خۆپیشاندان مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌كه‌ی هاوڵاتی

وتار/ 02/06/2020 1390 جار بینراوە

قوته‌یبه‌ فازڵ

خۆپیشاندان مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌كه‌ی هاوڵاتی

قوته‌یبه‌ فازڵ
به‌شێكی به‌رچاوی دونیا ئه‌مڕۆ به‌ بارودۆخێكی دژوار و هه‌ستیاردا گوزه‌ر ده‌كات و زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان به‌ ده‌ست په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌ گیرۆده‌ن و ئابووریان تووشی داڕمان و هه‌ره‌س بوه‌ته‌وه‌ و هاوڵاتیانیش له‌ بارێكی ده‌روونی نا جێگیردا ژیان ده‌گوزه‌رێنن .
هه‌رێمی كوردستانیش سه‌ره‌ڕای بوونی ترس له‌ تارمایی كۆرۆنا هاوڵاتیان به‌ ده‌ست ده‌یان كێشه‌ی كه‌ڵه‌كه‌ بووه‌ وه‌ ده‌نالێنن له‌ سه‌رووی هه‌موو كێشه‌كانیشه‌وه‌ كێشه‌ی ئابووری پشتی هاوڵاتیانی چه‌ماندوه‌ته‌وه‌ .
نه‌بوونی ڕێگه‌ چاره‌یه‌كی گونجاو له‌ لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ وای كردووه‌ كه‌ ته‌واوی خه‌ڵكی شه‌پۆلی ناڕه‌زایی ده‌رببڕن ولێره‌ و له‌وێش ده‌نگۆی گردبوونه‌وه‌ و خۆپیشاندانی مه‌ده‌نیانه‌ به‌رز بوه‌ته‌وه‌ .
خۆپیشاندان كه‌ سه‌ره‌تاییترین مافی هاوڵاتیه‌ و به‌شێكه‌ له‌ مافی ( ئازادی ڕاده‌ربڕین ) و به‌شداری سیاسی، وه‌ یه‌كێكه‌ له‌ مافه‌ سروشتیه‌كانی مرۆڤ كه‌ جاڕنامه‌ی گه‌ردوونی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ ساڵی (1948) جه‌ختی لێكردوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام مه‌خابن له‌ هه‌ندێك وڵاتاندا ئه‌م مافه‌ به‌ ته‌واوی قه‌ده‌غه‌ كراوه‌ و له‌ هه‌ندێك وڵاتیش ڕێگری له‌ ئه‌نجامدانی ده‌كرێت .
پێویسته‌ ئه‌وه‌ش بڵێین كه‌ خۆپیشاندان جیاوازه‌ له‌ بایكۆت و شۆڕش و ڕاپه‌ڕین، خۆپیشاندان داواكردنی سه‌ره‌تاییترین مافی هاوڵاتیانه‌ و پێویسته‌ ده‌سه‌ڵاتداران به‌و چاوه‌وه‌ بۆ خۆپیشانده‌ر بڕوانن .
زۆربه‌ی كات كه‌ هاوڵاتی هیچ ده‌رفه‌تێكی نامێنێت و هیچ ڕێگه‌ چاره‌یه‌ك بۆ كێشه‌كانی نادۆزێته‌وه‌، كه‌س گوێی پێنادات ده‌یان گرفتیش یه‌خه‌ی ده‌گرێت ده‌سه‌ڵات بێباك ده‌بێت له‌ داواكانی ناچار ده‌بێت په‌نا بباته‌ به‌ر خۆپیشاندان و هاتنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان به‌ مه‌به‌ستی ناچار كردنی ده‌سه‌ڵات بۆ گوێگرتن و وه‌رگرتنه‌وه‌ی مافه‌كان.
له‌ ئێستای كوردستاندا ئه‌و كێشانه‌ی تاكی كورد پێوه‌ی گیرۆده‌یه‌ گرنگترینیان له‌ چه‌ند خاڵێكی سه‌ره‌كیدا خۆی ده‌بینێته‌وه‌ :
1-     نه‌بوونی مووچه‌
2-     گرانی بازاڕ و شتوومه‌ك
3-     نه‌بوونی داد په‌روه‌ری
4-     نه‌بوونی هه‌لی كار
وه‌ چه‌ندین كێشه‌ی تریش، به‌ڵام ئه‌م چه‌ند خاڵه سه‌ره‌كیترین خاڵی داواكاری تاكی كورده‌ به‌ گشتی و خۆپیشانده‌ره‌ به‌ تایبه‌تی .
من لێره‌دا جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ ئه‌م خاڵانه‌ داواكاری سه‌رجه‌م خه‌ڵكی كوردستانه‌ داواكاری چین و توێژێكی دیاریكراو نیه‌، داواكاری ئۆپۆزسیۆن نیه‌ دژ به‌ ده‌سه‌ڵات داواكاری تابووری پێنجه‌م  و خه‌ڵكانی پیلان گێری ده‌ره‌وه‌ نیه‌، خۆپیشانده‌رانیش داوای سه‌روه‌ری یاسا ده‌كه‌ن داوا ده‌كه‌ن یاسا بۆ هه‌مووان وه‌ك یه‌ك بێت، داوا ده‌كه‌ن سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌م وڵاته‌ بۆ خه‌ڵكی سته‌مدیده‌ و به‌ش مه‌ینه‌تی ئه‌م هه‌رێمه‌ بێت، داوا كردنی مووچه‌ مافی مووچه‌ خۆرانه‌، دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی كار و دامه‌زراندنی ده‌رچوانی زانكۆ و په‌یمانگاكان ئه‌ركی حكومه‌ته‌، ڕێكخستنی بازاڕو ڕێگریكردن له‌ گرانی نرخ له‌ ئه‌ستۆی حكومه‌تدایه‌ .
داواكردنی ئه‌م مافانه‌ ئه‌ركی هاوڵاتیانه‌ و جێبه‌جێكردنیش له‌ ئه‌ستۆی حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتداراندایه‌، به‌ داواكردنی ئه‌م مافانه‌ هیچ كه‌س نابێته‌ خائین و وڵات فرۆش به‌ داواكردنی ئه‌م مافانه‌ هیچ كه‌س نابێته‌ ڕێگر و له‌ ڕێ لاده‌ر .
هیچ مه‌نتیق نیه‌ كه‌سانێك كه‌ داوای ئه‌م مافانه‌ ده‌كه‌ن ( ته‌خوین ) بكرێن وه‌ك گێره‌ شێوێن و ئاژاوه‌ گێر سه‌یر بكرێن، پێویسته‌ له‌ بری ته‌خوین كردن بیر له‌ ڕێگه‌چاره‌ی گونجاو بكرێته‌وه‌ بۆ داواكاریه‌كانیان كه‌ داواكاری سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانی شه‌قامی كوردیه‌ .
به‌ دڵنیاییه‌وه‌ گوێنه‌گرتن بۆ ئه‌و داواكاریانه‌ و ڕێگری كردن له‌ خۆپیشاندانی مه‌ده‌نیانه‌ له‌وانه‌یه‌ ئاكامی خراپ و ده‌ره‌نجامی نه‌خوازراو به‌ دوای خۆیدا بهێنێت كه‌ هه‌م ده‌سه‌ڵات و هه‌م هاوڵاتیش تیایدا زه‌ره‌رمه‌ند ببن .

نوێترین نوسینەکانی قوته‌یبه‌ فازڵ

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌