دوای (29) ساڵ له‌ ڕاپه‌رین هه‌ر چاوه‌ڕوانین

وتار/ 15/03/2020 577 جار بینراوە

قوته‌یبه‌ فازڵ

دوای (29) ساڵ له‌ ڕاپه‌رین هه‌ر چاوه‌ڕوانین

قوته‌یبه‌ فازڵ
ڕاپه‌ڕین خاڵێكی وه‌رچه‌رخانی گرنگ بوو له‌ مێژووی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی كورد، ڕێڕه‌وی خه‌باتی كوردی له‌ به‌رگریكردنه‌وه‌ گۆڕی بۆ خۆبه‌ڕێوه‌بردن و ده‌وڵه‌تداری، قۆناغێكی نوێی هێنایه‌ ئاراوه‌ ئه‌ویش تێكه‌ڵ بوون و ئاوێته ‌بوونی پێشمه‌رگه‌و جه‌ماوه‌ر بوو به‌ یه‌ك ئاراسته‌، ڕووی تفه‌نگه‌ ناكۆكه‌كان و سه‌نگه‌ره‌ جیاوازه‌كان گۆڕا بۆ یه‌ك سه‌نگه‌ریی و یه‌ك ئاراسته‌یی هه‌مووان بیریان لای ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی بوو .
ڕێك (29) ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و له‌ (5/3/1991) دا جه‌ماوه‌رو پێشمه‌رگه‌ له‌ ڕانیه‌ی ده‌روازه‌ی ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ تێكڕا ئاوێته‌ی یه‌ك بوون و سروودی ئازادی كوردستانیان ده‌گوته‌وه‌، ڕاپه‌ڕین بڵێسه‌ی نه‌ورۆزی پرشنگدارتر كردوو سه‌رجه‌م و كوردستان و كوردستانیانی ڕۆشن كرده‌وه‌.
ڕاپه‌ڕین به‌ربه‌ستی ترس و تۆقاندن و چه‌وساندنه‌وه‌ی تێك شكاند و ئه‌و بته‌ داتاشراوه‌ی ده‌یان ساڵ بوو مۆته‌كه‌ی سه‌ر سینگی كورد  بوو له‌ ماوه‌ی ته‌نها شازده‌ ڕۆژدا ڕاماڵدرا، ئه‌و ڕژێمه‌ی ده‌یان ساڵ بوو خه‌ڵكی كوردستانی گه‌مارۆی نێو ئۆردوگاكان و زیندانه‌كان كردبوو ته‌نها به‌ شازده‌ ڕۆژ له‌سه‌ر خاكی داگیركراوی كوردستان ده‌ركرا به‌ شاری كه‌ركوكیشه‌وه‌.  
(29) ساڵ له‌مه‌وبه‌ر هه‌موومان به‌وپه‌ڕی تامه‌زرۆییه‌وه‌ سنگمان دایه‌ به‌ر فیشه‌ك و به‌ گژی مه‌رگدا ده‌چووینه‌وه‌
" بۆ ئازادی، بۆ ڕزگاری، بۆ نیشتیمانێكی سه‌ربه‌خۆ، بۆ گێڕانه‌وه‌ی خه‌نده‌ بۆ سه‌ر لێوی دایكانی جگه‌ر سوتاو، بۆ پاككردنه‌وه‌ی نیشتیمان له‌ ژه‌نگی فیشه‌ك و ته‌پ و تۆزی كیمیاوی و زرێپۆشه‌كان " .
ڕاپه‌ڕینمان كرد تا ڕوحی شه‌هیدان ئاسووده‌كه‌ین، ڕاپه‌ڕینمان كرد تا حوكم و ده‌سه‌ڵاتی كورد بچه‌سپێنین و كوردستان به‌ گه‌لانی دونیا بناسێنین .
به‌ڵێ ڕاپه‌ڕین كرا تا گونده‌ خاپور كراوه‌كان ئاوه‌دان بكرێنه‌وه‌
به‌ڵێ ڕاپه‌رین كرا تا گه‌ل هه‌ناسه‌یه‌كی ئاسووده‌یی هه‌ڵمژێ
ڕاپه‌ڕین كرا تا سه‌رزه‌مینی كوردستانی باشور ببێته‌ باشترین و جوانترین و نموونه‌ترین سه‌ر زه‌مینی ڕۆژهه‌ڵات، ڕاپه‌ڕین كرا تا زیاتر دایكان جه‌رگ سوتاو نه‌بن، ڕاپه‌ڕین كرا تا چیتر منداڵان بێ باوك و هه‌تیو نه‌بن، ڕاپه‌ڕین كرا تا چیدی وه‌ك سواڵكه‌ر چاو له‌ ده‌ست نه‌بین و سامانی وڵاتی خۆمان بۆ خۆمان بێت، ڕاپه‌ڕین كرا تا هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌ندی كوردستان ده‌ست له‌ ملانی یه‌كتر بن و برا بن، به‌ڵێ به‌و ڕوحه‌وه‌ ڕاپه‌رین كرا و بۆ ئه‌و ئامانجانه‌ ڕاپه‌ڕین كرا .
به‌ڵام ده‌بێ دوای بیست و نۆ ساڵ بپرسین :
ئایا ئه‌مانه‌ كران ؟
ئایا ئامانجه‌كانی ڕاپه‌ڕین‌ هاتنه‌ دی ؟
یاخود ئامانجه‌كانی ڕاپه‌ڕین به‌ لاڕێدا برا؟
له‌ وه‌ڵامدا هه‌ر خۆمان ده‌ڵێین بێ شك ئامانجه‌كان نه‌هاتنه‌ دی و به‌ڵكو به‌ لاڕێشدا برا .  
نه‌وه‌كانی ڕاپه‌ڕین و نه‌وه‌كانی دوای ڕاپه‌ڕینیش به‌شێكی زۆر له‌و ئامانجانه‌یان تا ئێستا نه‌بینیوه‌ .
جه‌ماوه‌ری كوردستان بیست و نۆ ساڵه‌ به‌ تامه‌زرۆییه‌وه‌ ده‌ڕوانن بۆ ئه‌و ڕۆژه‌ی ئامانجه‌كانی ڕاپه‌ڕینی تیادا دێته‌ دی، به‌تاسه‌وه‌ ڕوو له‌ ئاسۆن هه‌ناسه‌یه‌كی ئاسوده‌یی هه‌ڵمژن و بڵێن " ئۆخه‌ی خوێنی شه‌هیده‌كانمان به‌ هه‌ده‌ر نه‌چوو، خه‌باتی زیندانیانی سیاسی نه‌فه‌وتا، ئاهو هه‌ناسه‌ی ساردی دایكانی جگه‌ر سوتاو هه‌روا نه‌ڕۆی " تا ئێستا هه‌مووان هه‌ر چاوه‌ڕوانین .
 
 


نوێترین نوسینەکانی قوته‌یبه‌ فازڵ

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌