ئەوەی دوای لابردنی پاشەکەوت گرنگە!!

وتار/ 14/03/2019 555 جار بینراوە

ئارام مەجید عەلی

ئەوەی دوای لابردنی پاشەکەوت گرنگە!!
ئارام مجید شەمێرانی
یەکەم: گرنگە حکومەت پابەندی بڕیارەکەی ببێت و موچەی فەرمانبەران سی ڕۆژ جارێک و لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا بدرێت و جارێکی دیکە موچەخۆران دووچاری ماڵوێرانی نەبنەوە.

دووەم:گرنگە حکومەت کونترۆڵی نرخەکانی بازاڕ بکات و شتومەک بەخواستی بازرگانەکان و سەرمایەداران و چاوچنۆکان گران نەبن و چاوێکی لەسەر کۆنتڕۆڵی نرخەکانی بازاڕ بێت و کۆنترۆڵی نرخەکان هێندەی لابردنی پاشەکەوت گرنگە و پێویستە بەجدی ئاگاداری ژیانی هەژاران بێت.

سێیەم:گرنگە موچەخۆر ژیانی ئابوری خۆی ڕێک بخات و ئیسرافی زۆر نەکات و کۆنترۆڵی داهاتی خۆی بکات، چونکە هەندێک لەنەهامەتیەکانی سەردەمی نیوە موچەمان بەهۆی ئەوەوە بوو ژیانی ئابوری خێزانیمان ڕێک نەخستبوو.

چوارەم:گرنگە خێزان بۆماوەی چەند مانگێکی دیکە یان زیاتر خۆی لەسەر سیستەمی نیوە موچە ڕابهێنێت و کەمێک پارەی پاشەکەوتی لەماڵەوە هەبێت و خێرا نەهامەتیەکانی ڕۆژانی پێشووی بیرنەچێتەوەو شات و پات بەموچەی مانگانەی نەکات و دوای دە ڕۆژێک وەک سڵق سیس ببێت!!!.

پێنجەم:گرنگە دوای نەمانی پاشەکەوت خێرا دەست نەکرێتەوە بەماڵ گۆڕین و مۆدێل گۆڕین و دوای مۆدێلات نەکەوین،چونکە مۆدێل گۆڕینی بێ سەروبەرە و بێسود قۆڕی کرد بەسەر خێزانی کورددا،هەندێک خێزان باجی مۆدێل گۆڕین و قەرز و قیستی مانگانەیان دەداو نەیان دەزانی چۆن لێی دەرچن.

شەشەم: گرنگە ئافرەتان پەندێک وەربگرن و ڕوونەکەنەوە بازاڕ و قەیسەری و دوای مۆدێلاتی گران بەها نەکەون،چونکە چەندە گرنگیدان بەخۆڕازاندنەوە گرنگە لەوەش گرنگتر ڕێکخستنی سیستەمی ئابوریی و عەقڵی ئیداریە،وەک وتراوە ئافرەت عەقڵی ئیداری و گەنجینەی ماڵە .

حەوتەم: گرنگە منداڵەکان واڕابهێنین کەهێشتا نیوە موچە کاریگەری زۆری ماوەو خێرا مۆدێلیان بۆ نەگۆڕین و موبایل و ئایپادیان بۆ نەکڕین دوای دوو ڕۆژ بیشکێنن و بیانوی مۆدێلی دیکە بگرن.

هەشتەم: گرنگە خێزان لەگەورە تابچوک نەهامەتی و چەرمەسەریەکانی پێشووی نیوەموچەی لەیادنەچێت، چونکە وتراوە تێگەشتن لەبارودۆخی پێشوو باشترکردنی بارودۆخی ئێستایە، پێویستە واز لە چاولێکەری بهێنین و وەک خۆمان بژین

نۆیەم:گرنگە خێزان نەگەڕێتەوە پێش سەردەمی پاشەکەوتی موچە. وەک پێشوو!! دەستنەکاتەوە نان و خواردنی زیادە ڕشتن بۆ ناو سەلەی شەخەڵ و خەتی بناغە بەئارد نەڕێژێت وەک کرا،چونکە خودا ئیسرافکارانی خۆش ناوێت و تاقیکردنەوەکانی بەردەوامن.

دەیەم: پێویستە ئەندامانی خێزان لەحاڵ و دەروونی پێشووی باوک تێبگەن، کەباوک ژیان و بارودۆخی دەروونی چۆن بوو لەسەردەمی نیوە موچەدا،چونکە زۆرترین ئازاری نیوەموچە بەر دەروونی باوک کەوت.

یازدەیەم: پێویستە ئیتر بەخۆماندا بچینەوە و وانەیەک لەنەهامەتیەکانی ساڵانی پاشەکەوتی موچە وەربگرین و پێویستە بەجدی خودامان لەیادبێت و هەمیشە سوپاسی بکەین، چونکە زۆربەی خەڵکی لەو بارودۆخە ناخۆشەدا لەنەخۆشی و بەڵایی خودای بەدووربوو، چونکە باش دەمان زانی نیوە موچەکەمان بەشی دوو عەیادەی نەدەکرد.

دوازدەیەم: ئەوەی ڕوویدا لەپاشەکەوتی موچە و هاتنە پێشەوەی ئەو بارودۆخە تاقیکردنەوەیەک بوو، پێویستە هەمیشە لەبەرچاومان بێت پەندی لێوەرگرین و غەڕا نەبینەوە،چونکە بەڕاستی خەڵک غەڕابوو!!! کەوتە ئیسراف و مۆدێل گۆڕین و لەدەرەوە نانخواردن و ماڵگۆڕینی زیادە،تەنانەت غەڕابوونمان گەشتبویە ئاستێک خەریک بوو خەڵک خوداو نیعمەتەکانی خودایی لەبیر دەچویەوە.

هەمیشە دەڵێین( الحمد لله)
کە ئێمەت لەو قۆناغە تاڵ و دژوارەدا پاراست و بەهای مرۆڤایەتی خۆمان لەدەست نەداو شیرازەی خێزانیمان بەهۆی میهرەبانی تۆوە پارێزراو دوچاری ماڵ وێرانی و سەرگەردانی نەبوین و لەهەموو ناخۆشی و تاقیکردنەوە قورسەکان دەردەداران فەقیر و هەژارانت لەیاد نەکرد و هەمیشە چاوی سۆز و میهرەبانیت لەسەرمان بوو،چونکە میهرەبانیەکەی اللە نەبوایە ئێمەی مرۆڤ بەرگەی کەمترن و بچوکترین تاقیکردنەوەکانی ڕۆژکارمان نەدەگرت و دونیاو دواڕۆژمان لەدەست دەدا.
سوپاس خودای مرۆڤایەتی سوپاس بۆ میهرەبانیەکەت.

نوێترین نوسینەکانی ئارام مەجید عەلی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌