لە ناو پرۆسەی قەدەغەی ھاتووچۆدا با ئاگامان لە تازەپێگەیشتووەکانمان بێ

وتار/ 08/04/2020 639 جار بینراوە

ئاری ڕەفیق

لە ناو پرۆسەی قەدەغەی ھاتووچۆدا با ئاگامان لە تازەپێگەیشتووەکانمان بێ

ئاری ڕەفیق
من باس لەو دەرکەوتە لەسەرخۆو ئاییندەکوژە ناکەم کە ‎تۆڕە جڤاکییەکان لەسەر پاشخستنی سیستەمى خوێندن و پەروەردەی کوردستان بۆ ئێمەیان ھێناوەتە ئاراوە ، چونکە ڕوونە نەوەى ئێستاو قوتابى ئێمەى لە فێرخوازێکەوە گۆڕیووە بۆ خوپێوەگرتوویەکی ئەو تۆڕە کاتکوژانە، لەھەمووشیان بەکێشەتر «سنابچات و تیکتۆک»ن، کە نەوەی نوێ لە تەمەنێکی زۆر ناسکدا بەجۆرێک خزاونەتە ناو ئەو دوو تۆڕەوە ، مەگەر تەنها مامۆستاکانى ناو هۆڵى قوتابخانەکان لەنزیکەوە باسى تەمبەڵخانەى پۆلەکان و باوێشکى بەلێشاوى قوتابیان و خەولێکەوتنى ئەو نەوەیەمان بۆ بگێڕنەوە کە تەواوى شەوەکانیان تا بانگی بەیانی لەبرى گەڕان و دەستخستنی توێژینەوەکان و وێڵبوون بەدوای فێربوونی زمانی دووەم و سێھەمدا، بەشێکی زۆریان پێیەکانیان خزاوەتە ناو زەلکاوی چەندین پەیوەندی مەترسیداری ماسکدار لەگەڵ ڕەگەزەکەی تردا

ئاخر ئەو کاتەی کوڕو کچە تازە پێگەیشتووەکانمان ڕیزێک وانەی کەوتویان خستۆتە سەر بڕوانامەکانیان و دەرجەکانی خوێندنیان دادەبەزێ بۆ لیڤڵێکی نزم، نابێ بپرسین بۆ؟

ئەو کاتەی کچ و کوڕە تازەپێگەیشتووەکانمان زۆرینەی کاتەکانیان سەریان شۆڕکردۆتەوە بەسەر مۆبایلەکانیانداو لەبری کتێب و جێبەجێکردنی ئەرکەکانی خوێندنیان ، نابێ بپرسین بۆ؟

ئەو کاتەی کچەکانمان لەتەمەنی نۆ ساڵی و دە ساڵی و یانزەو دوانزە ساڵیدا خەریکی ماکیاژن و لەبری خوێندن و خوێندنەوە «کە ئەرکی سەرەکیترین و لەپێشینەترینی ئەوانە»، خەریکی بەردەم ئاوێنەو خۆجوانکردنن لە تەمەنێکی زۆر زووداو دەیان گۆرانی عاشقانەیان خستۆتە سەر مۆبیلەکانیان ، نابێ بپرسین و بیربکەینەوە؟

نابێ بپرسین کوڕەکانمان، کچەکانمان، کاتێک لەسەرەتاکانی دانانی بەردی بناغەی خوێندن و بیناکردنی داھاتوویانن، چەندە نالۆژیکییەو چەندە مایەی ئاخھەڵکێشانێکی قوڵە کە ئەوان خزاونەتە ناو ئەو تۆڕە ماسکدارانەوەو ئێمەش یان ئاگامان لێیان نیە، یان ئاگامان لێیانەو دەسەڵاتمان بەسەر دۆخەکەدا ناشکێ کە ئەوانی تێکەوتووە؟

بەپێی ئەزموونی سێنزە ساڵەی خۆم لەناو ھەزاران کێشەو تاوانی کۆمەڵایەتییدا دەمەوێ بڵێم لە رابردوودا سەدان کچی تازەپێگەیشتوو،سەدان کوڕی تازەپێگەیشتوو، ژیانی خۆیان لەسەر زەوی سڕیەوە، بێ ئەوەی نزیکترین کەس لەخێزانەکانیان لە پاڵنەرەکانی ئەو خۆکوژیانە سەرەداوێکیشی لێبدۆزنەوە!

پوختەی قسە :

‎مرۆڤ بە سروشتى خۆى لە دەستبەتاڵیدا زێدەتر بیرکردنەوەى لە ئارەزووەکانى و لە غەریزەو هەست و سۆزەکانى قوڵتر دەبێتەوە، بەبەراورد لەگەڵ ئەو کاتانەى تواناکانى بۆ کارو جێبەجێکردنى ئەرکەکانى بە کردەیى تەرخاندەکات.

بۆیە قەدەغەی ھاتووچۆ بۆ خۆپارێزیمان لە پەتای کۆرۆنا ئەو دەستبەتاڵییەی زێدەتر بۆ کۆی کۆمەڵگە ھێناوەتە کایەوە، ئەگەر بە ئاگاییەوە چاوێکمان لە تازەپێگەیشتووەکانمان نەبێ ، گرفتە کۆمەڵایەتییەکانی ناو دۆخی ئەو کەرەنتینەی ئێستا وەک بۆمبێکی تەوقیتکراو بەڕووی خودی خۆیان و خێزان و کۆمەڵگەدا دەتەقنەوە .
بۆیە با چاوێکی پێدابخشێنینەوە، بەڵام بە میکانیزمێکی نەرمی ژیرانە.

نوێترین نوسینەکانی ئاری ڕەفیق

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌