چی ئابووریمانی بەم رۆژە گەیاند؟
وتار/
18/11/2016
1215 جار بینراوە
شیلان بیبانی
چی ئابووریمانی بەم رۆژە گەیاند؟
شیلان بیبانی
چەند ساڵێكە كوردستان بە گەورەترین كێشەی ئابووریدا تێپەڕ
دەبێت، ئەمە ئەگەر كۆكەرەوەی كێشەی دەرەكی بێت، بەڵام هەڵەی بەڕێوەبردن و لاوازی ژێرخانی
ئابووری ناوخۆییش روڵی گەورەی هەبووە، ساڵانی 2003-2004 پرشنگترین ساڵی قازانج و
ئابووری باش بوو، ئەمە بووە هۆکارێك بۆئەوەی نرخی كاڵاو خانووبەرەو قازانج لە كاڵاكان
و خزمەتگوزاری و بەرهەمەكان ئاستی نرخی بنەڕەتی خۆیان زۆر تێپەڕێنن، بەبێ ئەوە
پشت بە ئابووری راستەقینە ببەستن، لێرەدا یەكێك لە هەڵەی ئابووری دەستنیشان دەكرێت
چونكە بەرزبوونەوەی نرخی خانووبەرە كاریگەری نەرێنی لەسەر ئابووری بەجێدەهێڵێت و
دوچاری هەڵاوسانی دەكات و تەنها كۆمەڵیك خەڵك لێی سوودمەند دەبن، واتە سیوەلە بۆ ئەو
حاڵەتە زیاد دەكات لەبەرانبەر كاڵاو بەرهەمەكە وەك خۆیەتی و لە رووی نرخەوە زیادەڕۆییەكی
زۆر بە خۆوە دەبینێت، تەنانەت خەڵكی ئاسایی بوونە بازرگانی خانووبەرە، موڵك هەبوو
لە چەند رۆژیكدا پێنج جار دەفرۆشرا كە نرخەكەی دەبووە خەیاڵی بە نرخی راستەقینەی خۆی،
جگە لەمەش زۆرینەی وەبەرهێنان و بازرگانان رۆڵێ زۆر گەورەیان هەبوو، سەرەتا تەنها
بۆ بەنرخاندانی پرۆژەكانی خۆیان و دوور لە هەموو بەهایەكی ئابووری كە زیان لە
ئابووری وڵات بگەیەنیت و كومەڵگا دوچاری زیان كەوت، ئەمانە هەبوو دەبنە بڵقی
ئابووری بەتایبەت لەدوای قەیران یەكەم شت كە نرخەكەی دابەزی خانووبەرە بوو، بەمشێوەیە
بازاڕەكان بەرەو كۆیربوونی بازرگانی رویشتن ماوەیەك خانووبەرە دواتر هەموو بۆ كردنەوەی
چیشتخانە و سوپەرماركیت دواتر بۆ مامەڵەی ئۆتۆمبێل، تەنها دوای مۆدیل دەكەوتن دوور
لە بیرۆكەی ئابووری، واتە هاوڵاتیان بوونە مایەی سەرلێشیوانی بازرگانی. حكومەتی بەغدا
رۆڵی گەورەی لە هەرەسی ئابووری كوردستان بینیوە، بەتایبەت دوای ململانێ ئابوورییەكانی
لەگەڵ هەرێم و ئێستا خۆی دوچاری گەورەترین كێشە بۆتەوە بەتایبەت دوای دابەزینی نرخی
نەوت، بەپێی داتاكانی زانكۆی هارڤارد، عێراق لە هەرەسی ئابووری و مایەپوچی نزیک بۆتەوە،
نزیكەی 65% لە بودجەی خۆی لەدەست داوە، تەنانەت بانكی نێودەوڵەتی قەرزی پێ نەدا، لەكاتێكدا
عێراق داوای 1.24 ملیار دۆلاری كردبوو، لە رووی ئابوورییەوە ئەمە گەورەترین شكستە
بۆ وڵات چونكە نەبوونی متمانەی ئابووری لەلایەن سندوقی نێودەوڵەتییەوە، قەیرانی ئابووری
دروست دەكات و مامەڵە بازرگانییەكانی وڵاتان دەڕوینێتەوە، لەلایەكیترەوە هەوڵەكانی
عێراق لە خستنەگەڕی قەواڵە كە ئامانج لە فرۆشتنی باشتركردنی ئابووری وڵاتەكەیان
بوو، بەڵام ئەم هەنگاوە شكستی هێنا بەوەی عێراق نەیتوانی خۆی بكات ژێر ئەو بارەی
دواتر قازانج لەو قەواڵانە بگەڕینێتەوە بۆ كڕیارەكانی، ئەمانە ئەوە دەگەیەنین عێراق
لە هەموو رێگاكان بۆ چارەسەری قەیران بەردی گەورە دێتە پێشیان، كە مەحاڵە بتوانرێت
هیچ بیرۆكەیەكی ئابووری سەركەوتوو كاری پێ بكریت، جگە لەوەش حكومەتی عێراق خۆی كێشەی
بانكی ناوەندی هەیە و هیچكات نەتوانراوە پشتی پێ ببەسترێت. سیاسەتی ئابووری عێراق
وای لە كەرتە تایبەتەكان كرد ببنە بازرگانی و خانووبەرە نەك كشتوكاڵی و پیشەسازی و
خزمەتگوزاری، بۆیە بەم سیاسەتە دەوترێ وڵاتیكی بەكارهێنەر نەك بەرهەمهێنەر، كەواتە
هەركات هەرێم لە هەوڵی ئەوەدا بێت بگەڕێتەوە ژێر ركیفی ئابووری عێراق ئەوا هیچ
گرفتێكی ئابووری هەرێم چارەسەر ناكرێت بەڵكو زیاتر قوڵ دەبێتەوە، چونكە بنەڕەتی ئەم
حاڵەتە ئەو گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردنەیە كە لەلایەن ئەو حكومەتەوە بەڕێوەدەبرێت،
بۆیە دەتوانرێت لەسەر یەكەم لاپەڕەی ئابووری هەرێمی كوردستان بە فۆنتێكی گەورە
بنووسرێت "هەڵە ئابووریەكانی عێراق با ببێتە پەند لە داڕشتنی ئابوورییەكی نوێ
بۆ كوردستان"، چونكە تاكو ئێستا ئەو گرفتانەی سەبارەت بە عێراق و سیاسەتی
ئابووری باسمان كرد، كوردستان پشكی شێری بەردەكەوێت، هێشتا لەژێر ركیفی بانكی ناوەندی
عێراقین و ئێستا ناوی كوردستان هەر لە رووی ئابوورییەوە لەلایەن وڵاتان بە بەشێك لە
عێراق ناودەبرێت، واتە خراپی متمانەی ئابووری وڵاتان باڵی بەسەر هەرێمدا گرتووەو هەرچی
گەندەڵی خراپەكاری بەڕێوەبردنی عێراقی پاشماوەكەی نەرێنییە بۆ ئابووری هەرێم. هەرێمی
كوردستان لە ساڵانی پێشوودا بناغەی بەكارهێنانی تێورەكانی ئابووری بەشێوەیەكی ناڕاست
و بێ بناغە بوو، بەجۆرێك خەرجی دامودەزگا حكومییەكان گەیشتە 75% بەراورد بە خەرجی
وەبەرهێنان كە كەمتر بوو لە 25% ئەمەش وێرانكارییە بۆ ژێرخانی ئابووری. خاڵەكانی وەك
گرفتی سیاسی بەغداو هەرێم و شەڕی داعش و نزمبوونەوەی نرخی نەوت بە سەردێڕی
دروستبوونی ئەم قەیرانە هەژمار دەكرێت.
نوێترین نوسینەکانی شیلان بیبانی