نامەیەکی کراوە بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق .
وتار/
17/05/2020
594 جار بینراوە
بێستون حمهصاڵح
نامەیەکی کراوە بۆ بەڕێز سەرۆک وەزیرانی عێراق لە یەکێک لە بەجێماوانی کیمیایی بارانی هەلەبجەوە.
بسم الله الرحمن الرحيم
جەنابی سەرۆک وەزیر بەڕێز مصطفى الكازمي سڵاوی خوای پەروەردگارت لیبێت.
من دەمەوێت لە گوزەرەنی هاونیشتیمانیانت ئاگادارت بکەمەوە ئەویش برسێتی و هەژاری و نەبوونی خەڵکی هەرێمی کوردستانە کە بەهۆی نەناردنی موچەی خەڵکەکەیەوە ئێستا منداڵان بێ هیوا و هەژاران بێشێو و وەعدەکان پێچەوانە دەرچوون.
بەرێز سەرۆک وەزیر خۆت دەزانی ئەو خەلکەی ئێستا لە پاریزگاکانی هەرێمی کوردستانن خەڵکی ئەم نیشتیمانە کۆماری عێراقن و بەدرێژایی مێژوو خەباتیان کردوە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ستەمەکانی ڕژێمی بەعس تائەو کاتەی لە گۆڕنرا و لەو پێناوەشدا هەزارەها ڕۆڵەی خوێنیان ڕژا و کیمیایی و ئەنفال دیارترین ڕووداوی قەتل و عامی جەماعین کە ویژدانی هەموو خاوەن ویژدانەکان دەهەژێنێت.
جەنابی سەرۆکی حکومەت لە ئێستادا کە لە دەڕۆژی کۆتایی مانگی رەمەزانداین فەرمانبەرانی ئەم هەرێمە بۆ ٤٥ تا ٦٠ رۆژ دەبیت موچەیان وەرنەگرتوە و ڕۆڵە و دایکی شەهیدان چاوەڕێن بەرهەمی خوێنی شەهیدەکانیان وەربگرن تاکو پیداویستیەکانی رەمەزان و جەژنی پیدابین بکەن، هەروەها منداڵانی هەرێم چاوەڕێی موچەی باوکیانن تاکو هیوایان بیتە دی کە چاوەرێن بچن بۆ بازاڕ و جلی جەژن بکڕن، هەژاران چاوەڕێی موچەن تاوەکو خەڵکی فیترەی مانگی رەمەزان و خیریان بدەنێ و کەمێک لە ئازاریان کەم بێتەوە، دەزانی بەڕیزکازمی لەم هەرێمەدا چەندین کەس هەیە خاوەن پێداویستی تایبەتن نانی ژەمیکیان نیەو توانای کارکردنیشیان نیە چاوەروانی موچەن،ئەی دەزانیت چەندین کەس هەیە قەرزدارە ڕوی نایەت خاوەن قەرزەکانی ببینێت چونکە پارەی پێنیە هەروەها دەزانی لەوەش تراژیدیتر ئێستا چەندین نەخۆش هەیە چاویان لە موچەکانیان هەیە تاوەکو بەپارەی خۆیان و خێر و سەدەقە دەرمانەکانیان بکڕن یان سەردانی نەخۆشخانە بکەن و چارەسەر وەربگرن و لە دەرد و نەخۆشی ڕزگاریان بێت.
لە کۆتایدا من وەک هاونیشتیمانیەکی کۆماری عێراق و یەکێک لە بەجیماوانی کیمیایی بارانی هەلەبجە داوا لە تۆی بەڕێز دەکەم لەبەر خاتری خوای پەروەردگار خێر و بەرەکەتی مانگی رەمەزان هەموو کێشمەکێشمە سیاسیەکان چاوپۆشی لێبکە و کەمێک ئاهو نزولەی نەداران و موچەخۆران سوک بکە و بڕیار بدە بەناردنی پارەی موچەخۆران تاوەکو ئەوکاتەی دوا چارەسەری بۆ دادەنێن، دڵنیابە ئەو هەڵوێستەت دەبێتە مایەی بەدەستهێنانی رەزامەندی خوای گەورە و ڕزگار بونت لە دووعای ئەوانەی برسین و ئاهونزولەیان دڵی هەموو کەسێک دەسوتێنێت. هەروەها دەبیتە هۆی خۆش کردنی دڵی هەزارەها پیر و لاو منداڵ و ژن و پیاوی ووڵاتەکەت کە ئێستا لە ژیانێکی ناخۆش و سەختی دارایدان.
خوای پەروەردگار هاوکارت بێت لە ئەنجامدانی کاری باش و مرۆڤانەو دوورت بخات لە کاری چەوت نامرۆڤانە و ببیت بە فریاد ڕەسی کۆماری عێراق لە چارەسەرکردنی کێشە ڕیشەیی و دروستکراو و کەسیەکانیدا.
نوێترین نوسینەکانی بێستون حمهصاڵح