بەرھەم سالح لە نێوان خەمی خۆی و مافەکانی کوردا
وتار/
02/07/2020
628 جار بینراوە
جەواد سەعید
بەرھەم سالح لە نێوان خەمی خۆی و مافەکانی
کوردا
جەواد سەعید
ھەرێم و بەغدا بەرەو کوێ؟
لەدوای هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیرانی عێراق
(مستەفا كازمی)، شاندی هەرێم چەند جارێك چۆتە بەغدا بە ئامانجی ڕێككەوتنێك كە ببێتە چارەسەری كێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی
كوردستان. ئەم شاندەی
هەرێم زۆر نەرمتر بوون لەگەڵ كازمی بە بەراورد لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، بەڵام كازمی
بەبێ منەتی و ڕەقتر قسەی لەگەڵ كردوون و داواكارییەكانی هێندە بەرزكردۆتەوە تاكو
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە قالب بدات و مەیدانی جولە سیاسی و ئابورییەكانی سنوردار بكات. كازمی بەجۆرێك قسەی
كردوە كە نییەتی ڕێككەوتنی نەبوبێت، بۆیە لە بەرامبەر ڕادەستكردنی تەواوی نەوت و
داهاتی خاڵە سنورییەكان، هیچ بەڵێنێكی بە شاندی هەرێم نەداوە.
سەرۆك كۆمار و كێشەكانی هەرێم
لەسەردەمی سەرۆك كۆماری ڕەوانشاد مامجەلال، یەكێتی
و پارتی پشتی خۆیان لێكردبۆوە و بێخەم بوون لەوەی كە حكومەتی ناوەند بتوانێ تەشقەڵەی
گەورە بە هەرێم بكات، چونكە باش دەیانزانی دڵسۆزی و توانای مامجەلال هەموو ئەو لوغمانە پوچەڵدەكاتەوە كە بۆ ژێرپێی كورد
دایدەنێن. بەشێك لە سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، بە پێداگری لەسەر پۆستی
سەرۆك كۆمار بۆ بەرهەم سالح هەڵەیەكی كوشندەیان كرد لەوەی كە پێیانوابوو دوای مامجەلال
شیاوترین كەس بۆ ئەم پۆستە دكتۆر بەرهەمە، لەو هەوڵەی یەكێتی بۆ هێنانەوەی بەرهەم سالح
بۆ ناو یەكێتی موكوڕی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری، دوو ئەنجامی خراپی لێكەوتەوە، یەكیان نێوماڵی
كورد هێندەی تر پەرتەوازە بوو، دووەمیان، بەرهەم سالح بۆ مسۆگەركردنی چوار ساڵی تری
سەرۆك كۆماری و بەدەستهێنانی پشگیری عەرەبی شیعە و سوننە ناچار بێت لە بەغداوە بەربەست
بۆ یەكێتی و هەرێم دروست بكات و ڕمەكان ئاراستەی قەوارەی هەرێم بكات. ئەمە قسەیەكی ڕەوانشاد نەوشێروان مستەفام بیر دەخاتەوە كاتێك لە كێبڕكێی
دكتۆر فوئاد و بەرهەم
سالح بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار، لێیان پرسیبوو كاك نەوشێروان لە نێوان ئەم دوو دكتۆرە كامیان باشترن بۆ ئەو پۆستە؟ ئەویش لە وەڵامدا وتبوی دكتۆر فواد پیاوێكی دەیپلۆماسی و زمانزان نییە،
ئەم پۆستە بە تەواوی دەمرێنی بەڵام خیانەت لە
كورد ناكات، هەرچی بەرهەم سالەحیشە پیاوێكی دەیپلۆماسی و زمانزانە، پەیوەندییەكی
باشیشی لەگەڵ دنیای دەرەوە هەیەو گڕوتینێكی باش دەدات بەو پۆستە و دڵی عەرەبەكان لەخۆی
ڕازی دەكات بۆ بەدەستهێنانی پشتگیری تاكو چوار ساڵیتر ببێتەوە سەرۆك كۆمار، بەڵام
پشت لە كورد دەكات.
لە ساڵی 2018یشدا لە كاك مەسعود بارزانییان
پرسیبوو کە ئایە بۆچی حەزناکەی بەرھەم سالح ببێتە سەرۆک کۆمار، لەوەڵامدا وتبووی:
من بۆیە نامەوێ ببێت بەسەركۆمار لەبەغدا چونكە ئەو پیاوە لەپێناو بەرژەوەندییەكانی خۆی هەموو سازشێك لەسەر مافەكانی
كورد دەكات.
ئەگەر بەراوردێكی ئەو دوو رایەی هەریەك لە نەوشیروان و بارزانی بكەین، سەرباری جیاوازیی
زۆری نێوانیان لەسەر كۆی پرسەكان، بەلام لەسەر ئەوكاراكتەرە هاوڕان و خوێندنەوەكانیان هاوجوتن.
كازمی و بەرهەم سالەح
چەند ساڵێك پێش ئێستا، كازمی سەرنوسەری گۆڤاری (الاسبوعیە) بوو، ئەو گۆڤارە لە سلێمانی دەردەچوو و لە لایەن بەرهەم
سالحەوە سەرپەشتی و تەمویل دەكرا، لەوكاتەوە كازمی و بەرهەم سالح پەیوەندییەكی
توندوتۆڵیان هەیە و لە قسەی یەكدی دەرناچن. لە ئێستاشدا هەردووكیان بەتەمای دروستكرنی حزبێكن لەسەر ئاستی عیراقدا، بۆ ئەوەی خەڵكی كوردستان و عیراق لێك گرێ بدەن، كازمی لەنێو شەقامی عەرەبی
(بەتایبەتی شیعە) و بەرهەم سالحیش لە كوردستاندا هەوڵەكانیان یەك بخەن و لە هەڵبژاردنی
داهاتوی عێراقدا بە لیستێكی هاوبەش دابەزن. هەربۆیە هەموو هەوڵەكانی خۆیان خستۆتە
گەڕ، بۆ ئەم مەبەستە
كازمی دەیەوێ تا هەڵبژاردنی داھاتوو هەندێ بەرپرس لە پۆستەكانیان دووربخاتەوە و ڕێگری
لە ڕیككەوتنی ناوەند و هەرێم بكات بە ئامانجی ڕاكێشانی شەقامی عێراقی. بەرهەم سالحیش دوای ئەوەی حزبێكی لە پێناو ئەم پۆستەیدا هەڕاجكردو گسگی لە خەونی چاكسازیدا
و خەڵكی كوردستانی بێ ئومێد كرد و لە ناو یەكێتیش دەستی لە بنی هەمبانەوە دەرچوو، ئێستا دەیەوێ حزبێكی تر دروستبكات و خۆی ئامادە بكات بۆ هەڵبژاردن. هەردووكیان پێكەوە،
كازمی دەیەوێ بە عەرەب بڵێ پارەی نەوتی ئێوە نادەم بە كورد و هەنگاوی تریشی بەدوادا دێت، بەرهەمیش لەڕێگای كەسە
نزیكەكانی خۆیەوە هەوڵی گەڕاندنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بۆ سەر بەغدا
دەدات، (نمونەش خستنەڕووی پڕۆژەیەكە لەڕێگەی پەرلەمانتارێكەوە بەناوی رێبوار كە لەلیستەكەی
خۆیدابوو سەبارەت بەم پرسە!)، كە هەموو مەبەستێكی ناوبراو ئەوەیە بەغدا لای كورد شیرین بكات و هەوڵی كێش
كردنی كورد بدات بەرەو ئەوێ.
قسە لەسەر ئەوە نیە كە دەسەلاتدارانی هەرێم فریشتەن و گەندەڵ نین، بە پێچەوانەوە،
ئەوە هەڵە گەورەو زەقەكانی پارتی و یەكێتییە
كە خەڵكیان نائومێد
كردووە، بەلام دەبێت ئەو راستیەش بزانرێت كە بەرهەم سالح و ئاراستەكەیشی هیچیان لەوانە كەمتر نیە كە لەپێناو بەرژەوەندییەكانی خۆیان
و پۆست و كورسییەكانیان میللەتێك هەرزانفرۆش دەكەن و بەرەو ئاقارێكی نادیار و مێژووییەكی تاریكتری دەبەن!
بەڵێ بەم جۆرە كازمی و بەرهەم هەردووكیان لەخۆ
ئامادەكردندان و لە هەنگاوەكانیان پرسوڕا بە یەكتر
دەكەن تاكو ڕای شەقام بجولێنن و پۆستەكانیان بەدەست بهێننەوە.
ئەگەر وانییە، بۆچی دەبێت لەو هەموو هەوڵ و سەردانەی شاندی هەرێم بۆ بەغدا
رۆلێكی بەرهەم سالەح وەك سەركۆمار نەبینرێت؟! ئەگەر ئاوڕێك لە رابردوو بدەینەوە، چ لەسەردەمی مام جەلال و چ لەسەردەمی دكتۆر
فوئاد مەعسومدا،
كاتێك تەنگژەكان بە بنبەست دەگەیشتن، شاندی هەرێم سەردانی بەغدایان دەكرد، كۆبوونەوەی
سێ قۆڵی یا چوار قۆڵی نێوان (سەركۆمار، سەرۆك وەزیرانی عیراق، شاندی هەرێم، سەرۆكی
ئەنجومەنی نوێنەران) ئەنجام دەدرا. بەلام ئەوەی تێبینیمان كردووە لەوماوەی رابردوودا چەندین
جار شاندی هەرێم لەسەر ئاستەكانی سەرۆكی هەرێم، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران جێگری ئەنجومەنی وەزیران و شاندی تر چوونەتە بەغدا، ئەم شاندە بەجیا لەگەڵ سەرۆك وەزیران و لەلایەكی
ترەوە لەگەل سەركۆمار كۆبوونەتەوە. ئەوەش سەلمێنەری ئەوەیە بەرهەم سالەح نایەوێت لەگەڵ هەردووكیان بەیەكەوە دابنیشێت نەكا
دەستەكەی ئاشكرابێت
و بكەوێتە روو.
پرسیار ئەوەیە ئەگەر بەرهەم سالەح لەسەر حیسابی كورد بووە بە سەركۆمار، ئەوە دەبێت لەسەر مافەكانی كورد هەڵبدات و
قبوڵ نەكات غەدر لە كورد بكرێت، خۆ ئەگەر وەك سەركۆمار و رەمزێكی عیراقیش هەڵسوكەوت بكات دیسانەوە دەبێت
لەسەر چوار پارێزگەی هەرێم هەڵبدات كە بەشێكی عیراقن! بەلام ئەوەی دەبینرێت بە پێچەوانەوەیەو بێدەنگی بەرهەم
سالەح و خۆدزینەوەی لەپرسەكان ئەوەمان پێدەلێت كە ناوبراو هەڵوێستێكی دووفاقی هەبێت و لای شاندی هەرێم
هەڵوێستێك و لای كازمی قسەیەكی تری كردبێت! كۆمەلێك هەڵوێستی رابردووی پشتڕاستی ئەو گومانانە دەكەنەوە.
ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت نەهێشتنی شەرمی سیاسییە لەژێر شكاندنی قەوارەی هەرێمی
كوردستان. ناوبراو لەپەنای قەوارەی هەرێمی كوردستاندا بەدووای دەسكەوتەتایبەتیەكانی
خۆیەوەیەتی و بێباك لەخەم و ئازارەكانی خەلكی كوردستان.
یەكێتی و پارتیی
یەكێتی و پارتیی لەو هەنگاوانەی كازمی و بەرهەم
سالەح بێئاگا نین
و هەستیان بە تەگبیرەكانیان كردوە، بۆیە دوورنییە ئیتر لەمەودوا یەكێتی و پارتیی لە یەكتر نزیك ببنەوەو كێشەكانیان بەلاوە
بنێن و كۆبونەوەی دووقۆڵیش لەسەر ئاستی بەرز ئەنجام بدەن. نزیكبونەوەی یەكێتی پارتی بۆ ڕێگرتن لە هەوڵەكانی كازمی
و بەرهەم سالح هیچ ئامانجێكی نابێت ئەگەر چاكسازی لە نەوت و خاڵە گومرگییەكان نەكەن و كۆتایی بەم دزین و
تاڵانییە نەهێنن و سیاسەتی ئابوری دانەڕێژن، تەنیا بەمە دەتوانن خزمەتگوزارییەكان دابین بكەن و
موچەی تەواوی فەرمانبەرانیش مسۆگەربكەن و چیتر لەبەر بەغدا نەپاڕێنەوە. بە پێچەوانەوە
هەرێمی كوردستان توشی قەیرانی خراپتر دەبێت.
نوێترین نوسینەکانی جەواد سەعید