، تاڕێكەوتی(30) ئازار، نزیك (15) ڕۆژبووە، ئەمەش وادەكات ڕێژەی مریشكی بەردەست و شیاو بۆ خواردن كەم بێت و نرخەكەشی بەرزببێتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە بەگوێرەی ئامارەكان (1626) كێڵگەی پەلەوەری لە كوردستاندا مۆڵەتیان وەرگرتووە،  (500) كێڵگەشی بێ مۆڵەتن و (12) پرۆژەی مریشكی هێلكە خواردن هەن، هەروەها (18) پرۆژەی جووجەڵەی دایكانەش، بوونیان هەیە لە كوردستاندا.
4_ بە پێی ووتەی خاوەن كێڵگەكان، بەشێوەیەكی گشتی و خاڵی سەرەكی پشت ئەم گرانبوونی نرخە، بریتییە لەبوونی خواست، لەسەر مریشكی (1.5) كگم لەلایەن كڕیارانی ناوەڕاست و باشوری عێراقەوە، كەبەڕێژەیەكی بەرچاو خواستی لەسەرەو و لەو كێشە زیاتریان ناوێت، ئەم داواكارییەش وایكردووە، پێش گەیشتنی وادەی مریشكی تەواو پێگەشتوو، بەپەنجا ڕۆژ كە كێشی نزیك (2.5 بۆ 3) كگم دەبێتەوە بفرۆشرێت بە بازرگانانی ناوەڕاست و باشور، ئەمەش دیسان وادەكات كەڕێژەی مریشكی بەردەستی پێگەشتوو، كەم ببێتەوەو ببێتەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەكەی.
5_ وەرزەكانیش هۆكارێكی تری ئەم بەرزبوونەوەن، بەتایبەت لە زستاندا كە بەخێوكردن وڕاگیركردنیان زەحمەتتر دەبێت، بەهۆی دابەزینی پلەكانی گەرماوە، بەمەش بەخێوكردنیان كەمتردەبێتەوەو مریشكی بەردەستیش كەم دەبێتەوەو نرخی گرانتر دەبێت.
هیوادارین، لەپێش هاتنی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، نرخی مریشك ئاسایی بكرێتەوە بۆ ئاستێك، كەهاوڵاتیان توانای دابینكردنیان هەبێت.

*ئابووریناس

نوێترین نوسینەکانی بەختیار عومه‌ر

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌