ئەوەی هەمانە بالەدەستی نەدەین

وتار/ 21/02/2019 702 جار بینراوە

ئارام مەجید عەلی

ئەوەی هەمانە بالەدەستی نەدەین
ئارام مەجید شەمێرانی
ڕۆژ لەدوای ڕۆژ و ساڵ لەدوای ساڵ و هەڵبژاردن دوای هەڵبژاردن دۆخی سیاسی هەرێم ڕووەو خراپتر هەنگاو هەڵدەگرێت و خەرێکە دەکەوینە لێواری لێکترازان و لێک جودابونەوەو بەرەو چوارگۆشەی یەکەم و دوو ئیدارەیی هەنگاو دەنێین،ئەمەش بەهۆی جوداخوازی و یەکتر نەخوێندنەوەو یەکتر قەبوڵنەکردنی نێوان هێزە سیاسیەکانی ئەم هەرێمەیە.
واچاوەڕوان دەکرا دوای هەڵبژاردنی ئەم جارەی هەرێم هەموو لایەک لەپێناو بەرژەوەندیەکانی ئەم هەرێمەو هاوڵاتیانی ئەم هەرێمەدا دەستو بردێک بکەن و خەم و ئازار و ناخۆشی و قەیرانەکانی هاوڵاتیان چارەسەربکەن و دەست لەملان بن،بەڵام دیارە لایەنە ناکۆکەکان کۆک نابن و لەخەمی میللەت نین نایانەوێت هاوڵاتیان پشوویەک بدەن و هەناسەیەکی ئارامی و شادی هەڵمژن ماڵئاوایی لە ساڵەشومەکانی پڕقەیرانی پێشوو بکەن.
ئەوەی ئێمەی هاوڵاتی تێی ناگەین ئەوەیە نازانین ئێمە هاوڵاتی خەمی حیزبمانە یان حیزب لەخەمی ئێمەی هاوڵاتیدایە؟ بارودۆختان تێکداو دەنگمان پێدان لەخەممان بن و چاکی بکەنەوە بەڵام بەرژوەندی تەسکی حیزبی و کەسی خەریکە هەرێمەکەمان دووچاری لێکترازان و ماڵوێرانیەکی دیکە دەکەن و هەرکەسەو بە بەرژەوەندی خۆی پێوانەی دەکات و بەئاوازی خۆی سەما دەکات.
پەیامەکەم بۆ شەش پارتە سەرەکیکەی هەرێم ئەوەیە ئێوە:(پارتێکتان نیشتیمانین و پارتێکی دیکەتان دیموکراتین و پارتێکی دیکەتان گۆڕانکارو دوانی دیکەتان ئیسڵاح خواز و ئیسلام خوازن و پارێکی دیکەش نوێخواز) لەڕاستیدا ئەم چەمکانەتان زۆر جوان و مانادار و ڕازاوەن، ئەگەر ئێوە خوشگوزەرانی و ژیاندۆستی وئاشتەوایی و دڵخۆشی و خزمەتکردنی ئەم میللەتەتان دەوێ؟ دەی وەرن هەمووتان پێکەوە ئەم دروشمانەتان بخەنەگەڕ و بیکەن بەکردار بۆ خزمەتکردنی ئەم میللەتە ماندووە زوڵملێکراوە دڵشکاوە خاکدابەشکراوە ماڵسوتاوە و دایک جەرگ سوتاوە!! بۆجارێکیش بێت لایەکتان دەنگ هەڵبڕێت و بڵێت لەبەر جەرگ سوتاوی و دڵشکاوی دایکی شەهیدان واز لەبەرژوەندیە حیزبیەکانمان دێنین!

تکایە پێکەوەبن و لەخەممان بن و لەگەڵ دروشەکانی خۆتان ڕاستگۆبن ونیشتیمانێکی لێوان لێو لە دیموکراتی و چاکسازی و پڕگۆڕانکاری و سەرلەنوێ نوێبونەوەو ئیسلامخوازمان بۆ بونیادبنێن و هەرێمەکەمان بکەنە هەوێنی ئاشتی و تەبایی و پێکەوە ژیان با ئێوەی حیزبەکان و ئێمەی هاوڵاتی لەخەم و خزمەتی ئەم نیشتیمانەمانەدا بین و پێکەوە بیپارێزین، چونکە ئەگەر خۆمان جارێکی دیکە لەتی بکەین و دابەشی بکەین و ڕەنگی بکەین دڵنیام دووژمنەکامان لەئێمە ئازاترن و بەتواناتر و ڕەنگڕێژتر و لێزانترن و دابەشمان دەکەن بۆ هەزار پارچە و هەزار ڕەنگی دیکە،ئەوکات پێکەوە لکان و پێکەوەبوون و پێکەوە هەڵکردنمان زۆر ئەستەم دەبێت و ئەوکات هەموومان دەکەن بەدووژمنی یەک و بەهێزی خۆمان،خۆمان لەناودەبەین و ئەوەی هەمانە بەئاسانی لەدەستی دەدەین و زیاتریش دەکەوینە دەرەوەی بازنەی مێژوو!!! تکایە ڕێک و تەباوبن و ڕێککەون تەنها لەبەر خاتری دڵسوتاوی دایکی شەهیدان.

نوێترین نوسینەکانی ئارام مەجید عەلی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌