خوێندکاری زانکۆ لە نێوان (کۆرسبوک و مامۆستا)دا

وتار/ 25/11/2018 1450 جار بینراوە

ئارام مەجید عەلی

خوێندکاری زانکۆ لە نێوان (کۆرسبوک و مامۆستا)دا

لەم ھەرێمەی خۆمان ئەمڕۆ چەندان زانکۆ هەیە بەگشتی و تایبەتیەوە،ساڵانەش لەم زانکۆیانەدا زیاد لەسەدان خوێندکار بڕوانەمە بەدەست دەھێنن، زانکۆکانمان خاوەن سەدان مامۆستان لەھەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا ھۆکارن بۆ دەرچواندنی خوێندکارانی زانکۆ تائێستاش نەزانراوە ئایا ئەم مامۆستانە ئاستی مەعریفیان چۆنە و چەندە؟ یان لەئاستی ئەوەدان ببنەمامۆستای زانکۆ؟!یان ئەو کۆرسبووکانەی ئەمڕۆ ئەوان بەخوێندکارانی دەدەن چۆنە و چۆن ھەڵسەنگاندنی بۆدەکرێت؟یان لەئاستی زانستی وادان وەک مەنھەجێک بدرێت بەخوێندکاران؟یان چەندێک ھۆکارن بۆ فراوان بوونی ئاستی بیروھۆشی خوێندکار؟یان لەسادەترین پرسیاردا ئایا ئاستی زانستی و مەعریفی ئەو کۆرس بوکانە ھێندەیە بکرێت بەپەرتوکێک و بخرێتە بەردیدەی خوێندەواران و ڕۆشنبیران یان بەرپرسانی وەزارەتی خۆێندنی باڵا؟ ڕەنگە ئەم ناونیشانەت پێ سەیربێت و وەک ھاوکێشەیەک بێتە پێش چاوت،بەڵام لەڕاستیدا ئەمە نەسەیرە و نەھاوکێشەیە بەڵکو ئەم بابەتە دیاردەیەکی باوی ساڵانەیە کەلەنێو زانکۆکانی کوردستان بوونی ھەیە لەزانکۆکانی ئەمڕۆی کوردستان کۆرسبوک وەک مەلزەمەیەک دەدرێت بەخوێندکار و توانای خوێندکاریش لەو چوارچێوەیەدا سنوردارکردوە.


لەئێستادا لەزانکۆکانی کوردستان لەبری مەلزەمە و ناوی مەلزەمەی جاران پەیڕەوی دیاردەیەکی دیکەو ناوێکی دیکە دەکرێت ئەویش (کۆرسبوک)ە لەبری مەلزەمە، دەکرێت بپرسین کورسبوک چیە؟ چی لەخۆی دەگرێت؟ چی بەخوێندکاری زانکۆ دەبەخشێت؟چەندە عەقڵیەت و ئاسۆی بیروھۆشی خوێندکار فراوان دەکات؟دواجار دوای چوارساڵ لەخوێندنی کۆرسبوک خوێندکار چی فێردەبێت؟ئایا مامۆستای زانکۆ لەکۆرسبوکدا چی بەخوێندکار دەدات؟کۆرسبوک ئەو توانایەی ھەیە خوێندکار پێ بگەیەنێت و پێویستی بەخوێندنەوەی کتێبی دەرەکی نەبێت؟یان دەپرسین ئایا کۆرس بووک لەقاڵبدانی عەقڵیەتی مامۆستا و خوێندکارنیە؟ یان ئایا ناکرێت مامۆستای زانکۆ لەبری کۆرسبوک پەیامێکی گرنگتر بدات بەخوێندکار؟ئایا کۆرسبوک ئاستی زانستی خوێندکار بەرزدەکاتەوە یان لاوازی دەکات؟ئەم پرسیارانە و دەیانی دیکە لەنێو زانکۆکانی ئەمڕۆی کوردستان دێن و دەچن بەڵام کەس خۆی بەبەرپرس نازانێت!یان ھۆکاری دابەزینی ئاستی خوێندکار نازانرێت لەچیەوە سەرچاوە دەگرێت؟ئایا خوێندکار لەنێوان بەرداشی کۆرسبوک و مامۆستا بەکوێ دەگات؟


سەیرە ئەمڕۆ لەکوردستان ھەر کەس بوو بەھەڵگری بڕوانامەی ماستەر یان دکتۆرا خێرا لەنێو زانکۆکانی کوردستان وەک مامۆستای زانکۆ یان وانەبێژ دەست بەکار دەبێت ئیدی ناپرسن یان تاقیناکرێنەوە و بزانن تاچەند ھەڵگرانی ئەم شەھادانە تاچەند لەئاستی زانستی زانکۆن وتاچەند ئاستی مەعریفیان لەئاستی زانکۆدایە و تاچەند توانای ئەوەیان ھەیە خوێندکارێکی باش پێ بگەیەنن؟ سەیرە زۆر کەسمان ھەیە ھەڵگری بڕوانامەی ماستەر یان دکتۆران و تائێستا خاوەن بڵاوکراوەیەک یان وتارێک یان وەرگێڕانێک یان توێژینەوەیەکی ئەکادیمی نین و بەخۆشیان دەڵێن مامۆستای زانکۆ؟!!


ئامادەکردنی کۆرسبوکێک بۆ خوێندکارانی زانکۆ بەچوار سەرچاوە یان کەمێک زیاتر چی دەبەخشێت بەخوێندکارانی زانکۆ؟یان سودی زانستی کۆرسبوک چیە؟ئایا ئاستی خوێندکارانی زانکۆ ھێندەیە کۆرسبوکێکی چوار پێنج سەرچاوە ئاسۆ و بیری مەعریفیان فراوان بکات؟!لەکاتێکدا لەدونیای پێشکەتن و تەکنەلۆژیای ئەمڕۆدا ھەر کەسە و بۆ خۆی یان ھەر ماڵە و بۆ خۆی خاوەنی چەندان کتێبە یان خوێندکار دەتوانێت لەنێو سەرچاوەکانی ئینتەرنێت لەوە زیاتر بزانێت کەلەنێو کۆرسبوکێک بۆ ساڵێکی خوێندن بۆی ئامادەکراوە!!بەڵام خوێندکار وابەسەتەکراوە بەو کۆرسبوکەوە و ھیچ ماندوو نابێت و خۆی ماندووناکات بەدوای بابەتی دەرەکیدا بگەڕێت و لەبری خوێندنەوەی چەندکتێبێک بۆ بابەتەکەی لەنێو کۆرسبوکەکەدا بە شەش حەوت دێڕێکی کورت خراوەتە بەردەستی ئیدی تواناو تاقەتی خوێندکار بۆ فێربوون و خوێندنەوە دەکوژێت و ھەر ئەمەش وایکردووە خۆیندکار خۆشی ئەوەی پێخۆشبێت بەکەمترین ماندووبوون چەند وشەیەکی نێو کۆرسبوک لەبەر بکات و وەک خۆی لەکاتی تاقیکردنەوەدا بیداتەوە بەمامۆستا و نمرەیەکی کۆرسبوکی بەدەست بهێنێت!ئیدی ئیشی مامۆستای زانکۆ چیە؟!ئەگەر مامۆستایەکی زانکۆ زیاد لەزمانێک نەزانێت و قسەی پێ نەکات و وەرگێڕانی پێ نەکات چۆن ڕێگە بەخۆی دەدات و بەخۆی بڵێت مامۆستای زانکۆ؟!!

دەپرسم مامۆستایەک بەخۆی دەڵێت مامۆستای زانکۆ لەژیانی مامۆستای زانکۆیەتیدا نەبووە بەخاوەن کتێبێک کە خۆی نوسیبێتی یان نەزانینی زمانێک کە کتێبێکی باش بۆ خوێندکار وەرگێڕێت یان تائێستا لەنێو گۆڤار و بڵاو کراوەکان توێژینەوەیەک یان نوسراوێکی بڵاو نەکردبێتەوەو سودێکی هەبێت، ئیدی کۆرسبوکێک چۆن ئامادەدەکات و ئەگەر بەھەرناوێک ئامادەی کات چی دەدات بەخوێندکار؟

لەوەش سەیر تر ئەوەیە زۆر مامۆستای زانکۆ ھەیە جگە لەوانەی کەباسمان کردن تائێستاش توانا و ئاستی زانستی و مەعریفی ئەوەندە نیە یان لەتوانای مەعریفی خۆی ڕانابینێت ماستەر یان دکتۆراکەی بکات بە کتێبێک و بیخاتە بەردیدەی خوێندکاران و ڕۆشنبیران و خوێندکارانی ئەم وڵاتە؟!! لەڕاستیدا ئەمە کارەساتە و کارەساتەکەشی لەوەدایە خوێندکارنی زانکۆ لەبەردەستی ئەم جۆرە مامۆستایانە پێدەگەن و دەبنە خاوەن بڕوانامە!لەڕاستیدا مامۆستایەتی لەزانکۆ ھەروا کارێکی ئاسان نیە چونکە لوتکەی زانست و زانیاری ئەمرۆ زانکۆکانن و پێویستە کەسانێک تێیدا مامۆستابن کەسانی پسپۆڕ و شارەزا و ماندونەناس و زمانزان بن،کەسانێک بن خاوەن نوسین و توێژینەوەبن کەسانێک بن بەتەواوەتی خۆیان تەرخان کردبێت بۆ مامۆستایەتەی زانکۆ!! من دڵنیام کۆرسبوک ھەمان مەلزەمەی جارانە لەقاڵبدانی عەقڵ و مەعریفەی خوێندکارە و کوشتنی ئاستی بیرکردنەوە و خوێندنەوەی خوێندکارە،ھەر ئەم کۆرسبوکەشە وای لەخوێندکار کردووە واز لەخوێندنەوەی دەرەکی بھێنێت و بەدوای کتێب و کتێبخانە نەکەوێت، بریا وەزارەتی خوێندنی باڵا بەدواداچونێکی بۆ ئەم دیاردەیە بکردایە.

نوێترین نوسینەکانی ئارام مەجید عەلی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌