جیاوازی نێوان (بـــــــرا) و (بـــــــــرادەر)

وتار/ 25/11/2018 2123 جار بینراوە

ئارام مەجید عەلی

جیاوازی نێوان (بـــــــرا) و (بـــــــــرادەر)
ئارام مجید شەمێرانی
لەو کاتەوەی مرۆڤ هاتە سەر زەوی و ژیانی سەر زەوەی بۆ دەسەبەرکراو چین و توێژ و کۆمەڵەو خێزان و گروپ دروستبوو،ئیدی مرۆڤەکان هەم برایان پەیدا کرد و هەم برادەر، لەوکاتەوە هەردوو چەمک هاتە نێو کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و هەردوو چەمک وێنەیەکی جیاوازتریان بەژیان بەخشی.

لەڕاستیدا لەژیانی مرۆڤەکاندا براو برادەر لێک جیاو جیاوازن، براو برادەر دوو چەمک دوو ڕووی یەک دراو لەهەمان کاتدا دوو ڕووی جیاو جیاواز، دوو چەمک یەک واتا لەهەمان کاتدا واتا جیاو جیاواز،ئەم دوو چەمکە دەستەملانی نێو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بوون و لەژیانی مرۆڤەکاندا هەڵکردن بەبێ برا یان برادەر زۆر دژوارو ئەستمە،چونکە مرۆڤ بونەوەرێکی کۆمەڵایەتیە و ئاسان نیە بەبێ یەکێک لەو دوو چەمکە هەڵبکات و ژیانێکی ئاسایی بەڕێ بکات، چونکە مرۆڤەکان لەژیانیدا پێویستی بەبرا و هەم بەبرادەر هەیە.

بـــــرا، ئەو مرۆڤەیە خودا بەبێ ویستی خۆت هێناویەتیە ژیانت و پێی بەخشیویت و بووە بەبرات واتە برای شیری دایک و باوک و یان زڕبرا،لەهەڵبژاردنی ئەم دوانەدا مرۆڤەکان بێ ویست و ئیرادەی خۆیان برایان بۆ دیاری کراوەو ئەم کارەی خودا بێ حیکمەت نیەو نەبووە،ئەم برایەش لەچوارچێوەی یەک خێزان یان دوو خێزان کۆبونەتەوەو پشت و پەناو دڵسۆز و خەمخۆری یەکترن و لەژێر چەتری خێزانێک یان دوان کۆبونەتەوەو بوون بەبرا.

بــــــرادەر، بەکوردی پەتی وەک لەنێو کوردەواریدا هاتوە برادەر واتە ئەو مرۆڤەی لەدەرەوە بــرادەرتە(برای دەرەوە)،برادەر ئەو مرۆڤەیە بەویستی خۆمان و بەحەزی خۆمان لەنێو کایەی ژیان هەڵمان بژاردووە و کردومانە بەهاوڕێی ڕۆژگار، واتە برادەر لەنێو خێزانێکی جیاوازو لەدەرەوەی خێزانی خۆمان و لەدەرەوەی کار و ویست و حەز و بەرژەوەندی ڕۆژگار لەدەوری یەک کۆبونەتەوە وەک بــــــرادەر پێکەوە ڕۆژەکانی ڕۆژگار دەگوزەرێنن.

بــــرا یان بــــرادەر کامیان باشترە؟
وەک پێشتر وتمان بـــــرا بەبێ ویستی خۆمان بۆمان دیاریکراوەو بوە بەبرا،برا هەم پشتەو هەم خوێنەو هەم گیانە،برا واتە دڵسۆزی و پێکەوەبون و هاوخەمبون و هاوکاربونە،برا جێگەی ئومێد و متمانەو پڕکەرەوەی کەلێنەکانی ڕۆژگارە، برا چ لەناو خێزان و چ لەدەرەوەی خێزان و لەیەک شار و لەیەک وڵات و لەشارو وڵاتی جیاوازیش بێت هەر براتە،برا واتە سۆز و وەفاو خەمخۆری پێکەوەبون و دڵ لای یەک بوون و هاوژیان و هاوئازار و هاخۆشی و لەبوون و نەبونیدا پێکەوەن و لەدەوری یەکن و بۆ یەکن و لەدڵی یەکن و لەخەم و ئازاری یەک دەگەن،دەشێت بوترێت برا هەم برایەو هەم برادەرە،واتە لەهەموو کات و هەموو سەردەمێکدا ئەگەر خەمخۆری و دڵسۆزی و پێکەوەبون و ڕێز هەبێت، برا یەکێکە لەو بەخششە زۆر جوان ونایاب و هەڵبژاردانەی خودا بۆ ئێمەی مرۆڤ،چونکە بێ برای زۆر ناخۆش و زۆر زەحمەتەو نەبونی کەلێنێکی گەوەرەیە لەژیانی مرۆڤ.

لەکوردەواری و لەنێو کۆمەڵگەی کوردیدا بـــرادەر بەکەسێک دەوترێت بەویست و خواستی خۆت لەکایەی ژیان وەک برای دەرەوە لەدەرەوەی خێزان و خوێن و پشت هەڵت بژاردوە، ئیدی ئەمە کەبەویستی خۆت هەڵت بژاردوە هەم براتە لەدەرەوە و هەم هاوڕێتە لەڕێگەی ژیان، زۆر جار برادەر بۆ بەرژەوەندیەو هەندێک جاریش بۆ دڵسۆزیە،هەندێک جاریش وەک برا هاوخەم و دڵسۆز و هاوکارتە،بەڵام یاسای ژیان پێمان دەڵێت هەرگیز برادەر وەک برای دڵسۆز و خەمخۆر نابێتە براو و شوێنگرەوی برا،تەنیا لەکاتێکدا نەبێت براکان یەکیان نەوێت و تەماحی ڕۆژگار لەیەکی جیاکردبن و دوور لەخەم و ئازاری یەکبن و بون و نەبوون لەبراداری خستبن، ئەوکات ئیدی برادەری دڵسۆزیش هەم برایەو هەم برادەر.

لەڕاستیدا خەمی ڕۆژگار و ئاڵۆزی ژیان و بوون و نەبوونی و کەمبونەوەی (براو برادەرایەتی) و خۆخۆیی و شوێن کەوتنی پارەو و مۆدێلات و ململانێی دەوڵەمەندبوون و گەورە کردنی جیاوازیکان و وردکردنەوەی کێشەکان و نەمانی دڵسۆزی و خەمخۆری و نەمانی بەدەمەوەبونی یەکتر، وایکردووە قورس و گران بێت جیاوازی لەنیوان چەمکی براو برادەر بکەیت، چونکە ژیان و بەرژەوەندیەکان و دابڕان و لێک دووریەکان وای لێهاتووە هەندێک جار (بــــرا برادەرتەو هەندێک جاریش بـــرادەر براتە!).

بەڵام لەهەمان کاتدا لەنێو براو برادەرایەتیدا جیاوازی هەیە بەڵام گرنگ (خۆنەپەرستی و دڵسۆزی و خەمخۆری و بەدەمەوەبوونی یەکتر و هاوکاریبون و پاراستنی نێهێنی و جێگەی ئومێدبوون و یارمەتیدان و کەمکردنەوەی ئازارەکانی ڕۆژگارو پرکردنەوەی کەلێنەکان و پشت و پەنای یەکتر و ڕێزگرتن و سەردانیکردن و بچوککردنەوەی کێشەکان و لابردنی وردەگلەی و تێکەڵاوی و گەڕاندنەوەی سۆز و خۆشەویستی و دورکەوتنەوە لەململانێ و یەکترشکان و یەکترخستن دەرخستنی کەم و کوڕیەکان) ئەوکات دەشێت بوترێت بــــــرا هەم بــــراتەو هەم بــــــرادەر و برادەریش هەم براتەو هەم برادەر، لەهەردوو چەمکەکەشدا (دڵسۆزی و متمانەکردن و قوربانیدان و ڕاستگۆیی و خەمخۆری و بەدەمەوەبوون و ڕێزگرتن وهاوکاری و هابەشیبوون لەخۆشی و ناخۆشی.....) بنەمای براو برادەریە.

نوێترین نوسینەکانی ئارام مەجید عەلی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌