"رێبەر گێت"

وتار/ 07/04/2020 652 جار بینراوە

سەرتیپ جەوهەر

"رێبەر گێت"
بەم كەرەنتینەو لەرۆژی شەممە، حكومەت داوای لابردنی حەسانەی پەرلەمانتاران دەكات

سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر
زیندە خەو (9)
لەوانەیە خەوی سەردەمی كەرەنتین جیاواز بێت لەرۆژان و سەردەمانی دیكە، ئەگەرچی لەماڵ ناچینە دەر بەڵام هەرجارێك لەخەو رادەبین جگە لە تۆماركردن و راگەیاندنی حاڵەتی نوێی كۆرۆنا، لەخەوەكەشدا خەونێكی ناخۆش بەحكومڕانانی كوردستانەوە دەبینین! بەتایبەت ئەم عەیامە كە یەك دووانێك بوونەتە بارێكی گران بەسەر دڵی خەڵك و هەر رۆژە مەلەفێكیان لەسەر ئاشكرا دەبێت.
ئەم ئێوارەیە ویستم سەرخەوێك بشكێنم، خەوێكم بینی زیندە خەو! لەو خەوەدا بەم كەرەنتین و قەدەغەی هاتن و چوونە، سەرۆكی حكومەتی (میللەتێكی هەشبەسەر) ئامانی لێبڕابوو. سەرباری نەبوونی دەوامی حكومەت، لەوە خراپتر رۆژی شەممە كە لەهیچ شوێنێكی ئەم مەملەكەتە دەوام نییە، نوسراوی فەرمیی بكات و داوای فەرمیی لەسەر دوو پەرلەمانتار تۆمار كردبوو، داوای هەڵگرتنی پارێزبەندیی سەریان دەکرد تا روبەرووی دادگا بكرێنەوە. لەسەرچی؟ لەسەر ئاشكراكردنی گەندەڵیی و فەسادی ئەم حكومڕانییە!!
لەڕێی كێ‌؟ لەڕێی داواكاری گشتیی كە لەبری داواكاربێت لەسەر داواو حەقی خەڵك بۆ نەهێشتنی فسق و فەسادی ئەم مەملەكەتە، بۆتە داردەست و نۆبەداری بەشێك لە دەسەڵاتداران و هەموو خەمیان بۆتە تۆماركردنی داوا لەسەر هەركەسێك كەباسی گەندەڵییەكانی ئەم دەڤەرەبكات! بەڕاستی ئەوەی داواكاریی گشتیی ئەم ماوەیە دەیكات، جگە لەبێبەهاكردنی دامەزراوەی دادوەریی لەكوردستان هیچیتر نیە.
لەوەخەوەدا سەرۆكی حكومەت لیری لێهاتبوو، بەرۆژی قەدەغەی هاتوچۆو بەرۆژی شەممە نوسراوی كردبوو تا پەرلەمانی كوردستان دابنیشێت، بۆچی؟ بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر دوو پەرلەمانتاریی یەكێتی و كۆمەڵ! لەسەر چی؟ بێگومان لەسەر گەندەڵی ملیار دۆلارەكە!!
خەوێكی زۆر ناخۆش بوو، بەرلەوەی خەبەرم بێتەوە لەبەرخۆمەوە دەمگوت؛ باشە ئەوانە بۆ نوسراو لەدژی پەرلەمانتاران دەكەن؟ بۆ قسەیەك لەبارەی "رێبەر گێت" ناكەن؟ تا بزانرێت بەچ قانونێك وەزارەتەكەی نوسراوی كردووە بۆ رێكخراوێكی نێودەوڵەتی تا هاوكارییەكانی تەسلیمی رێكخراوێكی حزبیی بكەن، تا لەوێش هەمووی حەپەلوش بكەن.

تێبینی: وشەی واترگێت (Watergate scandal) بەگەورەترین ئابڕوچونی سیاسی دادەنرێت لەمێژووی ئەمریكا، كاتێك لەساڵی 1972 ریچارد نیكسۆن هەستیكرد سەركەوتنی زەحمەتە بەسەر دیموكراتەكان یان ركابەرەكەی ركابەرەكەی (همفری) لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، ریچاردنیكسۆن سیخوڕی بەسەر نوسینگەكانی حزبی دیموكراتی ئەمریكا كردو لێی ئاشكرابوو. بەو رووداوە وترا واترگێت، واتەر گێت ناوی ئەو باڵەخانەیە كە ئابڕوچونە سیاسیەكەی لێ‌ روودا. دوای ئاشكرابونی ئەو ئابڕوچونە ناچار نیكسۆن لە ساڵی 1974 دەستی لەكاركێشایەوە.

نوێترین نوسینەکانی سەرتیپ جەوهەر

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌