ڕێژەی کورسی حیزبەکان بۆ پەرلەمانی کوردستان

وتار/ 26/08/2018 1095 جار بینراوە

ئارام مەجید عەلی

ڕێژەی بەشداری هاوڵاتیان و ڕێژەی کورسی حیزبەکان بۆ پەرلەمانی کوردستان
ئارام مجید شەمێرانی
بەخوێندنەوەو سەرنجدان لەهەڵبژاردنەکانی پێشوو، تێگەشتن لە بارودۆخی سیاسی ئێستای هەرێمی کوردستان، وا پێشبینی دەکرێت ڕێژەی بەشداری هاوڵاتیان و دەنگدەر لەم هەڵبژاردنەدا کەمبێت و لەئاست چاوەڕوانی حیزبەکان نەبێت،ئەوەش بەهۆی بارودۆخی سیاسی و ململانێی حیزبەکان و ناکۆکی ناوخۆی حیزبەکان و کەمبونەوەی متمانەی هاوڵاتیان بەهەڵبژاردنەکان و کەمی حزمەتی حیزبەکان بەهاوڵاتیان و کەمبونەوەی متمانەی هاوڵاتیان بەپەرلەمان و کاری پەرلەمانی ،لەم سۆنگەیەشەوە وا پێدەچێت ڕێژەی بەشداری هاوڵاتیان بۆ هەڵبژاردنی 30-9-2018 لەنێوان لەسەدا 45بۆ60 بێت،بەڵام ئەم ڕێژەیەش هەرچەندبێت لەقازانجی دوو حیزبی دەسەڵاتدارە لەهەرێمی کوردستان.

هاوکات بەسەرنجدان لەهەڵبژاردنەکانی پێشوو دەکرێت ڕێژەی کورسی هەندێک حیزب زیادبکات و هەندێکی دیکە کەم بکات و ئاستی دووەم و سێیەمیش گۆڕانکاری بەسەردا بێت و حیزبی دیکە بێتەپێشەوە. سەرئەنجام بەپێچەوانەی هەڵبژاردنەکەی پێشوو، پەرلەمانی ئەم جار گۆڕانکاری بەسەردادێت و حکومەتی بنکەفراوان جارێکی دیکە تاقی ناکرێتەوەو بەهەڵسەنگاندنی باروودۆخەکە حکومەتێکی زۆرینە لەنێوان (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان) پێکدەهێنرێت،ئەمەش لەئاستی گشتی هەرێمدا بەواتای ئەوەی پارتی دیموکرات لەپلەی یەکەمدا دمێنێتەوەو یەکێتی نیشتیمانی لەحیزبی سێیەمەوە دەبێتەوە بەحیزبی دووەم و لایەنەکانی دیکەش دەبنەوە ئۆپۆزسیۆن و پۆستەکانیش لەنێوان براوەی یەکەم و دووەم دابەش دەکرێت،پێدەچێت یەک دوو حیزبی خاوەن یەک کورسی بەرژەوەنیخواز بەشداری پێبکەن و چەند پۆستێکی بچوک وەرگرن، واتە کـێــــکی دەسەڵات ئەمجار لەنێوان دوو حیزبدا دابەش دەکرێت و حیزبەکانی دیکە بەشیان نابێت.
لێرەوە دەکرێت لەدوای پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو گوشارەسیاسیەکانی دوو حیزبەکە زیاتربن و دەکرێت بارودۆخێکی جیاواز لەوەی پێشوو بێتەکایەوە.

ڕێژەی 100کورسی پێشبینیکراوی هەندێک لەحیزبەکان جگە لە 11 کورسی کەمینەو پێکهاتەکان

پـــــــــــــــــــــارتی...........36-37
یــــــــــــــــــــەکێتی....... 20-21
گـــــــــــــــــــــۆڕان......... 14-15
نــــــــــــــــــــەوەی نوێ........... 9
هاوپەیمانی بەرەو ئیصلاح..... 7
کــــــــــــــــــــــــــۆمەڵ .......... 4
هـــــــــــــــــــاوپەیمانی.......... 5
لیستی ســــــــــــەردەم .......... 1
ئـــــــــەوانـــــــــــــی تر............1


چەقی ململانێی هەڵبژاردن
بەخوێندنەوەو پێشبینی بۆ بارودۆخی سیاسی و جوگرافی هەرێمی کوردستان، تائێستاش واهەڵسەنگاندن بۆ ئەم هەرێمە دەکرێت شێوە دوو ئیدارەییەک باڵی بەسەردا کێشابێت،ئێدارەی زەرد کەمتر کێشەوململانێی سیاسی و ململانێی هەڵبژاردنی تێدابێت،تائاستێکی باش یەکلایی بوەتەوە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و لەدوو پارێزکای ئەو زۆنەدا ئەم حیزبە لەئاستی یەکەم دەمێنێتەوەو چاوەڕواندەکرێت ڕێژەی کورسیەکانیشی زیادبکات لەو ناوچەیە.
سەبارەت بەزۆنی سەوز یان نیلی، بەڕای زۆربەی شارەزایان و چادێرانی سیاسی وا پێشبینی دەکەن چەقی ململانێی هەڵبژاردنی ئەمجارە لەم زۆنەدابێت و کێبڕکێکە لەنێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتیمانی بێت بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین کورسی و گەشتنەوە بەپلەی یەکەم لەئاستی ئەم زۆنەو بەدەستهێنانەوەی پلەی دووەم لەئاستی هەرێم،تاڕادەیەک بەدەستهێنانەوەی پلەی دووەم بۆ بزووتنەوەی گۆڕان کەمێک قورس و ئەستەمە؟ چونکە لەم زۆنەدا جوڵانەوەیەکی تر بەناوی جوڵانەوەی نەوەی نوێ هاتوەتە سەرشانۆی سیاسی و ئەویش لەم زۆنەدا خۆی بەڕکابەری ئەم دوو حیزبە دەزانێت و چاوی لەپلەی دووەمە و چاوەڕوان دەکات لەم زۆنەدا ڕێژەیەک کورسی باش بۆخۆی مسۆگەربکات و هاوکاتیش زیادبوونی دەنگی نەوەی نۆی بەدەستهێنانی بەشێکی بەرچاوی دەنگدەری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕانە، ئەمە جگە لەهێزەکانی دیکە بەتایبەت هاوپەیمانی و کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامی، دواجار واچاوەڕوان دەکرێت بەهۆی هەیمەنەی سیاسی و سەربازی یەکێتی لەم زۆنە بەشێکی زۆری ململانێ سیاسیەکەو ڕێژەی کورسی ئەم زۆنە بەقازانجی ئەم حیزبەبێت،واتە ململانێکە بەسودی یەکێتی نیشتیمانی لەم زۆنە کۆتایی دێت، بەمەش ئەم حیزبە دەبێتەوە بەحیزبی دووەم و ململانێی سێیەم و چوارمیش لەنێوان بزووتنەوەی گۆڕان و جوڵانەوەی نەوەی نوێدا دەبێت.

حکومەتی داهاتوو
سەرئەنجامی هەڵبژاردنیش بەشێویەکە واگومان دەکرێت پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو زۆرینەبێت، واتە حکومەتەکە لەنێوان (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان)دەبێت،بەمەش پەرلەمانی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش درووسبونی ئۆپۆزسیۆن و زۆربەی هەرەزۆری یاساکان بەخواستی ئەم دوو حیزبە دەردەچن و بەمەش زیاتر پێگەی خۆیان لەنێو دامودەزگاکان بەهێزدەکەن و سەردەمی حکومەتی بنکەفراوان بەسەر دەچێت،چونکە ئەو جۆرە حکومەتە جگە لەزیان سودێکی ئەوتۆی بۆ هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە نەبوو. بەمەش هاوڵاتی وا چاوەڕوان دەکات حکومەتی داهاتوو زۆر ترین خزمەت پێشکەش بکات کەلەسودی هاوڵاتیانی هەرێمی کورستان بێت.

تێبینی:
یەکەم:ئەم وتارە دورە لە هەموو وەلابونێکی حیزبی و هاوسۆزی بۆ هیچ کەس و لایەنێک و تەنها پێش بینیکردنە.
دووەم:ئەمەی نوسراوە تەنها پێشبینیەو مەرج نیە هەموو پیشبینیەک ڕاست دەرچێت.

نوێترین نوسینەکانی ئارام مەجید عەلی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌