هەبوونی پەکەکە لە کوردستان چ گرنگیەکی هەیە؟

وتار/ 23/01/2021 677 جار بینراوە

بەرهەم جەزا

هەبوونی پەکەکە لە کوردستان چ گرنگیەکی هەیە؟

نوسینی: بەرهەم جەزا
سەرەتای دامەزاندنی پارتی کرێکرانی کوردستان (پەکەکە) دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژی ٢٧/١١/١٩٧٨ لە گوندی فیسی سەر بە قەزای لیجە لە پارێزگای ئامەد لە باکوری کوردستان یەکەم کۆنگرەی خۆی بە بەشداریی ٢٣ کەس بەست و سەرھەڵدانی خۆی ڕاگەیاند.

دانانی ناوی پەکەکە بۆ ئەو حزبە تازە دامەزراوە لەلایەن ئەندامێکی کۆنگرەی یەکەمی پەکەکە بە ناوی فەرھاد کورتای پێشنیاز کراوە و لەو کۆنگرەیەدا پەسەندکرا.

پێش دامەزراندنی پەکەکە، ئەندامان و لایەنگرەکانی ئەو حزبە، بەناوی ئاپۆچییەوە کارو چالاکییان بەڕێوە دەبرد. یەکەم دەستەی ئەو کەسانەی پێیان دەوترا ئاپۆچی لە ساڵی ١٩٧٤ دا لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا وەک گروپێکی فیکری و ئایدۆلۆژی سەر بە سەرۆکایەتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەستیان بەکار کرد.

لە ساڵی1977 دا ئەو گروپە سەرەتاییەی پەکەکە بڕیاریدا بۆ درێژەدان بەکارو چالاکییەکانی بگەڕێتەوە بۆ باکووری کوردستان، ساڵێک لە دوای گەڕانەوەیان بۆ باکوروی کوردستان بە بەشداریی ٢٣ کەس یەکەم کۆنگرەیان بەست، لەو کۆنگرەیەدا حەوت کەس بۆ دەستەی بەڕێوەبەری پەکەکە ھەڵبژێردران.

یەکەم پێکدادانە سەربازییەکانی پەکەکە لەناوچەی حیلوان - سیڤەرەک لە پارێزگای ڕحا (ئورفا) لە نێوان ئاپۆچییەکان و چەکدارە عەشیرەییەکاندا ڕوویدا و ئەو دۆخە بەردەوامە هەتا ئێستا کە تورکیا ئۆپەراسیۆنی تایبەتی بۆ ئەنجام دەدات.

بارەگای سەرەکیی ئێستای سەرکردایەتی پەکەکە لە زنجیرە چیاکانی قەندیلە و ئەو ناوچانەی لە ژێر دەسەڵاتی پەکەکەدان و لەلایەن پەکەکەوە بە ناوچەکانی پاراستنی میدیا دەناسرێن و ڕووبەری ئەو ناوچانەش زیاتر لە 20 ھەزار کیلۆمەتر چوار گۆشە دەبێت.
ئەو ناوچانە ناوچەی شاخاوی و سەختن لە سنوورە ھاوبەشەکانی نێوان باکوور و باشوور و ڕۆژھەڵاتی کوردستاندان.

ھەرچەند ھێزی سەربازی پەکەکە و ژمارەیان بە تەواوەتی ڕوون نییە، بەڵام مەزەندە دەکرێت پەکەکە زیاتر لە ١٤ ھەزار گەریلای لە شاخدا ھەبێت، کە لە چوارچێوەی ھێزەکانی پاراستنی گەل (ھەپەگە) دا ڕێکخراون.

هەرچەندە داهاتی پەکەکە بە تەواوی ڕوون نیە بەڵام بودجەی ساڵانەی پەکەکە بە ١٥٦ میلیۆن دۆلاری ئەمریکی دەخەمڵێنرێت و سەرچاوەی داھاتەکەی خۆی لە کۆمەکە داراییەکانی دەوڵەمەندە کوردەکانی باکووری کوردستان دەبینێتەوە ھەروەھا یارمەتی کوردی پارچەکانی تر و ھەروەھا لە ڕێگەی بڵاوکراوە و بازرگانی ڕێپێدراوی پەکەکە و ھەروەھا، پارتی کرێکارانی کوردستان، لە ناوخۆی تورکیاو لە وڵاتانی ئەورووپا چەندین سەرچاوەی داھاتییان ھەیە وەک کۆمپانیای بچووک و گەورە کە لەلایەن ئەندامان ولایەنگرانی ئەو پارتەوە بەڕێوە دەچێ وداھاتەکانیان بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەچێتە خزمەت پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە).

گرنگی هەبوونی پەکەکە لە کوردستاندا ڕوون و ئاشکرا نیە بەو پێیەی پارتی دژایەتی خۆی بەرامبەر ڕاگەیاندووە هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز دەکات بەرامبەری و تورکیاش هەر ڕۆژە و بەبیانویەکەو بۆردومانی ناوچە سنوریەکانی هەرێمی کوردستان دەکات کە تێیدا هاوڵاتی سڤیل دەبێتە قوربانی ناکۆکیەکانی پەکەکە و تورکیا.

لەمەوە بۆمان دەردەکەوێت کە دروست بوونی پەکەکە بە پلان و سیاسەتی تورکیا بووە بەو پێیەی تورکیا دوژمنی سەرەکی کوردە و دروستکردنی هێزێکی وا ڕێخۆشکەر دەبێت بۆ تورکیا بۆ ئەوەی زیاتر خاکی کوردستان ببەزێنێ و گورزی سەربازی لە دژی کوردستان بوەشێنێت و دەستوەردان بکات لە نێوخۆی ووڵاتدا لە دواین ڕاگەیەندراویشدا هەڕەشەی هاتنە ناوەوە بۆ شەنگال و دەرکردنی پەکەکە دەکات لەو ناوچەیە.

دەبێت لەمەو دوا کورد لەوە تێبگات کە دروستکردنی هێز لەدەرەوەی کوردستان و هاتنە ناوەوەی هەمان هێزی دروستکراو بۆ دژایەتی ووڵاتێکی زلهێز نەک هیچ سود و قانجازێک ناگەیەنێت بەڵکوو هاوڵاتی بەش مەینەتی کوردستان ڕوبەڕوی بۆردومان و پێکدادان دەبێتەوە دەبێتە قوربانی ململانێ سیاسەکان و بردنی خێر و بێری کوردستان.

نوێترین نوسینەکانی بەرهەم جەزا

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌