هەڵسەنگاندێک بۆ پێشنیازە یاسای رێکخستنی میدیایی ئەلکترۆنی لە هەرێم
وتار/
23/08/2020
624 جار بینراوە
ڕێبوار محمد صالح
هەڵسەنگاندێک بۆ پێشنیازە یاسای رێکخستنی میدیایی ئەلکترۆنی
لە هەرێم
لە
ڕۆژگاری ئەمرۆدا میدیایی ئەلکترۆنی و بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵاتیەکان پانتاییەکی
فراوانی لە ژیانی رۆژانەی هەرتاکێکی جیهاندا داگیرکردووە و ئەمەش بەهۆی ئاسانی
دەستگەیشتن بەهەواڵی ویستراو و گەیاندنی
راوبۆچوونە کەسییەکان بە ئەوانی تر، لەم گەشەسەندنە ئەلکترۆنیەدا کۆمەڵگای کوردیش
پشکی گەورەی بەرکەوتووە و تەنانەت زۆربەی خەڵک بەتایبەت گەنجان زۆرینەی کاتەکانیان
بە بەکارهێنانی تۆرەکۆمەڵاتیەکانەوە بەسەردەبەن، ئەمەش هۆکاربووە بۆ گرنگی دانی زیاتری
رۆژنامەنوسان و پسپۆران بۆ خستنەرووی دیدی وبۆچوونەکانیان لەرێگەی میدیای
ئەلکترۆنی و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانەوە.
یاسادانەری
هەرێمی کوردستان بۆ رێکخستنی ئەو بوارانەی سەرەوە هەستا بە خستنەرووی پێشنیازە
یاسای رێکخستنی میدیای ئەلکترۆنی و ئەنجام دانی خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازی
ناوبراو ، ئەمەش واتە ئەم پێشنیازە بە فلتەری لیژنەپەیوەندیدارەکان و راوێژکارانی
پەرلەمان و دواتر ئەندامانی پەرلەمان دا تێپەرییوە ، سەرەڕای ئەوەش ئەم پێشنیازە
کۆمەڵێک هەڵەی یاسایی گەورەی تێدایە بەشێوەیەک هەندێکی دەکرێ بە کوفری یاسایی ئەژمار
بکرێ ، بۆیەبەباشمان زانی لە روونگەی پسپۆرییمانەوە بەکورتی چەن سەرجێکی یاسایی لەسەرتۆماربکەین
:
یەکەم/ کارکردن لەسەر ئەم بوارە بابەتی
هەنووکەیی دۆخی ئیستای هەرێم نەبوو ، لەبەردوو هۆکار یەکەمیان ئەوەیە کە ئەو
وبوارانەی لەم پێشنیازەدا باس کراوە لە چەن یاسایەکی جیاوازدا رێکخراوە وەک یاسای
رۆژنامەگەری ژمارە ٣٥ ی ساڵی ٢٠٠٧ و یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی
کردن و یاسای ژمارە ٣ ساڵی ٢٠٠٦ ی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هەربۆیە دەتوانرێ
بەهەمواری ئەویاسانە و بەتایبەت بەهەمواری یاسای رۆژنامەگەری و جێکرنەوەی میدیای
ئەلکترۆنی تیایدا چارەسەر بکرێ چونکە هەر لە خودی ئەم پێشنیازەدا بەشێك لە
ئەحکامەکانی گەراندۆتەوە بۆ یاسای رۆژنامەگەری ، هۆکاری دووەم ئەوەیە کە
هاوڵاتیانی هەرێم ئەو قەیرانانەی بەرۆکی هاوڵاتیانی گرتووە رۆژلەدوای رۆژ دۆخیان
سەخترو دەکات تەنانەت هەڕەشەیەکی جدییە بۆ هەڵوەشانەوەی خێزانەکان و نەمانی سۆز و
ئینتیما بۆ خاك و نەتەوە ،ئەمانە پێویستیەهەنووکەییەکانی کاری پەرلەمانین و ئەرکی دەسەڵاتی یاسادانانە هۆکارەکانی ئەم دۆخە
و رێگاچارەکان بە یاسا رێکبخە .
دووەم/ گریمان رێکخستنی ئەم بابەتە پێویستی
بەیاسایەکی نوێ هەیە ، لێرەدا دەبێت ئەندامانی پەرلەمان و لیژنە پەیوەندیدارەکان
لە ئامادەکردن و رێکخستنی یاساکەدا کەمێک خۆیان ماندووبکەن وئەرک بکێشن لە دراسەکردنی
واقعی کۆمەلگا و رەهەندەجیاوازەکانی یاساکەدا، بەڵام یاسادانەری هەرێم لەم
پێشنیازەدا هەستاوە بە وەرگێڕانی بەشێك لەمادەکانی یاسای رێکخستنی میدیایی ئەلکترۆنی کویتی ژمارە ( ٨ )ی ساڵی ( ٢٠١٦) ، ئەمەش لە پرۆسەی یاسادانان دا هەڵەیە
چونکە سیستەمی یاسایی و بنەماگشتیەکانی یاسا لە ووڵاتێك بۆ وولاتێکی تر جیاوازی
هەیە ، وئەم راستیەش لە بەراووردکرنی ئەم پێشنیازەدا بە یاسای ناوبراوی کوەیتی
بەروونی دەردەکەوێ.
سێیەم/ وەک ووتمان ئەم پێشنیازە خوێندنەوەی
یەکەمی بۆ کراوە ، ئەمەش واتە پێویستە دراسە وخوێندنەوەی بۆ کرابێ لەلایەن
راوێژکارانی پەرلەمان وپەرلەمان تاران و لیژنە پەیوەندیدارەکانەوە، سەرەڕای ئەمەش هەڵەیەکی گەورەی یاسایی بەسەریان
دا تێپەڕییوە کە بریتی یە لە دیاریکردنی تەمەنی یاسایی و شیاوێتی یاسایی ( الاهلیة
القانونیة ) ، وەک دەزانین بابەتی شیاوێتی یاسایی بە شێوەیەکی گشتی لە یاسایی
شارستانی عێراقی ژمارە ٤٠ ی ساڵی ١٩٥١ دا رێكخراوە و تا ئیستاش لە عێراق و هەرێم
دا بۆ زۆربەی بوارەکان کارپێکراوە، کە بریتیە لە تەواوکردنی ١٨ ساڵی هەروەک لە
مادەی ( ١٠٦ ) دا ئەلێ ( سن الرشد هی ثمانی عشرة سنة کاملة) ، یاسادانەری هەرێم
لەم پێشنیازەدا بەبێ گەرانەوە بۆ یاسایی شارستانی تەمەنی شیاوێتی یاساییان
بەرزکردۆتەوە لە ١٨ ساڵەوە بۆ ٢١ ساڵ بەبێ
گەڕانەوە بۆ یاسایی شارستانی عێراقی هەروەک لە مادەی ( ٦ و ٧ ) پێشنیازەکەدا هاتووە،
ئەمەش یەکێکە لەو هەڵەیاساییەگەورانەی کە نەدەبوو یاسادانەر ئەنجامی بدات ، بەڵام
هۆکاری ئەم هەڵەیەش رووونە کە دەگەرێتەوە بۆ هێنان و وەرگێڕانی یاسایی میدیایی
کویتی کە پێشتر ئاماژەمان پێدا ، یاسادانەری کویتی لە مادەی ( ٨ و ٩ ) ی یاسای
رێکخستنی میدیای ئەلکترۆنی ژمارە ( ٨ ) ساڵی ( ٢٠١٦) دا تەمەنی شیاوێتی یاسایی بە
٢١ ساڵ دیاری کردووە ، ئەم تەمەنەش بۆ ووڵاتی کویت راست و دروستە چونکە پەرلەمانی
کویتی لەدیاری کردنی ئەم تەمەنەدا گەڕاوەتەوە بۆ یاسایی شارستانی کویتی وەلەم
یاسایەشدا تەمەنی یاسایی لەو وولاتەدا ٢١ ساڵە بەپێێ مادەی( ٩٦ )ی یاسای شارستانی
کویتی ، لەمەوە زیاتر بۆمان دەردەکەوێ کە
پەرلەمانتارانی کوردستان و لیژنە پەیوەندیدارەکان لەو پێشنیازەدا حوکمێکی یاسایی
ووڵاتێکی تریان هێناوە بۆ هەرێم بەبێ
ئاگاداربوون و گەرانەوە بۆ ئەویاسایانەی لە عێراق و هەرێم دا بەرکارن ، ئەمەش
لەیاسادا بەهەڵەیەکی یاسایی گەورە دەناسرێ کە تێپەرییوە بەسەر ئەندامانی پەرلەمان
و لیژنەپەیوەندیدارەکان و تیمی راوێژکاری پەرلەمان دا .
چوارەم/ ئەو بابەتەی کە دەنگدانەوەی زۆری
لێکەوتەوە لەم پێسنیازەدا بریتییە لە مادەی (١٢) ی ئەم پێشنیازە کە تیایدا
یاسادانەر پەیوەندیی دروست کردووە لە نێوان کاری میدیای ئەلکترنی و یاسای
بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا ، ئێـە پێمان وایە ئەم مادەیە هیچ پێویست نەبوو لێرەدا
دابنرێ چونکە ئەم بابەتە لە مادەی (٤) یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر ژمارە ٣ ساڵی
٢٠٠٦ ی هەرێم دا رێکخراوە و هیچ بۆشاییەکی یاساییمان نیە و پێویست ناکات کاری
رۆژنامەوانی و تیرۆرستی پێکەوە ببەسترێتەوە ،و ئەم هەڵەیەش دیسان دەگەرێتەوە بۆ
هەڵەکردنیان لە گواستنەوەی یاسا کویتیەکەدا کە باس کرا .
پێنجەم / یەکیێکی تر لە کەمکوریەکانی ئەم
پێشنیازە بریتیە لە تێکەڵکردنی میدیایی ئەلکترۆنی و لاپەرەی ئەلکترۆنی کەسیی کە
لەمادەی ٤ دا هاتووە ، واتە یاسادانەر جیاوازی نەکردووە لە نێوان کەسێکی
ئاسایی کە لە فیسبووک یان تویتەر یان هەر
تۆرێکی تری تایبەتی و کەسی ووتەیەک یان وێنەیەک بڵاودەکاتەوە لەگەڵ کەسێک دا کە بەپێی پسپۆڕی یان پیشەی
رۆژنامەگەریی لەپاراستنی مافی گشتی دا رٶلی هەیە ، ئەمەش هەڵەیەکی روونە و کۆت و
بەندێکی ناپێویستە لەسەر ئازادی کەسییەکان و هەرلێرەوە پێشنیار دەکەین لەحالەتی
کاردن بەم پێشنیازە گۆرانکاریبکرێت لەمادەی ٤ دا بە هەڵاوێردنی ( استثناء ) ی لاپەرە
کەسیی و تۆرەکۆمەلایەتیە تایبەتیەکان دا ، جێگەی ئاماژەپێدانە لێرەدا کە لەیاسایی
میدیایی ئەلکترۆنی کویتی دا لاپەرە ئەلکترۆنیە کەسی و تایبەتیەکان هەڵاوێرد (
استثناء) کراوە لەو یاسایە ، وەک چەندجارێک ووتمان یاسادانەری هەرێـم زۆرینەی ئەم
پێشنیازەی لەو یاساوە وەرگێراوە بەڵام لێرەدا ئەو بڕگەیەی لاداوە و کە دەتوانین
بڵێین ئەو حوکمە یەکێکە لە خاڵە بەهێزەکانی یاسایی میدیایی کویتی .
شەشەم/ لەدوای تێپەرێنی ئەو هەڵەیاسایینەی
باسمان کرد و چەندینی تریش ، هەندێک لە پەرلەمانتاران باسیان لە کشانەوەی
واژووەکان و پەشیمان بوونەوەیان لە پشتگیری ئەوپێشنیازەدا راگەیاند ، ئەمە هیچ
هێزێک و پاڵپشتیەکی یاسایی نیە تەنانەت دەتوانین بە عەیبی کاری پەرلەمانی ناوزەندی
بکەین لەبەرچەند هۆکارێک یەکەم چونکە پەرلەمانتار نوێنەری یاسایی خەڵکە ، ئەوان
هەڵبژێردراون بۆ ئەوەی لەبری خەڵک ئەرکی یاسادانان و چاودێری ئەنجام بدەن ، وە ئەم
ئەرکەش وادەخوازێ ئەوان کەسانێکی شارەزاو بەدیقەت بن لە پاراستنی مافی گشتی لە
پرۆژە یاساکاندا نەک چاوەرێی راو و هەڵوێستی شەقام بکەن بۆ هەڵوێست نواندن ، ئەمە
پێـان دەڵێ ئاراستەی شەقام لە ئاراستەی نوێنەرانی هەڵبژێردراو هوشیارترو بە دیقەت
ترن کە خۆی دەبوایە پێچەوانەکەی راست بوایە ، هۆکاری دووەم بۆ نەبونی بەهای یاسایی
کشانەوەی واژوو ئەوەیە کە ئەم پێشنیازە رێڕەوی یاسایی خۆی وەرگرتووە و تەنها
خوێندوەی دووەم و چەند رێکارێكی تری ماوە بۆ دەرچواندنی وەک یاسا ، خۆگەر دەنگی
دلێرو ئازا و ووشیاری خەڵک نەبایە ئەم بابەتە بەو هەڵە و کەمکورتیانەوە
دەردەچوێنرا ، کەوابوو ئەوان لەبری کشانەوەی واژوو دەتوانن لەخوێندەوەی دووەم دا ئەو
هەڵانە راست بکەنەوە کە تێی کەوتوون .
لە کۆتایی دا ئەوەی ماوەتەوە بیڵێین ئەوەیە
کە پێویستە نوێنەری هەڵبژێردرا بە راستی یاسادانەر بێت و نەک وەرگێری یاسای
ووڵآتانی تر و شارەزابێت لەبنەماگشتیەکانی یاسا و ئازادییە گشتیەکان و خوێندنەوەی
هەبێ بۆ سەرجەم یاسابەرکارەکانی تر لە عێراق وهەرێم دا بۆ ئەوەی چیدی هەڵەی
لەوجۆرەکانی باس کرا بەسەریان دا تێنەپەرێ .
رێبوارمحمد صالح مامۆستای زانکۆ
نوێترین نوسینەکانی ڕێبوار محمد صالح