كۆمپانیا و فرت و فێڵەكانی پارتی و یەكێتی
وتار/
16/06/2020
626 جار بینراوە
گۆران عومەر عەلی
كۆمپانیا و فرت و فێڵەكانی پارتی و یەكێتی
گۆران عومەر عەلی
ئێستا لە هەركاتێكی تر هەرێمی كوردستان لە قەیرانی قوڵی ئابوری و سیاسی و
تەندروستییە و ئەمەش تەنها خەڵكی هەژار و كەمدەرامەت باجەكەی ئەدەن و
دەسەڵاتی هەرێمیش بەرپرسیاری راستەوخۆی دروستكردنی ئەم دۆخەیە، بەتایبەتی
پارتی و یەكێتی، كە زۆرترین جومگەكانی دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە و
هەردوكیشیان هێزی چەكداریان هەیە.
ئەندامان و قاعیدەی حزبیی ئەم
دوو لایەنە سیاسیە، خەڵكانی رەشوڕوت و كەمدەرامەتن و لەسەرەوە چەند كەسێكی
دیاریكراون كە جومگەكانی دەسەڵاتی حزبەكانیان بەدەستەوەیە و خاوەنی چەندین
كۆمپانیای زەبەلاحەن و سەروەت و سامانی ئەم وڵاتەش بەدەستی
كۆمپانیاكانەوەیە و زۆربەی گرێبەستەكانی حكومەتیش دەدەنە دەست
كۆمپانیاكانی خۆیان و داهاتی گشتیی بۆ خۆیان دەبەنەوە و سیاسەت و حزبایەتی و
بزنسیان تێكەڵكردووە.
كاتێ غەدر لە خەڵكانی موچەخۆر و كاسبكاران و
چینی هەژاری كۆمەڵگای كوردەواری دەكەن، ناڕەزایی و خۆپیشاندانی ئەم
خەڵكانە لە دژیان، هیچ سودێكی نابێت، ئەگەر سنورێك بۆ كۆمپانیاكانی ئەو
حزبانە دانەنێن و قورقوڕاگەی كۆمپانیاكانی ئەم حزبانە نەگرن، كە لەلای
زۆربەی خەڵكی كوردستان ناسراون و بونەتە مشەخۆر بەسەر ژیانی خەڵكی
كوردستانەوە. تەنانەت ئەگەر هاوڵاتییەك كۆمپانیایەك دابنێت و بیەوێت
ژیانێك بۆ خۆی و خێزانەكەی دابین بكات، لەلایەن ئەم دوو حزبەوە ئاستەنگی
بۆ دروستدەكەن و ناهێڵن پڕۆژەیەكی حكومەتی بەنسیب بێت.
هەركاتێكیش
هاوڵاتی دەگاتە بینەقاقای كە خۆپیشاندان لە دژی ئەم دەسەڵاتە شكستخواردوە
ئەنجامبدا، ئەم دوو حزبە دەكەونە پلانداڕشتن پێكەوە بۆ دروستكردنی قەیران
لەنێوان خۆیاندا و بە بابەتی جۆراو جۆر خەڵكی كوردستان بەخۆیانەوە
سەرقاڵدەكەن، بێئەوەی ناكۆكییەكانیان هیچ بنەما و ئەسڵ و ئەساسێكی
هەبێت.
ئەمەیە 28 ساڵ حكومڕانی پارتی و یەكێتیی، كە هەر خەریكی
دروستكردنی قەیران و روتاندنەوەی حكومەت و هەژاركردن و قەرزاركردنی خەڵكی
كوردستانن.
نوێترین نوسینەکانی گۆران عومەر عەلی