دادپەروەری كۆمەڵایەتی هەرێم لە مەترسیدایە.!

وتار/ 21/09/2019 559 جار بینراوە

پارێزەر: لوقمان مصطفی صالح

دادپەروەری كۆمەڵایەتی هەرێم لە مەترسیدایە.!
پارێزەر: لوقمان مصطفی صالح


هەرچەندە یەکسانی و دادپەروەری لە زانستە مروڤایەتیەکاندا شتێکی ڕەها نیە بەڵکو ڕێژەییە،بەپێی سیستەمی بەڕێوەچوونی هەر ووڵاتێک لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی کە دەگۆڕێت،بەڵام لەهەمان کاتیشدا دوانەیەكی لێک دانەبڕاو و گرنگی دەستەبەركردنی ئەو دادپەروەرییەن کە پێی دەوترێت دادپەروەری کۆمەڵایەتی،بێگوومان بنەمای دەستە بەركردنی دادپەروەری كۆمەڵایەتی دەگەڕێتەوە بۆ سەروەری یاسا‌یەکی دادپەروەرانە و پیادەكردنی سەرجەم بەندەكانی، بەبێ هەڵاوێركردن لەسەر بنەمای جیاکاری كە تاكێك لە تاكێكی تر یان گروپێك لە گروپێكی تر جیابکاتەوە . بەم پێیەش سەرجەم تاكەكانی كۆمەڵگایەك لە بەردەم ئەو یاسایانەدا یەكسان‌ و وەک یەک دەبن . ئەو یاسایەش كاتێك سەروەری خۆی دەپارێزێت كە ‌لەسەر بنەمای جیاوازیکردن‌ و بەرژەوەندی هێزی بەهێز نەهاتبێتە كایەوە‌ و بەرهەمی چین و گروپ و سەردەست‌ و بەتواناكانی كۆمەڵ نەبێت .
بە داخەوە تا ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا پرۆسەی دادپەروەری كۆمەڵایەتی لە لوتکەی خراپیدایە، بۆتە كێشەیەك كە رەنگە نەوە کانی ئایندە بە دەستیەوە گیرۆدەبن، بایەخنەدان بەو پرۆسەیە بەها پیرۆزەكانی كۆمەڵگەی كوردەواری لە ڕەگ و ڕیشەوە هەڵتەكاندەوە،ئەو سەرمایە گەورەیەی گەلەکەمان لە دوای رزگاربوونی لە دەستی داگیركاری بەعس و دامەزراندنىی دەسەڵاتی سیاسیی خۆماڵی دەستی كەوت، تێیدا یەكسانی كۆمەڵایەتیمان پشتگوێ خست، بۆیە گەندەڵی بووەتە دیاردەو رەنگە لە داهاتوودا تووشی قەیرانێكی كەلتووری و ئەخلاقی و كۆمەڵایەتیمان بكات، كە چارەسەركردنی زۆر ئەستەم بێت.چونکە دادپەروەری تەنها خۆی لە بواری سیاسی نابینێتەوە، بەڵكو دەبێت باڵ بكێشێت بۆ ناو هەموو جومگەكانی كۆمەڵگە، لە هەرێمی كوردستانیش هەرچەندە هیچ هەنگاوێک وەک پێویست بەدی ناکرێت،بەڵام نابێت دەسەوستان لێی دانیشین،دەبێت هەوڵی پەرەسەندن و جێبەجێكردنی بدەین لە رێگەی سەروەری یاسا و چەسپاندنی سیستەمی پێشكەوتووی دیموكراتی و پشتبەستن بە بنەمای زانستی بۆ بنیاتنانی وڵات کەلە ئاست کۆمەڵگای مەدەنیدابێت، بۆیە دەبێت وەك تاكی كۆمەڵگە لە ترس و تۆقاندن بەكارەهێنانی توندوتیژی لە ژێر پاساوی نەریت و توندەڕەوی ئایین و مەزەەب دووربكەوێنەوە،هەوڵی مسۆگەركردنی زۆرترین ئازادی بۆ تاك و سەربەخۆیی وڵات بدەین، بۆ ئەوەی وەك میللەتێکی زیندوو خەون و ئاواتەکانمان بهێنینەدی،ئەویش دەبێ بایەخ بە دادپەروەری كۆمەڵایەتی بدەین.بێگومان ئامانج لە دادپەروەری کۆمەڵایەتی، ڕەخساندن و دابینکردنی ژیانێکی پڕ لە شانازی و شەرافەتمەندیە بۆ تەواوی ھاوڵاتیانی وڵات، لەژێر سایە و سێبەری دەستوور و یاسادا .
هەر بۆیە كاتێكیش باس لە دادپەروەری كۆمەڵایەتی دەكەین، پێویستە ئەوە بزانین كە دادپەروەری كۆمەڵایەتی لە كۆمەڵگەیەكدا دێتە بەرهەم و سەركەوتوو دەبێت، كە كۆمەڵگەكە دیموكراتی بێت، كۆمەڵگەی دیموكراتیش پێویستی بە سەروەری یاسا هەیە، هەتا لەكۆمەڵگەدا یاسا سەروەر نەبێت، ناتوانین بەو كۆمەڵگەیە بڵێین كۆمەڵگەیەكی پێشکەوتوو، ئەمە بێجگە لەوەی كە یەكێك لە سیفاتەكانی دیكەی كۆمەڵگەی دیموكراتی ئەوەیە كە ئەو كۆمەڵگەیە بە دامەزراوەیی كرابێت، ئەمە بێجگە لەوەی كە ئەرك و ماف بۆ هەردوو رەگەزی نێر و مێ پێویستە وەك یەك بێت، ئەوكاتە دەتوانین بڵێین لەو كۆمەڵگەدا دادپەروەری كۆمەڵایەتی هەیە.

نوێترین نوسینەکانی پارێزەر: لوقمان مصطفی صالح

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌