کاریگەری و سیحری سۆشیال میدیا لەسەر کۆمەڵگا

وتار/ 31/08/2020 3885 جار بینراوە

بڵند هادی

کاریگەری و سیحری سۆشیال میدیا لەسەر کۆمەڵگا

بڵند هادی
ئامێرەکانی پەیوەندی کردن بەگشتی لە جیهاندا بوونەتە ئامرازێکی سەرەکی بۆ بەڕێکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هاوڵاتیان، وەک چۆن هەموو ئامێرێک لەکاتی بە کارهێنانیدا دەتوانین بڵێین لایەنی باش و خراپی هەیە، بۆ ئەپەکانی ناو تۆڕەکۆمەڵاتیەکانیش بەهەمان شێوە لایەنی باشە و خراپەی هەیە. ئەوەی جێگای تێڕامانە لە کوردستان و عێراق بەگشتی بەکارهێنەرێکی زۆری تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان هەن، بەڵام زۆرینە لەبری بۆ چاکەی گیشتی بەکاری بهێنێت، بۆ شێواندنی کۆمەڵگا بەکاری دەهێنێت.
لە هەرێمی کوردستاندا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئامرازێکەوە بۆ خزمەتی گشتی، کراون بە ئامرازێک بۆ خزمەتی چەند گروپێکی دیاریکراو. ئەگەر تۆی خوێنەر بەکارهێنەری تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بیت و خاوەنی هۆشیاریەکی ئاست بەرز بیت هەست بەوە دەکەیت ڕۆژانە چەندین هەواڵی ناڕاست لەچەندین ئەکاونت و پەیجی ساختەوە بڵاودەبنەوە و دەبنە هۆکاری شڵەژانی دەرونت. میدیا لەجیهاندا بە دەسەڵاتی چوارەم ناسراوە، سیحری
میدیا هێندە کاریگەرە لەسەر جوڵاندنی ڕای گشتی، زۆر
جار ڕویداوە بەهۆی میدیاو کاریگەریەکانی لەسەر خەڵک کەسانێک بوون بە دەسەڵاتدار و تا ئەوپەڕی دەسەڵات ڕۆشتوون، لەهەمانکاتیشدا بەهۆی کاریگەری میدیاوە چەندین سەرۆک و دەسەڵاتداری گەورە لەپۆستەکانیان دوور خراونەتەوە و کۆتای بەدەسەڵاتیان هاتوە.

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا کە جیهان بچووک بوەتەوە لەشێوەی گوندێکدا، لەماوەیەکی زۆر کەمدا هەواڵ یان زانیاریەک لەو پەڕی جیهانەوە بۆ ئەمپەڕی جیهان دەگوازرێتەوە و دەگەیەنرێت.
لە زۆربەی شۆڕش یان کودەتا و خۆپیشاندانەکاندا میدیا ئەوپەڕی کاریگەری لەسەر یەکلای کردنەوەی ئەنجامەکان هەبوە و ڕۆڵی سەرەکی هەبوە لەبەلادا خستنی هاوکێشەکاندا.
لەمڕۆدا سۆشیال میدیا کە زۆرترین بەکارهێنی هەیە بەتایبەت تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، کە کەم کەس هەن لەم تۆڕەدا بەشدار نەبووبن یان بەدەگمەن ڕوو دەدات لەخێزانێکدا کەمتر لە بەرکارهێنەرێکی هەبێت، دەکرێت بڵێین تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان هاوشێوەی خوێن تێکەڵ بە جەستەی مرۆڤەکان بون،بە بەردەوامی و لەکەمترین کاتدا لەڕێگەیانەوە ئاگادار دەبین لەهەواڵ و زانیارییەکانی چوار دەورمان.

دەسەڵاتداران گرنگیەکی زۆر بە میدیا و سۆشیال میدیا دەدەن چونکە دەتوانرێت لەڕێگەیانەوە بەکەم ترین تێچوون و لەکەمترین ماوەدا مرۆڤێکی باشی تیا بکەیت بە کەسێکی قێزەون لەکۆمەڵگادا  بە پێچەوانەشەوە مرۆڤێکی خراپ بکەیت بە کەسێکی خاوەن پێگەو خۆشەویست لەناو دڵی خەڵکدا. هەر بۆیە گەورە بەرپرسانی حکومی هەوڵیانداوە هەمیشە تۆڕێکی بەهێزی سۆشیال میدیا بۆ پاراستنی خۆیان و دەسەڵاتیان هەبێت و بەکاری بێنن بۆ برەو دان بەکارەکانیان یان بۆ خستنی نەیارەکانیان.
لەو وڵاتانەی کە بەرپرسانی حوکمێکی خراپ دەکەن بەسەر هاوڵاتیاندا و هاوڵاتی لەمافەکانی خۆی بێبەش دەکەن زۆرترین کار لەسەر ئەم تۆڕە دەکرێت، ئەویش بەمەبەستی بەلاڕێدابردنی خەڵک و لابردنی سەرنجیان لەسەر ڕووداوە  سەرەکیەکان و لەبیر بردنەوەی داوا ڕەواکانی خەڵک لە حکومەت، لەهەمان کاتدا پێڕێک مرۆڤی پۆپۆلیست و بەرژەوەندی خواز هەن کە ئامادەن لەپێناو گەورە کردنی کەسایەتی خۆیاندا سەرجەم کەسایەتیەکانی کۆمەڵگا ڕەش بکەن و هاوڕێ و هاوسەنگەرانی دوێنێی خۆیان بخەنە ناو گێژاوێکی تۆمەت و تەشهیر کردنەوە و ڕەئی خەڵکیان لەسەر خراپ بکەن.

وەک چارەسەریەکی سەرەتای بۆ دەرباز بوون لەداوی دەسەڵاتدارە خراپەکان لەم تۆڕەدا، دەبێ هاوڵاتیان بەو پەڕی وشیاریەوە مامەڵە بکەن و ئەم تۆڕە بەکار بهێنن.پێویستە بەکارهێنەرانی تۆڕەکە بەوریاییەوە ئیشی لەسەر بکەن و پێش بڵاو کردنەوەی هەر بابەتێک کۆمەڵێک پرسیار لەخۆیان بکەن و بزانن بۆچی، لەپێناو چیدا ئەو بابەتە بڵاو دەکەنەوە؟ ئایا ئەوبابەتەی بەکار هێنەر لێی ئەدوێت تا چەند پەیوەندی بەوەوە هەیە؟ ئایا ئەوهەواڵەی بەکارهێنەر بیستویەتی تاچەند ڕاستە و تا چەند سەرچاوەکەی متمانە پێکراوە؟ گەربەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ورد و وریابن لەبەکارهێنانی ئەم تۆڕەدا، ئەستەمە بە ئاسانی بکەونە داوو تەڵەی خراپەکارانی ناو سۆشیال میدیاوە.

نوێترین نوسینەکانی بڵند هادی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌