کچە مۆدێل

وتار/ 10/02/2021 1303 جار بینراوە

هێمن بابان

کچە مۆدێل

هێمن بابان
ماوەیەکە، دەرکەوتنی کچە مۆدێلەکانی نیشتەجێبووی هەرێمی کوردستان لە سۆشیال میدیاکان زەقبووەتەوە و لێکدانەوە و پێناسەی جۆراوجۆری بۆ دەکرێت، هەندێک پێیان وایە ئەمە ئازادییە و پەیڕەوکردنی بنەماکانی مافی مرۆڤە و، هەندێکی دیکەیش پێیان وایە ئەمە بەڕەڵاییە و تێکدانی شیرازەی خێزانە لە کۆمەڵگدا.
رەنگە من لەگەڵ نیوەی بۆچوونی دووهەمدا هەبم، بەڵام نەک بەو شێوەیەی کە بچێتە خانەی بەڕەڵایی بەڵکو پێموایە بەشێکی زۆری کچە بەناو مۆدێلەکان بەشێوەی بەرنامە بۆ داڕێژراو دەنێردرێنە نێو کۆمەڵگا و تا ئێستاش توانیوویانە لە رێگای ئەو بەرنامەیەوە، ئامانجەکانییان بپێکن.
پێش هەموو شت هیچ کام لە کچە مۆدێلەکان، مەرجەکانی بوون بە کچە مۆدێلیان تێدانیە چونکە سەراپای جەستەیان بە فیلەر، بۆتۆکس و سلیکۆن تەنیووە، دوای ئەوەش هیچکام لەو کچە بەناو مۆدێلانە هیچ سوودێکیان بۆ کۆمەڵگا نەبووە و نابێت جگە لە بە لاڕێدابردنی بەشێکی هەرزەکار و گەنجەکانمان.
بەشێکی زۆر لەو کچە مۆدێلانە خەڵکی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن، بەڵام لە هەرێمی کوردستان و لە شاری هەولێر نیشتەجێن و جگە لە بوونی ئارایشگا و سەنتەرەکانی جوانکاری، هاوکات بەکاری بزنسەوەش خەریکن کە سەرچاوەی داهاتەکانییان نادیارە و، لەپڕێکا دەبنە خاوەنی ئۆتۆمبێلی گرانبەها و پارەی زەبەلاح و لە رێگای نیشاندانی ئەم ئۆتۆمبێل و خۆشگوزەرانییەی کە گوایا تێیکەوتووە، سەرنجی گەنج و لاوی کۆمەڵگا بۆلای خۆیان رادەکێشن بە جۆرێکی وا کە گەنج هەوڵبدات چاو لەو کچە مۆدێلانە بکات بە ئامانجی خۆشگوزەرانیی و دەوڵەمەندبوون و لە ئەنجامیشدا دەیان کێشەی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و یاسایی لێدەکەوێتەوە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان له‌ سه‌نته‌ری شاری هه‌ولێر هەزار ئارایشتگای فەرمیی هەیە و، چوار سه‌د ئارایشتگای نافه‌رمییش هەیە کە لە نێو ماڵەکان کراونەتەوە، کە كۆی گشتی نزیكه‌ی هه‌زار و ٥٠٠ ئارایشتگا بۆ شارێكی یه‌ك ملیۆن و نیو كه‌سی كه‌ كۆی گشتی ٢٠٠ هه‌زار ئافره‌تی تێدایه‌، پێویستی ئه‌و ژماره‌ ئارایشتگایه‌ له‌ چییه‌ و ئامانجی پشت پەردە چییە؟
بەشێک لەو کچە بەناو مۆدێلانە لە وڵاتانی ئەورووپا و وڵاتانی دیکەوە نیشتەجێن و نێردراونەتە هەرێمی کوردستان و لێرە نیشتەجێن لە کاتێکا هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی خراپی ئابوورییدایە و هاتنەوەی ئەم کچە بەناو مۆدێلانە یاخود باشتر بڵێین ناردنی ئەو هەموو کچە بەناو مۆدێلانە بۆ تێکدانی شیرازەی خێزانە لە کۆمەڵگا و هاوکات بەلاڕێدابردنی گەنجەکان و بەرزبوونەوەی رێژەی تاوانیشە. لە هەمانکاتدا ئامانج لێی بەرزبوونەوەی دەنگی ناڕازیی گەنجەکانە و دواجار ئەمە فشار لەسەر کۆمەڵگا و حکوومەتیش دروست دەکات.
لەوەتەی ئەم کچە بەناو مۆدێلانە هاتوونەتە نێو میدیای کوردی، رێژەی تەڵاق بە جۆرێک بەرزبووەتەوە هیچ کات ئەو ژمارەیە لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان بوونی نەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا، له‌ ساڵی ٢٠١٢ ته‌نیا ١٤ كه‌س به‌هۆی به‌كارهێنانی مادده‌ی هۆشبه‌ر له‌ گرتووخانه‌ی گه‌ورانی هەولێر (سجنی محه‌ته‌) هەبوون، به‌ڵام ئایا ئێستا ژماره‌ی گیراوانی مادده‌ی هۆشبه‌ر چه‌نده‌؟، هەمووشمان دەزانین هۆکارەکەی بۆچی دەگەرێتەوە، بێگومان بەشێکە لەو پلانەی بۆ تێکدانی کۆمەڵگای کوردی و بەتایبەت بۆ هەولێر دانراوە، زیندووترین بەڵگەش دەستەبەرداگرتنی ماددەی هۆشبەرە لە دەروازەی حاجی ئۆمەران بەشێوەیەکی هەفتانە و بگرە زیاتریش.
دەبێت ئەوەش بگوترێت، هەرچەندجاری کێشەیەک رووبەڕووی کچە مۆدێلێک دەبێتەوە، هەر لەچوارچێوەی ئەو پلانەی کە دانراوە، سەدان قەلەم دەبنە پارێزەر و بابەتەکە وا دەورووژێنن وەک بڵێی ژنان و کچانی کورد لە سەد ساڵی رابردوودا هاوشێوەی ئاژەڵ ژیاون و نەیانتوانیووە رۆڵی خۆیان هەبێت لە کۆمەلگادا و مومارەسەی ژنبوونی خۆیانییان نەکردووە و، ئێستا کچە مۆدێلێک دەیەوێت وەک ژن بژیێت بەڵام یاسا و کۆمەڵگا لێیناگەڕێت.
بۆیە پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک لە رێگای وەزارەتەکانی ناوخۆ، رۆشنبیری، گواستنەوە و گەیاندن و داوکاری گشتی بە توندی بێنە سەر هێڵ و رێ لەم پلانە بگیرێت کە رووبەڕووی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵگای کوردی بووەتەوە کە خەریکە گەنجەکان بەلاڕێدا دەبردرێت.

نوێترین نوسینەکانی هێمن بابان

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌