بۆ هەڤاڵەکانم لە یەکێتی: باش نییە مریشک چاو لە قاز بکات!
وتار/
03/12/2016
1092 جار بینراوە
د. ئەحمەد مەحمود
بۆ هەڤاڵەکانم لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان: باش نییە مریشک چاو لە قاز بکات!
د. ئەحمەد مەحمود
تەمەنی حیزبەکەمان زیاترە لە چل ساڵ، بە درێژای ئەو ماوەیە هەموومان بە یەکەوە کۆشاوین بۆ دوو ئامانجی سەرەکی: بەدیهێنانی دەستکەوتە نەتەوەییەکان، ئامانج و نیشانە و مەبەستی یەکەم و بنەڕەتی بوون لای یەکێتییەکان. هەروەک چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسیەت، رێزگرتن لە بەها باڵاکان ، پاراستنی مافەکانی مرۆڤ ، قوڵکردنەوەی گیانی لێبوردەیی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە، لە سەرووی هەمووشیانەوە دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییە گشیتیەکانی تاک، ئامانجە کار بۆکراوەکانی شۆڕشی نوێ بوون، بە رێبەرایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان. سەندنەوەو گەڕاندنەوەی مافی زەوتکراوی خەڵکی بەشخوراو و بەشمەینەتی ئەم کوردستانە، راستکردنەوەی باری لاری ژێرکەوتوان و بارکەوتوانی ئەم گەلە ستەمدیدە هەمیشە دۆز و مەرامی یەکێتییە تاریک سەوزەکانی دوێنێ بووە.
بەڵام رووداوەکانی کۆتا رۆژی هەفتەی رابردوو لە ناوەڕاستی پایتەختی رۆشنبیری، لە ناو جەرگەی قەڵەمڕەوی یەکێتی ئەماژەو دەرخەری ئەوەن: ئەوانەی ئەمڕۆ سەرپەرشت بڕیار بە دەستن لە ناو یەکێتی ئەگەر چی بە رواڵەت بە سەوزی تۆخ خۆ دەنوێنن، بەڵام لە ناوەڕۆکدا سەوزی ئاماڵ زەردن.
چونکە راوەدونان، گرتن ، کپکردنی دەنگی ناڕازی، خنکاندنی دەنگ و سەدای ئازاد ئەمانە هیچیان بەشێک نین لە شوناس و مێژووی یەکێتی، بەڵکوو ئەمانە و دەیان و سەدانی تر، لە شێوازەکانی سەرکوتکردن و خۆسەپاندن، لە سیما و خەسڵەتەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانن، بۆیە چەندە ئازادی و چەمکەکانی دیموکراسی، بنەماکانی دەوڵەتی مەدەنی زەرەر و زیانیان هەیە پۆ پارتی؟! چەندە ئازادبوونی مرۆڤەکانی ئەو دیوی دێگەڵە بۆ پەز خراپە؟! ئەوەندە و زیاتریش، خۆبواردن لە مافە رەواکانی خەڵک، هەوڵدان بۆ بێ دەنگکردنی شەقام، ماتەدانی ئەم سنورەش بە ئامیانی باراشەکەی پارتی ناوو شورەتی یەکێتیەکان لە کەدار دەکات.
هەڤاڵان: پێویستە پارتی چەندە ملدەدات بۆ سازان و پڕاکتیزەکردنی پڕەنسیپ و هێڵە گشتیەکانی دیموکراسیەت، ئێوەش هەر ئەوەندە پەنا بەرن بۆ شێواز و رێگاکانی دیکتاتۆرەکان، بۆ لە باربردنی ئازادی، چونکە ئەوان خاوەنی ئەزموونێکی ناوازەن لە پارێزگاریکردن لە حیزبەکەی خۆیان، هەرگیزاو هەرگیز کارێک ناکەن بە پێچەوانەی بنەما و یاسا و رێساکانی حیزبیان، باش خۆیان دەناسن، بۆیە سازش لە سەر خاڵە بە هێزەکانیان ناکەن، ئەوان لە ژینگەی ئازاد گەشە ناکەن، هەر بۆیەش لێی دەترسن، لەوێ کەس ئازاد نییە، ئێوەش ئاگاداربن یەکێتیش لە زەلکاوی لێڵ، لەسایەی زووڵم و ستەم و جەور نەک هەر گەشە ناکات بەڵکو دەپووکێت و دەتوێتەوە.
هەڤاڵان ئەوەی ئێوە دەیکەن بۆ سەرپێخستنەوەی ناوەندەکانی خوێندن لەم سنورە، لە رێگای زەبر و زەنگ ناکرێت، ئەمە بە چارەسەر نازانم، بەڵکوو ئەمە چارەی دەردێکیترە کە پارتی گیرۆدەیەتی، دەردی ئێمە دەردێکی ترە ، بۆیە ناشێت هەمان چارەسەری بۆ بکرێت، بە سەرنجێکی هەڤاڵانە لێم وەربگرن، بە کورتی تیشک دەخەمە سەر بەڵاو پەتای سلێمانی، ئەو کات چارەسەرەکە ئاشکراو روون دەبێت.
دەردی یەکێتی و هاو پڕۆژەکانی:
گوتراوە: (دارێک کرمی لە خۆی نەبێت، تەمەنی هەزار ساڵە) هەر وەک مامۆستای موکریانی هەمان واتا دەهۆنێتەوە، دەڵێت: (هەر دارێک کرمی لەناو خۆدایە، دەشکێ و دەکەوێت بە سوکە باێی)
دەردی یەکێتی لێکترازان و پەڕاوێزخستنە، لە ناوخۆمان تەبا نین، هەوڵی دەرپەڕاندنی یەکتر دەدەین، دابەشبووین، بۆیە لاواز و بێ سەنگین، خاوەنی رێباز میتۆدی سیاسی نین، باڵێکی خۆشگوزەران بانگەشەی خاوەنداریەتی هەموو یەکێتی دەکات، ئەوانی تریش بە غەوارە و بێگانە دەداتە قەڵەم.
چارەسەر: تەنها رێگا بۆ چاسەری دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان ئەوەیە یەکێتییەکان بەر لە هەر کەسێک لە خۆیاندا بسازێن، بچارێن بە لێکنانی پێلوی چاوەکان لە ئاست بەرژەوەندی کەسی و خانەوادە. لە هەنگاوی دووەم زۆر بە خێرای رێکەوتنە لەگەڵ هەر رێکخراو و پارتێکیکەی سیاسی کە دژی گەندەڵێ و دژی قۆرخکاری بێت،
دروستکردنی بەرەی دژ بە تاڵانبردنی داهاتی نشتیمانی پێویستیەکی هەنوکەییە. خۆتان سەرڕاستبن لە گەڵ هاوڵاتیان، متمانە دروست بکەن کە ئێوەش وەک پارتی نین، کە ئێستا پێان وایە: کە، ئێوەش لەگەڵ ئەوان هیچ جیاوازێکتان نیە، یان شەریک و هاوبەشن، ئەگەر وانییە! بێ دەنگیتان لە بەرانبەر پارتی ئاماژەیە، بۆچی؟
تەنها وەرن مەردی خوا بن بە بێ خەوش لە گەڵ خەڵکی خۆتان بن ماڵم هەقە مامۆستایان لە رۆژانی
پشوشدا ئامادەن خۆبەخشانە وانە بڵێنەوە، ئەزموونی ساڵانی نەوەتەکان دەریدەخات مامۆستایان و سەرجەم توێژەکانی کۆمەڵگای کوردەواری ئامادەن بۆ قوربانیدان لە پێناو نیشتیمان، بەڵام ئەوکات ئەو پلە بەندیە نەبوو لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگا وەک ئێستا، یەکێ لە ئاسمان، سەدان لە رێسمان، یەکێ پڕ، هەزاران برسی، یەکێ خاوەن زۆری بۆری موفتە، ئەوانی تر هەر گزوفت، بۆیە تا جێبەجێنەکردنی لایەنی کەمی بەشێک لە داوا رەواکانی مامۆستایان و فەرمانبەران قوڕسە بیر لەئاساییکردنەوەی دەوام بکرێتەوە، بە پێچەوانەوە بەکارهێنانی توندوتیژی بۆ هەمان مەبەست بەهەمدار نابێت، بگرە ئاریشەو گرفتی زیاتر بۆ کاربەدەستانی ئەم ناوچەیە دروستدەکات، هەروەک گوتراوە : دۆستی نەزان بەڵای خودایە، ماڵ بە خۆی نەبوو میوانیشی هات، گوتراویشە: خۆی گەلێک جوان بوو خوروکەشی لێهات.
نوێترین نوسینەکانی د. ئەحمەد مەحمود