ئیماراتیەکان زیاتر لەوە دەپچڕن کە بۆیان دەجوێت

وتار/ 06/01/2020 487 جار بینراوە

هەردی حەسیب

ئیماراتیەکان زیاتر لەوە دەپچڕن کە بۆیان دەجوێت

نوسینی: حەسەن حەسەن بۆ فۆرین پۆلەسی  
وەرگێڕانی: هەردی حەسیب
بەر لە شەش ساڵ ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو دەستیکرد بە پیشاندانی خۆی وەک کارەکتەرێکی سەرەکی سەربازی و سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. سەرگرتنی کودەتا لەدژی ئیخوان مسلیمین لە میسر لە تەموزی ٢٠١٣ کرانەوەیەکی باشی گونجاند بۆ ئەوەی ئیمارات پێشڕەویەکی تەواو بەدەست بهێنێت لەئاراستەکردنی ڕوداوەکان لە ناوچەکەدا، کرانەوەیەک کە بەخۆشحاڵیەوە مەبەستی بوو بەکاری بێنێت.
حوزەیرانی ئەمساڵ، ستراتیژی ئیمارات بەپڕاوپڕ کێشای بەدیوارێکدا. سەرەتا، ئەو وڵاتە کشانەوەی خۆی لە جەنگی یەمەن ڕاگەیاند؛ کە بەهاوبەشی لەگەڵ سعودیەی عەرەبی ڕایانگەنادبوو لە ساڵی ٢٠١٥، تا بەتایبەتی فۆکەس بخاتە سەر پرۆسەی سەقامگیری و دژەتیرۆر. بەرپرسانی ئیمارات لەهەمانکاتدا دەستیانکرد بە بەکارهێنانی زمانی یەکتر قبولکردن بەرامبەر بە ئێران. بۆ وێنە حکومەتی ئیماراتی بەڕون وئاشکرایی خۆی پاراست لەوەی کە ئێران تۆمەتبار بکات بە هێرشکردنە سەر چوار کەشتی نەوتی لە کەناراوەکانی ئیمارات سەرەڕای ئەوەی هەردووک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاو سعودیەی عەرەبی بەڕاشکاوی ئێرانیان تۆمەتبارکرد بەو هێرشانە. ئیمارات و ئێران هەروەها چەندین دیداری کەم وێنەیان بەستووە لە سەر ئاستی باڵا بۆ تاوتوێکردنی چارەسەری کێشەی سنوریی هێزی دەریایی. هەموو ئەمانە لەکاتێکدا ڕویانداوە کە واشنتۆن لەبەرزکردنەوی فشارخستنە سەر تاراندا بووە و هانی هاوپەیمانەکانیشی داوە کە هەمان شت بکەن. ئەم گۆڕانکاریانە هەموو بەشێوەیەک بوون کە دژە بە پلەبەندی خواستەکانی ڕیاز، نزیکترین هاوپەیمانی ئەبوزەبی، بەشێوەیەک کە ڕیاز بەتەنیا ماەوتەوە لە جەنگێکدا کە توانای نیە بەتەنیا بیباتەوە.
ئیماراتیەکان تائێستا ڕونکردنەوەیەەکی دیاریان نەبووە سەبارەت بە هۆکاری ئەم پاشەکشە و ستراتیژە پێچەوانەیە لە پلانی جیۆپۆلەتیکیان، بەڵام پێدەچێت لە هەڵسەنگاندنی ستراتیژیەتی شەش ساڵی ڕابردوویانەوە سەرچاوەی گرتبێ. یەکەم؛ سنگدەرپەڕاندنی ئیمارات لەناوچەکە کاریگەریی نەرێنی هەبوو لەسەر هەڵوێستی سیاسی و ناوبانگی ئەو وڵاتە لەبەرچاوی ویلایەتە یەکگرتووەکان. دووەم؛ تەنانەت بە پێوانەی خۆشیان، بەدەستهێنانی ئەو ستراتیژەی پێشوو زۆر لەوە قورسترە کە ئیمارات چاوەڕوانی دەکرد. لەگەڵ ئەوانەشدا ئەم گۆڕانکاریە لە سیاسەتدا پێدەچێت بەهۆی دەنگدانی خانەی سیناتۆرەکانی ئەمریکاوە بووبێت بۆ کۆتایهێنان بە بەشدای ئەمریکا لە جەنگی یەمەن لەم بەهارەدا. پرۆژەکە بە ئەنجامی ٥٤ دەنگ بەرامبەر بە ٤٦ سەرکەوت بەکۆمەکی وهەماهەنگی هەردوو حزبی دیموکرات و کۆماری، هەرچەندە کۆشکی سپی بەرهەڵستی بوو. دووبارە پێداچوونەوەی زێدەتری ئەبوزەبی بە ستراتیژیدا، کاریگەریش بوو بە چەند ڕوداوێکی ناوچەکە لەڕابردوویەکی نزیکدا کە سەرجەمیان پاشەکشەبوون بۆ ئیمارات.
هەرکەسێک تەنانەت تێگەیشتنێکی سەرەتاییانەی هەبێت بۆ ئیمارات، دەیزانی کە ئەو جوڵەیەی کۆنگرێسی ئەمریکی بەسوکی وەرناگیرێت لە ئەبوزەبی، کە هەمیشە پلەبەندی کردووە لە مانەوەی لە ڕیزی حیساب بۆکراوان لەلایەن واشنتۆنەوە. بۆ وێنە، وازهێنانی فەرمی ئیمارات لە پشتگیریکردنی ئۆپۆزسیۆن لە سوریا لە ٢٠١٦ەوە بەهۆی ئەوەوە بوو کە کۆنگرێسی ئەمریکی یاسایەکی دەرکرد کە مافی سکاڵا تۆمارکردنی بە هاوڵاتی ئەمریکیدا لەدژی حکومەتانی دەرەوە بەتۆمەتی کاری تیرۆرستی. یاساکە بە 'دادوەری دژی سپۆنسەرەکانی تیرۆر' ناسراوە. بەگوێرەی وتەی بەرپرسێکی پلەبەرزی ئیماراتی کە بەشداری کشانەوە لە سوریا بووە، ترسی ئیمارات لەوەبوو کە لەلایەن دادگاکانی ئەمریکاوە لێپێچینەوەی لێبکرێت لەسەر ئەگەری کردەوەی تیرۆرستی کە لەلایەن هاوپەیمانەکانی ئیماراتەوە لە بەرەی ئۆپۆزسیۆنی سوری ئەنجامبدرێت.
ئیمارات هەمیشە وەڵامدەرەوە بووە بۆ ڕای گشتی و ڕەخنەی دامەزراوەکانی ئەمریکا بۆی بەشێوەیەک هەموو دەم ویستویەتی بەپارەلێلی ئەو بۆچوونە بجوڵێتەوە و پێچەوانەی نەڕوات. بەڵام فاکتەرێکی دی کە ڕێگربوو لە هەبوونی هەڵوێست لەماوەی ڕابردوودا، هاوپەیمانیەتیەکەی بووە لەگەڵ سعودیەی عەرەبی. هەتا سەرەتای ئەمساڵیش دەسەڵاتدارە پلەباڵاکانی ئیمارات و سەرچاوەکانی نزیک لەوان پێیانوابوو کەدەتوانن ئەو گەردەلولی ڕەخنەیەی کە بەهۆی جەنگی یەمەن وهەڵوێستە مەترسیدارەکانی سعودیەی هاوپەیمانیان؛ وەک کوشتنی ڕۆژنامەنوس جەمال خاشوقچی، ڕوی تێکردبوون هێوربکەنەوە بەقازانجی خۆیان. بۆیە ئیمارات لەسەرەتاوە ئامادەنەبوو دەست هەڵبگرێت لە هاوپەیمانیی سعودیە بەهۆی ترسی لەوەی کە ئەشێت سعودیە هەوڵی سەرخستنی بەرژەوەندی نیشتیمانی خۆی بدات بەشێوەیەک پێچەوانەبێت بە بەرژەوەندیەکانی ئیمارات. لەوانەش؛ ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکان لەگەڵ جەمسەرە دژەکانی ئیمارات کە تورکیا و قەتەرن. ئەم ترسە تا ئەم ساتەش تاکە خراپترین سیناریۆیە لە لێکدانەوەی ئیماراتدا.
 بەهەمان پێوەر، ئیماراتیەکان هاوپەیمانیەکەیان لەگەڵ سعودیە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە دژی ئیخوان موسلیمین و وڵاتانی وەک تورکیا و قەتەر بە گرگنترین دەستکەوتی ستراتیژی چەند ساڵی ڕابردوویان دەزانن. سەرەڕای ئەمەش، ئەبوزەبی کۆپی هەموو هەڵوێستەکانی ڕیازی نەکرد؛ لە سوریا بۆ نمونە، ئیمارات یەکەم سەرسەختترین پشتیوانی ئۆپۆزسیۆن بوو کە پەیوەندیە دیپلۆماتیەکانی لەگەڵ ڕژێمی سوریادا بونیادنایەوە، لەکاتێکدا کە سعودیە پشتیوانی سیاسەتی ئەمریکا بوو لە بابەتەدا کە بریتی بوو لە زیادکردنی گەمارۆی ئابوری لەسەر دیمەشق تا نەتوانێت دەست بەسەر ڕۆژهەڵاتی سوریادا بگرێت. لەگەڵ ئەمجۆرە جیاوازیانەشدا ئەبوزەبی و ڕیاز پەیوەندیەکی نزیک و توندوتۆڵیان لەگەڵ یەک پاراست و بەیەکەوە کاریان کرد بۆ دووبارە کێشانەوەی نەخشەی سیاسی و سەربازی ناوچەکە و خۆیان پاراست لە پیشاندانی هەرجۆرە درزێک لە پەیوەندیەکانیاندا بە ئاشکرا.
لەئێستادا ئیمارات هەوڵدەدات ناوبانگی خۆی لای واشنتۆن و پایتەختانی تری ڕۆژئاوا بەدەستبێنێتەوە لەڕێگەی پیشاندانی خۆی وەک وڵاتێکی بچوک کە خواستی ئارامی و پێشوەچوونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لەڕێگەی 'هێزی نەرم' و چالاکی ئابوریەوە، کە ئەمە پێچەوانەی جەنگە بەهەموو جۆرەکانیەوە لە ناوچەکە. ئەم نارەتیڤە تەواو پێچەوانەیە لەگەڵ کردەکانی شەش ساڵی ڕابردووی لە هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی کاریگەریەکانی بەهاری عەرەبی بەهەر نرخێک بێت، کە تیایدا شکستی خوارد.
لەوڕوەوە، ئەم گۆڕانکاریەی ئیمارات تەنها لەبەر گێڕانەوەی ناوبانگی خۆی نیە، بەڵکو لەهەمانکاتدا سەرچاوەگرتووە لە هەوڵە خودیە شکستخواردووەکانیەوە لەبواری سیاسەتی دەرەکی. ئیماراتیەکان پێدەچێت پەرێشانبن بەدەست نەتوانینی دووبارەکردنەوەی سەرکەوتنیان لە کۆمەکی بۆ کودەتای میسر کە سەرۆکی هەڵبژێردراوی میسری گۆڕی لە ٢٠١٣. بۆ ئیمارات، وەدەرنانی سەرۆکێکی ئیخوانی و هێرشە توندەکان بۆ سەر ڕێکخراوەکە لەدواتردا سەرکەوتنیکی بەرچاو بوو. ئەوە سەرەتای خلۆربوونەوەیەک بوو بۆ ئیسلامیەکان لەهەموو ناوچەکە بەپێچەوانەی سەرکەوتنەکانیان لەدوای بەهاری عەرەبی لە ٢٠١١ەوە. بەڵام ئیمارات سەرکەوتنەکانی سنوردار بوون لەشوێنەکانی تر لەوکاتەوە بەتایبەتی لە لیبیا، یەمەن و تونس.
بۆ وێنە، لە مانگی نیساندا، خەلیفە حەفتەر سەرکردەی سەربازی لیبیایی کە هاوپەیمانێکی نزیکی ئیماراتە ئۆپەراسیۆنێکی ڕاگەیاند بۆ دەستگرتن بەسەر تەرابلوسی پایتەختی لیبیا کە لەژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتێکی دانپێدانراو بەشێوەیەکی نێودەوڵەتی-دایە. ئەم هەوڵە وەک قومارێک بینرا بەپشتیوانی ئەبوزەبی بۆ دورخستنەوەی ئیسلامیەکان لە پایتەخت و جێگیرکردنی سەرکردەیەکی ئۆتۆکراتی لە لیبیا. ئەو قومارە بەخراپی شکایەوە و ئۆپەراسیۆنە چەند مانگیەکەش تا ئێستا تەنها بریتی یە لە بێسەروبەری. لەهەمانکاتدا لە یەمەن سعودیەکان هەوڵیاندا کە ئیمارات ڕازی بکەن کە لەگەڵ پارتی ئیسلاح، کە زۆرینە ئیسلامیە، هەماهەنگی بکات. سەرەنجام چەند یەکتربینینێکی ئابڕوبەرانە بەستران لەنێوان سەرکردەکانی ئیسلاح و سەرکردەی دیفاکتۆی ئیمارات محمد کوڕی زاید کە هەوڵی لەناوبردنی ئیخوانی لەهەموو شوێنێک کردووەتە ئامانجی ژیانی!
تەنانەت نزیکترین هاوپەیمانەکانی ئیمارات، کە سعودیە و میسرن بوونەتە بار بۆی. عەبدول فەتاح سیسی سەرۆکی دوای کودەتا بەتەواوەتی سەلما کە لەسەر یارمەتی کەنداو بەندە بەبێ توانای بەرهەمداربوون. ئەو نەیتوانی هێزی سەربازی بەشداری پێبکات لە جەنگی دژی یەمەن و دواتریش ڕازی نەبوو ئیمزای بەشداری لە 'ناتۆی عەرەبی' بکات کە پلانێکی هاریکاری سەربازی بوو پێدەچوو لەلایەن سعودیە و ئیماراتەوە سەرکردایەتی بکرێت. لەم سەروبەندەدا، محمد کوڕی سەلمانی سەرکردەی دیفاکتۆی سعودیەش سەرکەوتوو نەبوو لە ناساندنی خۆی وەک ڕیفۆرمخوازێک لەبەرچاوی ڕۆژئاوا. وە کوشتنی جەمال خاشوقچی ئەوەی سەلماند کە تەنانەت پەیوەندی و نزیکیش لە بن سەلمان ڕەنگە ببێتە بچوکبوونەوە بۆ هەرکەسێک. هەروەها بەهۆی پشتگیری کردنی نەپساوەی دۆناڵد ترەمپ، ئیمارات و سعودیە خۆیان کرد بە بەشێک لە کێشەی سیاسی ئەمریکا بەشێوەیەکی ناهاوسەنگ لە نێوانی کۆماری و دیموکراتەکاندا.
هێڵە تازەکەی ستراتیژی ئیمارات ڕەنگە مانای ئەوە نەبێت کە کۆتایی بە هاوکاری بۆ هێزە پرۆکسیەکانی ناوچەکە بێنێت بەڵام ئەشێت داینامیکی پەیوەندیەکانی لەگەڵ سعودیەدا بگۆڕێت. بەیەکەوە پێیانوابوو کە دەتوانن واقیعێکی نوێی ناوچەیی بەدیبێنن لە وێنە ئۆتۆکراتیەکەیاندا بەڵام وادیارە ئەو خەونە بەسەرچوو. هەردووک پێدەچێت بخوازن جیاوازیە ڕاستەقینەکانیان داپۆشن بۆ ئێستە، بەڵام ئەمە پێناچێت بۆیان مسۆگەر بێت لە یەمەن کە کشانەوی ئیمارات تیایدا لەوەیە وا لە سعودیە بکات کە سیایەتی تەنانەت زبرتر لە ئیمارات بگرێتەبەر کە دژ بێت بە بەرژەوەندیەکانی ئیمارات. لەهەرشتێک زیاتر کێشەی یەمەن ئەو دوو وڵاتەی بەیەکەوە گرێدا لەڕابردوو، بەڵام پێدەچێت ئیدی هەمان کێشە بەتوندی لەیەکیان دوربخاتەوە.  

نوێترین نوسینەکانی هەردی حەسیب

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌