با ئه‌مجاره‌ مێژوومان دووباره‌ نه‌بێ

وتار/ 20/04/2020 666 جار بینراوە

قوته‌یبه‌ فازڵ

با ئه‌مجاره‌ مێژوومان دووباره‌ نه‌بێ

 
قوته‌یبه‌ فازڵ
ئه‌گه‌ر چاوێك به‌ مێژووی دوور و نزیكی نه‌ته‌وه‌كه‌ماندا بخشێنین دوو دیارده‌ی زه‌ق سه‌رنجمان ڕاده‌كێشێت كه‌ هه‌ردوو دیارده‌كه‌ش جێی تێڕامان و هه‌ڵوێسته‌ كردنه‌ .
دیارده‌ی یه‌كه‌م : هه‌رگیز دوژمنانی كورد به‌ جه‌نگ و شه‌ڕی ڕوو به‌ ڕوو به‌سه‌ر كورددا زاڵ نه‌بوونه‌ و زه‌فه‌ریان پێ نه‌بردووه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش خاڵێكی گرنگ و جێی شانازی هه‌میشه‌یی كورد بووه‌ .
دیارده‌ی دووه‌م : به‌ پێی وته‌ی زۆربه‌ی مێژوو نووسان و كوردناسان به‌ داخه‌وه‌ دوژمنانی نه‌ته‌وه‌ی كورد هه‌میشه‌ سودیان له‌ دوو به‌ره‌كی خستنه‌ نێو ماڵی كورد بینیوه‌ و كوردیان دژبه‌ یه‌ك هانداوه‌ و له‌و ڕێگه‌یه‌شه‌وه‌ به‌ مه‌رامه‌كانیان گه‌یشتوون .
ئه‌وه‌ی كه‌ من ده‌مه‌وێت لێره‌دا تیشكی بخه‌مه‌ سه‌ر دیارده‌ی دووه‌مه‌ كه‌ زۆربه‌ی كاته‌كان ئاژاوه‌ی نێو خۆیی و خۆخۆری ماڵی كوردی وێران كردوه‌ و ڕه‌نجی خه‌باتكارانی كوردی به‌هه‌ده‌ر داوه‌ .
ئه‌مڕۆش له‌ هه‌رێمی كوردستان دوای تێپه‌ڕاندنی شه‌ڕی نه‌گریسی ناوخۆ و نه‌هامه‌تیه‌كانی، كوردانی هه‌موو پارچه‌كانی دی به‌ هیواوه‌ ده‌ڕواننه‌ ئه‌م هه‌رێمه‌، ده‌ستكه‌وته‌كانی هه‌ڕێمیش به‌ خاڵێكی ئومێد ده‌بینن بۆ خه‌باتی پارچه‌كانی تری كوردستان .
به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ ماوه‌یه‌كه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و هه‌ندێ ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ چه‌پڵه‌ بۆ قوڵ كردنه‌وه‌ی ململانێ ناوخۆییه‌كان ده‌كوترێت و هه‌وڵی دووباره‌ زیندوو كردنه‌وه‌ی دووئیداره‌یی ده‌درێت زۆر جێی داخه‌ له‌م ڕۆژگاره‌دا كه‌ نه‌ته‌وه‌كه‌مان له‌ هه‌موو كات زیاتر پێویستی به‌ یه‌كگرتوویی و ته‌بایی و یه‌كڕیزی ناوخۆیی هه‌یه‌ گوێبیستی ئاوا شتێك ده‌بین .
دوژمنانی كورد هیچ كات جیاوازی نێوان كوردێكی هه‌ولێر و سلێمانی یاخود عه‌فرین و كرماشان و شاره‌زوور ناكه‌ن كورد له‌ لای دوژمنه‌كانمان هه‌ر كورده‌ ئه‌گه‌ر خاوه‌نی هه‌ر ئایدیاو ئاین و مه‌زهه‌بێكیش بێت.
با ئه‌مجاره‌ نه‌هێڵین مێژوومان دووباره‌ بێته‌وه‌ له‌و خاڵه‌دا كه‌ دوو به‌ره‌كی و ناكۆكیه‌، با بیركردنه‌وه‌مان كوردانه‌ بێت، با هه‌وڵمان خزمه‌ت كردن بێت به‌ دۆزی ڕه‌وای گه‌له‌كه‌مان، گرنگ نیه‌ سه‌ر به‌ چ هێز و لایه‌نێكی سیاسین گرنگ بیركردنه‌وه‌مانه‌ كاركردنمانه‌ بۆ دورخستنه‌وه‌ی دووبه‌ره‌كی و ناكۆكی له‌م كاته‌ هه‌ستیاره‌دا .
ئه‌وه‌ی ده‌هۆڵی شه‌ڕ ده‌كوتێت به‌ دڵنیاییه‌وه‌ هه‌ست به‌ به‌رپرسیاریه‌تی مێژوویی ناكات به‌رامبه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ ئاین و ویژدانیشی، له‌ شه‌ڕدا هه‌رگیز كه‌س براوه‌ نیه‌ ته‌نها دوژمنانمان نه‌بێت، با له‌م هه‌رێمه‌دا بتوانین لاپه‌ڕه‌یه‌كی پرشنگدار بنه‌خشێنین بۆ نه‌وه‌كانی داهاتووی كورد و پێیان بڵێین دوژمنانی كورد ئه‌مجاره‌ سه‌ریان دای له‌ به‌ردی چیاكانی كوردستان و نه‌یانتوانی جارێكی دی دووبه‌ره‌كی و ئاژاوه‌ وخۆخۆری له‌ ناوماندا زیندوو بكه‌نه‌وه‌ .
دڵنیاشم سه‌ركردایه‌تی ئێستای كوردستان زۆر حه‌كیمانه بیر له‌ هه‌ل و مه‌رجی ئێستای  كوردستان ده‌كه‌نه‌وه‌ و ڕێگه‌ ناده‌ن دوژمن زه‌فه‌ر به‌ ته‌بایی ناو ماڵی كورد ببات‌ و ئه‌م ئه‌زموونه‌ی هه‌رێم لاواز بكات .

نوێترین نوسینەکانی قوته‌یبه‌ فازڵ

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌