چارەکە ملیۆنێک جیاوازی لەژمارەی دانیشتوان بۆ ؟
وتار/
24/11/2018
591 جار بینراوە
عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا
چارەکە ملیۆنێک جیاوازی لەژمارەی دانیشتوان بۆ ؟
لەوەڵامی پرسیارێکی ئەحمەدی حاجی ڕەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەبارەت بەژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان ، وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی ناوەند لەوەڵامی ئەو ئەندامەکوردەی ئەنجومەنی نوێنەراندا دەڵێ : کۆی ژمارەی دانیشتوانی عێراق بریتیە لە ( ۳۸ ملیۆن و۱۲٤ هەزارو ۱۸۲ کەس ).
لەناویشیدا کۆی ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستانیشی دیاریکردوە کە بریتیە لە ( ٥ ملیۆن و ۳۰۹ هەزارو ٥۹۲ کەس)کە هەرێمی کوردستانی بەسێ پارێزگا ناساندوەو پارێزگای هەڵەبجەش لەگەڵ سلێمانی هەژمارکراوە نەک وەک پارێزگایەکی سەربەخۆ ، بەم شێوەیەی خوارەوە ؛
-- پارێزگای هەولێر ( ۱ ملیۆن و۸٥٤هەزارو۷۷۸ کەس )
-- پارێزگای سلێمانی ( ۲ ملیۆن و۱٦۲هەزارو۲۷۹کەس)
-- پارێزگای دهۆک ( ۱ ملیۆن و۲۹۲هەزارو ٥۳٥کەس)
کەدەکاتە ڕێژەی ( ۱۳٫۹۲۷٪)کۆی دانیشتوانی عێراق .
بەڵام دەستەی ئاماری هەرێمی سەربەوەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆهەمان ساڵی ( ۲۰۱۸) ژمارەیەکی ترمان پێ دەڵێت بۆکۆی ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان جگە لەناوچەدابڕێنراوەکان ودەرەوەی ئیدارەی هەرێم کە نزیکەی ( ۲٦۰ )دووسەدو شەست هەزاری زیاترە لەو ژمارەیەی کەوەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاشکرایکردوە .
ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بەپێی ئامارەکەی دەستەی ئاماری هەرێم بۆساڵی (۲۰۱۸) بریتیە لە ( ٥ ملیۆن و ٥۷۷ هەزارو ۸۱٥ کەس ) .
ئەمەلەکاتێکدا کە هەربەپێی ئامارێکی تری دەستەی ئاماری هەرێم ژمارەی دانیشتوانی هەرێم بۆساڵی ( ۲۰۱۷) بریتی بووە لە ( ٥ ملیۆن و ٥٤۹ هەزارو ۱۰۰ کەس )
بەکوردی وبەکورتی جیاوازی نێوان ژمارەی دانیشتوانی هەرێم بەپێی ئەو دوو ئامارەی وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی ناوەندو دەستەی ئاماری سەربە وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێم زیاترە لە چارەکە ملیۆنێک هاوڵاتی ، یاخود وردتربڵێین جیاوازی هەردوو ئامارەکە بریتیە لە( ۲۲۳ ۲٦۸) دووسەدو شەست وهەشت هەزارو دووسەدو بیست وسێ کەس ، ئەمەش جیاوازییەکی زۆرە لەنێوان ناوەندو هەرێم بۆهەژمارکردنی دانیشتوانەکەی .
بۆیە لێرەدا چەند پرسیار دروست دەبن کەمەحاڵە وەڵامێکی ڕاست ودروستمان چنگ بکەوێت لەوانە ؛
ــ کام لەم دوو ئامارە ڕاستن بۆ دانیشتوانی هەرێم ؟
ــ ئەم دوو ژمارە جیاوازە تاچەند کاریگەری دەبێت لەسەر بڕی بودجەی تەرخانکراو بۆهەرێم ؟ چونکە ژمارەی دانیشتوانی هەرێم بەپێی ئامارەکەی ناوەند کەمترە لە (۱٤٪)ی کۆی دانیشتوانی عێراق بەڵام بەئامارەکەی هەرێم زیاترە لە ( ۱٤٫٥٪) کۆی دانیشتوانی عێراق ، ئەو جیاوازییەش بۆتەرخانکردنی بودجە چەردەیەک پارەدەکات.
ــ ئامانج چیە لەزیادنوسینی دانیشتوانی هەرێم لەلایەن دەستەی ئاماری هەرێمەوە ؟ ئەی لەکەم نوسینی دانیشتوانی هەرێم لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە ؟
ماوەتەوە بوترێت لەوڵات وهەرێمێکدا دەیان ساڵ بێت سەرژمێرییەکی دانیشتوانەکەی نەکرابێت ئەوا نەک یاریکردن بە ژمارەی دانیشتوانەکەی ئاسانە بەڵکو هیچ داتاو ئامارێکی وردت دەستناکەوێت لەهیچ بوارو سێکتەرێکدا، و ئەو داتاو ژمارانەش کە زۆر دەوترێن ودەبیسترێن زیاتر ڕێژەیی یان نزیککراوەین وهیچی تر . بۆیە لێرەوە دەکرێت و دەشتوانین حکومەتی ناوەندو هەرێم بەدوو شوێنی یاریکردن وگۆڕینی ژمارەکان پێناسەو ناوزەند بکەین .
بەهیوای چڕکردنەوەی هەوڵەکان لەکەناڵە هەمەجۆرەکانەوە بۆئامادەسازی وکارکردن تاکو سەرژمێرییەکی ورد لەعێراق وهەرێمدا ئەنجامبدرێت و ڕزگارمان بێت لەم یاریکردنە بەداتاو ژمارەو دانیشتوانەکەشیەوە ، چونکە عەیبەیەکی گەورەیە لەم سەردەمی جیهانگیری و پێشکەوتنەی بواری تەکنۆلۆژیایەدا نەزانیت ودڵنیا نەبیت لە ژمارەی دانیشتوانی وڵات وهەرێم و شارو شارۆچکەوگەڕەکەکانیشت ، بەڵکو ئەوەی لێی دڵنیا بیت تەنها ژمارەی خێزانەکەی خۆت بێت وهیچی تر.
عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا
نوێترین نوسینەکانی عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا