سایکۆلۆژیەتی مرۆڤی سەردەمی کۆرۆنا
وتار/
27/03/2020
1941 جار بینراوە
جهعفهر پیرو ئهحمهد
سایکۆلۆژیەتی مرۆڤی
سەردەمی کۆرۆنا
جهعفهر پیرو ئهحمهد/ماموستا
لە زانکوی سەلاحەددین- کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان.
دیاردە و ڕوداوە جۆراو
جۆرەکانی دونیا، بە تایبەت دیاردە گەورەکان گۆڕانکاری گەورە بەسەر ڕەفتار وهەڵس وکەوتی
مرۆڤدا دێنن، زۆرجاریش دەبنە خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی مرۆڤایەتیشدا دەبنە تایتلی
سەردەمێک و خاڵی جیاوازی نێوان دوو قوناغ، بگرە گەلێک جاریش دەبنە دەسپێک وسەرەتای
قۆناغێکی نوێی ژیانی مرۆڤایەتی، لە ڕووی دەرونیشەوە بەهەمان شێواز سایکۆلۆژیەتی مرۆڤیش
بەشێکی گرنگ دەبێت لەم زنجیرە گۆڕانکارییانە، هەروەها لە ڕووی مرۆیی و کۆمەڵایەتی و پەیوەندی بە دەوروبەرو تا
دەگاتە ئاستی پێداچونەوەی هزری و بیرکردنەوە و تێگەیشتن لە چەمکەکانی: بوون، گەردون،
مرۆڤ، ژیان، داهاتوو. ئەمە جگەلەوەی لە ڕووی زانستیشەوە ئەم ڕووداوانە دەبنە تەحددای
گەورە و زاناکان ناچار دەکات دان بەم ڕاستیەدا بنێن{وما أوتیتم من العلم إلا قلیلا}،
چونکە لەگەڵ ئەو هەموو پێشکەوتنەی کە جیهان بەخۆیە دەبینێت و پێی گەیشتووە مرۆڤایەتی
شانازیان پێوەدەکات بەڵام پێشهات و دیاردەی زۆر هەن تەحەددای گەورەن لەبەردەم پێشکەوتنەکان
و زانستی سەردەم، دەیسەڵمێنن کەوا گەشە و پێشکەوتنی زانستی هێشتا هەر لەسەرەتادایە.
فایروسی کۆڕۆنا یەکێکە لەم ڕووداو ودیاردانەی کە بە خێرایێکی باوەڕنەکراو کاریگەرییەکانی
دەرکەوتن.
(1)
لە چەندین ڕووەوە ڤایرۆسی
کۆڕۆنا لە ئێستادا- کە دیاردەێکی بایلوجیە – سەڵماندویەتی کە تاکۆ ئێستا گەورەترین
ڕووداو بێت لە دەیەیی سێیەمی سەدەی بیست ویەکی هەزارەی سێیەم، وەک گوتم لە هەندێک ڕەهەندەوە
نەک تەواوی، چونکە هێشتا زووە رووداوەکە بەم شێوەیە وێناندن و پێناسەی بۆ بکرێت لەبەر
ئەوە کات ماوە و هەوڵیش بەردەوامن بۆ ڕزگاربوون، ئومێد و هیواش زۆرە، هێشتا زووە
جاڕی خوبەدەستەودان لێبدرێت، پێم وایە
ململانێی مرۆڤ لە گەڵ ئەم دیاردەیە (کۆڕۆنا) سەخت و دژوار دەبێت وەک ئەوەی تا ئێستا
وایە، چونکە کاریگەرییەکانی بەسەر مرۆڤ و ژیانەوە زۆر ڕادەبەدەرن بەشیوەیەک مرۆڤایەتی
ناچارکرد لە کاتێکی زۆر کورت و لە ماوەێکی زۆر کەمدا لە رووی هەڵس و کەوت و تێڕوانینەوە
کودەتاێکی گەورە بەسەر خۆیدا بکات چ لە رووی سایکۆلۆژی یان لە رووی ڕەفتارو کردارەوە
یاخود لە شێوازی ژیان و پەیوەندی ومامەڵەی دەوروبەرییەوە، بو بەشێکی زۆریش لە ڕووی
فەلسەفە و هزرو دونیابینیەوە، کاردانەوە دەرونی و ڕەفتاریە خێراکانی مرۆڤ و کۆمەڵگە
لەهەمبەر ڤایرۆسی کۆڕۆنا بێ وێنەو باوەڕنەکراون، چونکە هەڵکەوت (واقع)وای فێرکردبوین
مرۆڤی ئەم سەردەمە پشت ئەستورە بە پێشکەوتنە زانستیەکان بەتایبەتی زانستی پزیشکی و
بایلۆجی، کەس بەئاسانی بە هزریدا نەدەهات دوخێک بێتە ئاراوە وەها خێرا دڵەڕاوکێ و
شلەژان سەرتاسەری جیهان بگرێتەوە، زۆربەی دانیشتوانی سەر رووی زەوی سەنگەرەکانی ژیان
و کارو پیشەو سەیران و گەشت و گوزار و بزنس بەتاڵ بکەنەوە.
(2)
لە رووی سایکۆلۆژییەوە
مرۆڤی دوای کۆڕۆنا زۆر جیاوازە لەگەڵ مرۆڤی پێشوتر، ئەمەش مانای وایە ئەم دیاردەیە
کاریگەریی زۆر قوڵی خستۆتە سەر مرۆڤ، ئەم ئامادەییە کە ئێستا لە ناخی هەموو تاکێکدا
بەدیدەکرێت بۆ خۆپارێزی و خانەگیرکردنی ئارەزومەندانە وپابەندبون بە چەندین ڕێکارو
ڕێنمایی کە لەبەرژەوەندی مرۆڤدا، ئەمە بەبەراورد لەگەڵ دوخی ئاساییدا کە تێیدا مرۆڤ
تەنها بەدوای تێرکردنی ئارەزوەکانیەوە زور جیاوازە و بۆ دەرونناسێک جێگەی تێبینی و
بەدواداچون و توێژینەوەی زانستیە، هەروەها بۆ بانگخواز و چاکسازانیش جێگەی پرسیار
و تێڕامانە، بۆچی لە دۆخی ئاساییدا ناتوانیین مرۆڤی تەندوروست پێبگەێنین؟ تەنانەت
زۆر جار بنەمای سزا و پاداشتیش وەک پێویست ئەم سایکۆلۆژیەتە بەرهەم ناهێنێت، لێرەدا
وەک نمونەیەک ئەگەر ئاماژە یاخیبونەکانی(غرور) مرۆڤ لە هەمبەر بونەوەرو دەوروبەریدا
کە لە ڕەفتارو هەڵس وکەوتەکانیدا ڕەنگ دەداتەوە و بەرجەستە دەبن، سەرەنجام سنوری هیچ
شتێک ناپارێزێت، بەڵام لە کاتی ڕۆداوی ترسناک هاتنی دیاردە مەترسیدارەکان ترس و شلەژان
و ڕاکردن جێگەی یاخیبوون دەگرێتەوە، وەک لە دەقە پیرۆزەکانی قورئانیشدا باس لەم دۆخەی
مرۆڤ کراوە، بۆیە ئەم رووداوانە دەبنە مایەی دووبارە گەڕانەوەی مروڤ بۆ سروشتی مرۆڤایەیەتی
و دۆخی هاوسەنگی و وشیاری. لێرەدا دەبێت بە جددی ئەو پرسیارە لە بوونی خۆمان بکەین
بە دوای وەڵامی ڕاستەقینەدا بگەڕێین دەبێت تێبگەین ئەم ترسە چیە و سەرچاوەکەی کوێیە،
ترسێک سەرسەخترین مرۆڤ بگوڕێت بە کەسێکی حەپەسا و شلەژاو.
(3)
هەرچی تایبەتیشە بە
هەڵس و کەوت و ڕەفتارەکانی ئادەمیزادەوە کە ئەویش بوارێکی ترە لەو گوڕانکاریە جەوهەرییەی
کە بەسەریدادیت، دیسانەوە جێگەی پرسیارێکی جددیە، پێغەمبەران، فەیلەسوفان، زانایان،
چاکسازان، بیرمەندان، لێکۆڵەران... زۆر هەوڵیان داوە و شێوازی زۆریان گرتوتەبەر، ڕێچکەی
جۆراوجۆریان بەکارهێناوە بو تێگەیشتن و پێشبینی کردن و کۆنترول کردنی هەڵس و کەوت
و ڕەفتارەکانی مرۆڤ بەمەبەستی پەروەردەکردن و ئاراستەکردنی، لەگەڵ ئەوەشدا ئاستی وەڵامدانەوە
وبەدەمەوەهاتنی مرۆڤ لەهەموو سەردەمێکدا زور لاوازبوە، بەڵام سەیر دەکەی لە بەرامبەر دیاردەێکی وەک و کۆڕۆنادا کۆی
مرۆڤایەتی ملکەچ و گوێڕایەلە وەلەو پەڕی ئامادەیی دان بۆ جێبەجێکردنی هەر ڕێنمایی
و ئامۆژگارییەک کە ببێتە مایەی پاراستن و سەلامەتی خویان، دەبێت ئەم مرۆڤە ئەم پرسیارە
لە خۆی بکات ئەم هێزە نەبینراوە گەورەیە چیە مرۆڤ والێدەکات؟ چ هێزێکی سەربازی لەتوانایدا
هەیە بتوانێت لە چەند شەوو ڕۆژێکدا نیوەی دانیشتوانی سەر گۆی زەوی لە ژورە داخراوەکاندا
دابنیشێنێت، کە ئێستا هێزێکی نادیاری وەک ئەم ڤایروسە کە دیاردەێکی بایلوجی گەردونیە
مرۆڤی پەک خستوە و ئەژنوی بەخاکداداوە، جێگەی خویەتی ئەم دۆخە مایەی بەخۆدا چونەوەو
خاڵێکی وەرچەخانی هزری و فەڵسەفی و پەروەردیی بۆ دووبارە بیناکردنی فکری نوێ و تێگەیشتنی
قوڵترە لە گەردوون، بەتایبەت بۆ هەڵگرانی فەلسەفە و بیری ماتریالیزم بۆنگەرایی و ئەوانی
تر. ئەمەی باسمانکرد بەشێکە لەو گۆڕانکارییە خێرایانەی هەستی پێدەکرێت، جیاوازی نێوان
مرۆڤی بەر لە کۆڕۆنا و دوای کۆڕۆنا نیشاندەدات.
(4)
لە ئەنجامدا دەتوانیین
بڵێین هەموو ئەم گوڕانکاریانەی کە لەئەنجامی دیاردە و ڕووداوە گەردوونییەکانەوە بەسەرلایەنە
جۆراجۆرەکانی مرۆڤدا دێن ئاماژەن بۆ هەستێکی حەقیقی قۆڵی ناو ناخی مرۆڤ وەک پاڵنەرێک پاڵ بە مرۆڤەوە دەنێت بۆ نواندنی چەندین
هەڵس وکەوتی خوپارێزی بەمەبستی دورخستنەوەی مردن، لەم پێناوەدا ئامادەی هەموو گۆڕانکاریەکە
بو خۆ گونجاندن لەگەڵ ئەم دۆخەی کە تێیدەکەوێت، بەڵام پرسیارە گەورەکە ئەوەیە بۆچی
مروڤ ترسی لە مردن هەیە، لە بەرامبەر حەقیقەتێکی گەورەی وەک و مردن ترس و دوودڵی بو چی؟ بڕوادارەکان لەبەر بڕوابونیان بە زیندووبونەو سزا و پاداشتی ڕۆژی دوایی جێگەی
پرسیار نیە ئەگەر بە وشیاری و ترسەوە بڕواننە مردن بە دڵەڕاوکێوە پێشوازی لێ بکەن. بەڵام جێی پرسیارە کەسانێک بۆ ترس و دڵەڕاوکێان
هەبێت کە لە بنەڕەتدا بڕوایان بەزیندوبونەوە و سزاو پاداشت نیە، دەبێت بەدوای ئەم
نهێنیەدا بگەڕێین.
نوێترین نوسینەکانی جهعفهر پیرو ئهحمهد