بە بۆنەی هاتنەوەی مەکگۆرکەوە... بە یادی ڕیفراندۆم و ١٦ ی ئۆکتۆبەرەوە
وتار/
21/01/2021
512 جار بینراوە
بەهرۆز جەعفەر
بە بۆنەی هاتنەوەی مەکگۆرکەوە... بە یادی ڕیفراندۆم
و ١٦ ی ئۆکتۆبەرەوە
بەهرۆز جەعفەر
بۆ ئەوەی تێکەڵ و پێکەڵی دروست نەبێت، چەند فاکتێک ڕیز ئەکەین؛
یەکەم/ لەبەرئەوەی یەکێتی و پارتی لە هەرێمی کوردستان- عێراق وە خەڵکی کوردستان موراجەعەیەکی زیانەکانی شەڕی
ناوخۆی نەکرد لە نەوەتەکانی ڕابردوو، کە تیایدا سەدان هەزار کورد بونە قوربانی و سەدان
هەزاریش ئاوارەو شاربەدەر بون، کارەساتە نێوخۆییەکان
بە بەردەوامی مانەوەو ڕەنگدانەوەی لە تێگەیشتنی ئەمریکاشدا دروست کرد.
دووەم/ وەکو هنری کیسنجەر لە وەڵامی نامەیەکی مەرحوم « مەلامستەفای بارزانی» دا
کە داوای بە هاناوەچونی ئەمریکای کردبو و گلەیی لە ئەمریکا کردبو لەمەڕ شکستەکەی
ساڵی ١٩٧٥ دا، کیسنجەر ئەڵێت، ئەمریکا ڕێکخراوی خێرخوازیی نییە و سیاسەت و هەواڵگریی
شتێکەو لایەنه ئەخلاقی شتێکی ترە... سیاسەت بەرژەوەندییە، کورد ئەبێت بزانێت چۆن پەیوەندییەکانی
هێز ئەدۆزێتەوە، ستراتیجی بەرانبەرەکانی چییە؟. ئاوەها لەگەڵیان بڕوات. ئەمریکا هێڵی
٣٦ و ناوچەی دژە فڕینی دروست کرد بۆ کورد، ناوچەی دژە فڕین و حکومەت ی هەرێم و پەرلەمانی
کوردستانی دروست کرد، کورد چوو شەڕی ناوخۆی
کرد، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا « کە ئەوکاتیش وەک ئێستا دیموکراتەکان فەرمانڕەوا
بون» هاتنە سەر هێڵ و ئاشتبونەوەی یەکێتی و پارتی و ڕێککەوتنی ستراتیجیان بەرپاکرد.
ئەمریکا سەددام حوسەینی ڕووخاند و فیدراڵیەتی لە دەستوری عێراق دا چەسپاند، هەر تەنانەت دەستورەکەشیان لە ئەمریکا
لەسەردەستی چەند لۆبیست و شارەزای دەستوری وەک « پیتەر گالبرێس - Peter
W. Galabraith» نوسیەوە. کورد بو بە فەرمانڕەوای گەورەو یەکەم لە عێراقدا. لەبری
زەمینە بۆ مافە دەستوریی و نەتەوەییەکانی کوردستان خۆش بکەن، لە کەرکوک و لە بەغدا
دەستییان دا بە گەندەڵی و ڕاوڕووتی و ململانێی حیزبایەتی .
سێهەم/ کە شەڕی داعش دەست پێ ئەکات، لەبری ڕووبەڕووبونەوەی مەترسیی تیرۆر کەچی
یەکێتی و پارتی خەریکی چەلەحانێ کۆنەکەن و وائەزانن زەوی بە دەوری ئەواندا ئەسوڕێتەوە
نەک خۆر، سوور ئەزانن ئەولەویەت و ستراتیجی
ئەمریکا بریتی یە لە جەنگی دژە تیرۆر و لەناوبردنی داعش ، کەچی ئەمان دێن و ئەیانەوێ
یارییەکە لە ئەمریکا تێک بدەن ئەڵێن ئێمە ڕیفراندۆم ئەکەین...!. کە تۆ وەک ستراتیجی
ئەمریکا بیر ناکەیتەوەو لەگەڵ ئەوە ناڕۆیت کە ئەو ئەیەوێ نابێت چاوەڕێی بەهاناوەهاتن
و هاریکاریی ئەمریکا بکەیت کە لێت ئەقەومێت. کە ١٦ ی ئۆکتۆبەر ڕوویدا کورد لە ڕووی
سیاسی و سەربازیی و دارایی و دیبلۆماسییەوە قوفڵ بو. نیوەی خاکەکەشی لە دەستدا. لە
بری موراجەعەیەکی خۆی بکات و دیسکۆرسێکی نوێ دابهێنێت، دەستی داوەتە ئەوەی کە ئەمریکا
خیانەتی لە کورد کردو مەکگۆرگ دژی ڕیفراندۆم بو...ە و.. ئەمریکا متمانەی نییەو... تادوایی..
هەموو دونیا ئەیزانی ١٦ ی ئۆکتۆبەر ڕووئەدا و چاوەروانکراوبو، ئێمە لە « پەیمانگەی
مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی» لە ١١ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ لە هۆتێل ڕامادای
شاری سولەیمانی کۆنفرانسی یەکەمی ووزەی عێراقمان بەڕێوەئەبرد، تەواوی کۆنفڕانسەکە
میوانەکانی کە لە واشنتۆنەوە( بەئۆنلاین) لە بەغداو ئێران و تورکیاوە هاتبون هەموو
باسی هێرشی سەربازییان ئەکرد بۆ سەر کەرکوک و کانە نەوتەکانی.
چوارەم/ ئێستا جارێکی تر دەرفەتی گەورە هاتۆتە پێشەوە، مەکگۆرک بە دەستەڵاتی زیاترەوە
لە کۆشکی سپییەوە دێتەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جۆ- بایدن بوەتە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکان
کە بە میتۆدی بنەڕەتی خۆی زۆر بایەخ بە بەهاکان و بە دیموکراسیەت و بە مافی مرۆڤ و
کەمینەکان ئەدات، هەورەها تێگەیشتنی زۆر باشی بۆ پرسی عێراق و کورد هەیە، لەبری ئەوەی
کورد هەوڵ بدەن یەک خیتابی و سەرکردایەتیەکی مۆدێرن بەرپا بکەن ، لەبری موراجەعەیەکی
دوور لە شەڕە- گەڕەک و حیزب و بێنەوبەرەی پڕوپوچ بکەن و، ناوەوە بینا بکەن و لە دەرەوەش
لەسروشتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان تێ بگەن، کەچی دیسانەوە دەستییان داوەتەوە بەزمە
کۆنەکەو خەریکی گوتاری لابەلاو دوو زۆنی ئەمنی
و سیاسیی و ئیداریی جیاوازن و، بەنیازن دیسانەوە بڵێن ئەمریکا نەهات فریامان بکەوێت!؟
١٦ ی ئۆکتۆبەر شتێکی نامۆ و سەیر نەبو، چاوەروانکراو بو، چونکە
چواردە ساڵ ( ٢٠٠٣ بۆ ٢٠١٧) یەکێتی و پارتی ( بەتایبەت یەکێتی) لە کەرکوکدا ناشرینترین
و خراپترین ڕۆڵیان لە مێژووی عێراقدا گێڕا. شکستی ڕیفراندۆمیش چاوەڕوانکراو بو،
چونکە بە چارەکە سەدەیەک فەرمانڕەوایی نەیانتوانی دەستورێک بۆ کوردستان بنوسنەوەو
سوپایەکی یەکگرتو دروست بکەن.
ئەگەر ویست بۆ دەوڵەتسازیی و بەرز ڕاگرتنی پێگەی کورد هەیە ئەوا بێی بیسمیلاکەی
ئەبێت پێداچونەوەی هەڵەکانی ڕابردوو بێت دوور لەو مێنتاڵیەتەی دوێنی و ئەمرۆ پارتی
و یەکێتی هەیانە.ئەگەر دوێنێ هەر ئەمریکا بو، لە ئێستاوە چین وەک زلهێزێکی نوێ بەرەو
ناوچەکە ئەکشێ ئەبێت لەویش تێ بگەن!.
نوێترین نوسینەکانی بەهرۆز جەعفەر
-
بەهرۆز جەعفەر
17/09/2021
-
بەهرۆز جەعفەر
12/09/2021
-
بەهرۆز جەعفەر
05/09/2021
-
بەهرۆز جەعفەر
29/08/2021
-
بەهرۆز جەعفەر
25/08/2021
-
بەهرۆز جەعفەر
16/08/2021