ئەرکی پیشەی پزیشکی و پیشەی تەندروستی لە قانوندا

وتار/ 06/05/2019 3202 جار بینراوە

د.عیسا عبدالرحمن

ئەرکی پیشەی پزیشکی و پیشەی تەندروستی لە قانوندا
ئامادەکردنی : د.عیسا عبدالرحمن.
لەوڵاتی ئێمەدا لەناو کەرتی دەرمان و تەندروستی دا بەتەواوی یاساکان فەرامۆشکراون ، بێسیستمیێکی تەواو بەو کەرتەوە دیارە ، کەس ئیش و کار و ئەرکی خۆی نازانێت ، بۆیە لەو ڕاپۆرتەدا هەوڵدەدەم بە گوێرەی یاساکان ئەرک و ماف و ڕۆڵی پیشە جیاوازەکانی ناو کەرتی دەرمان ڕونبکەمەوە.

پیشەی پزیشکی چیە؟
بەگوێرەی یاسای ژمارە ٦ ی ساڵی ٢٠٠٠ ی عێڕاقی ، ماددەی ١ ، بڕگەی ٣:
پیشەی پزیشکی بەوانە دەگوترێت کە پزیشکن و لە کۆلێژەکانی پزیشکی ددان و پزیشکی گشتی و پزیشکی دەرمانسازی خوێندنیان تەواوکردووە.

پیشەی تەندروستیی (تەندروستکار یان کارمەندی تەندروستی) چیە؟
بەگوێرەی یاسای ژمارە ٦ ی ساڵی ٢٠٠٠ ی عێڕاقی ، ماددەی ١ ، بڕگەی ٤:
پیشەی تەندروستی بەوانە دوگوترێت کە لە ( کۆلێژی پەرستاری ، کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی ، پەیمانگا پزیشکیەکان و ئامادەیی پەرستاری ) خوێندنیان تەواوکردووە.

کەرتی دەرمان پێک دێت لە کۆمپانیاکانی دەرمان و کۆگاکانی دەرمان و دەرمانخانەکان ، هەروەها ئەو دامەزراوانەی کە ئەرکی چاودێری ئەو کەرتە دەگرنە ئەستۆ ، دەرمانساز ناسنامەی ڕاستەقینەی کەرتی دەرمانە ، ماف و ئەرکی دەرمانسازە کە کۆمپانیا و کۆگای دەرمان و دەرمانخانە بکاتەوە و دەرمان بداتە نەخۆش ، هەرچ کەسێکی تر بەدەر لە دەرمانساز بەو ئەرکە هەڵبستێت سەرپێچی یاسایە.

بەگوێرەی یاسای ژمارە ٨ ی ساڵی ١٩٩٩ ی پەرلەمانی کوردستان لە ماددەی یەکەم بەو شێوەیە باسی دەرمانساز دەکات :
دەرمانساز: ئەندامی سەندیکای دەرمانسازانە ، بڕوانامەی بەکالۆریۆسی هەیە لە کۆلێژی دەرمانسازی یان هاوتای ئەو بڕوانامەیە لە یەکێ لە زانکۆکانی عێڕاق یان هەر زانکۆیەکی تر کە باوەڕپێکراوبێت و لایەنی پسپۆڕی هاوتاکردنی بڕوانامەکان دانی پێدانابێت.

هەروەها بەگوێرەی یاسای ژمارە ٨ ی ساڵی ۱۹۹۹ ی پەرلەمانی کوردستان لە ماددەی حەوتەم ، بڕگەی یەکەم :
نابێت جگە لە دەرمانساز کەسی تر دەست بداتە پیشەی دەرمانسازی و دەرمان.

مەرجەکانی دەرمانساز بەگوێرەی یاسای ژمارە ٤٠ ی عێڕاقی ساڵی ١٩٧٠:
دەبێت عێڕاقی بێت ، بۆ هەرێم ئەبێت خەڵکی هەرێم بێت.
بڕوانامەی دەرمانسازی هەبێت لە کۆلێژی دەرمانسازی زانکۆکانی حکومی.
بڕوانامەی دەرمانسازی هەبێت لە کۆلێژی دەرمانسازی زانکۆ ئەهلیەکان کە باوەڕپێکراوبن لەلایەن حکومەتەوە ، بەمەرجێک تاقیکردنەوەی هەڵسەنگاندنیان پێ بکرێت لە کۆلێژی دەرمانسازی زانکۆی بەغدا (بۆ عێڕاق) ، لە زانکۆی هەولێری پزیشکی (بۆ هەرێم) و سەندیکای دەرمانسازانیش نوێنەرایەتی تێدا هەبێت.

هەر بەگوێرەی یاسای ژمارە ٤٠ ی عێڕاقی ساڵی ١٩٧٠:
تەنها دەرمانساز دەتوانێت دەرمانخانە و دەرمان بەڕێوەببات ، ڕاچێتەی پزیشک بەڕێبکات و دەرمان بداتە نەخۆش ، کاتێک بەڕێوەبەری دەرمانخانە (دەرمانساز) بەهەر مەبەستێک بڕوات ئەبێت دەرمانخانەکە دابخرێت.
بەڵام کارمەندی تەندروستی (پەرستار ، ی.پزیشک ، ی. دەرمانساز) دەتوانن لە دەرمانخانە ئیش بکەن لە ژێر سەرپەرستی دەرمانساز ، ناتوانن ڕاچێتەی پزیشک بەڕێبکەن و دەرمان بگرنەوە ، مەگەر دەرمانەکە نەخۆش لەسەری بکڕێتەوە ، وە نابێت دەرمانخانە بکەنەوە بەبێ دەرمانساز.

بەگوێرەی نیزامی ژمارەی ١١ ی عێڕاقی ساڵی ١٩٦٢ ، کە تائێستا کاریپێدەکرێت و لەوە نوێتر نیە ، یاسای موماڕەسەکردنی پیشەی تەندروستکاری بەوشێوەیە:

ماددەی ٣ : دەبێت مۆڵەتی دوای ئیشکردنی حکومی لە وەزارەتی تەندروستی وەربگرن.

ماددەی ٨ : دەبێت موماڕەسەی ئیشی خۆیان بکەن ، نابێت ئیشی پیشەی پزیشکی دەرمانساز و ددان و پزیشکی گشتی و پزیشکی بەیتەری بکەن.

ماددەی ٣٧ : نابێت کارمەندی تەندروستی شوێنی تایبەتی خۆی هەبێت ، ئەبێت لەلای پزیشک ئیش بکات ، بەڵام ئەتوانێت هەندێک تەداخولاتی پزیشکی بکات لە چارەسەرکردنی نەخۆش و چاودێری نەخۆش لە شارێک یان گوندێک کاتێک پزیشک ئامادەنابێت بەو مەرجەی پزیشک بە نوسراوی خۆی بە نوسین ڕێگەی پێدابێت.

ماددەی ٣٨ : ئەرکەکانی کارمەندی تەندروستی:
برین پێچی.
ئیسعاف الاولی.
تەداویکردنی ساددە.
کاکردن لە کۆگا و دەرمانخانە لەژێر چاودێری دەرمانساز.

ماددەی ٣٩ : دەرزی لێدانی ماسولکە و ژێرپێست بەو مەرجەی پزیشک دیاریکردبێت لەسەر ڕاچێتەکەی، ناتونێت دەرزی خوێنهێنەر لێبدات تەنها لە دامەزراوەی تەندروستی حکومی و ئەهلی ئەتوانێت دەرزی خوێنهێنەر IV لێبدات لەژێر چاودێری و سەرپەرشتی پزیشک.

ماددەی ٥٠ و ٥١ : یاریدەدەری دەرمانساز ئەبێت لەژێر چاودێری و سەرپەرشتی دەرمانساز کاربکات لە دەرمانخانە ، ناتوانێت موماڕەسەی پیشەکەی بکات لەشوێنی تایبەتی خۆی ، ناتوانێت رەچەتەی پزیشک بەڕێبکات و دەرمان بگرێتەوە بەبێ چاودێری و ئیشڕافی دەرمانساز.

ئایا عەیادەی لاکۆڵان یاساییە؟

لە کوردستان بەدەر لە یاساکانی پەڕلەمانی عێڕاقی بواری تەندروستی و دەرمان عیادەی لاکۆڵان کراونەتەوە ، بەپێی یاسا کارمەندی تەندروستی ناتوانێت شوێنی تایبەتی خۆی هەبێت ، دەبێت ی . پزیشک لای پزیشک و ی . دەرمانساز لای دەرمانساز و ی . پزیشکی ددان لای پزیشکی ددان کار بکەن ، بەڵام لە عیادەی لا کۆڵان جۆرەها دەرمان هەیە و ڕۆژانە دەدرێنە خەڵک و تیایدا کارمەندان چارەسەری نەخۆش ئەکەن کە ئەوەش بەتەواوی سەرپێچی یاسایە.

بەپێی نوێترین بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران کە لە ئۆکتۆبەری ۲۰۱۸ دەریکرد تەئکید لەسەر جێبەجێکردنی یاسای ژمارە ۸ ی ساڵی ۱۹۹۹ ی پەڕلەمانی کوردستان ماددەی حەوتەم دەکاتەوە کە تەنه دەرمانساز دەرمانخانەی هەبێت و دەرمان بداتە نەخۆش.

نوێترین نوسینەکانی د.عیسا عبدالرحمن

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌