سەرگوزشتەیەك لەسەر دیواری گەورەی چین

وتار/ 10/08/2018 1107 جار بینراوە

ئارام مەجید عەلی

سەرگوزشتەیەك لەسەر دیواری گەورەی چین
(درێژترین گۆڕستانی جیهان)
ئارام مەجید شەمێرانی
دەسپێك
یەكێك لەسیمبولە ناسراو و بینراوەكانی وڵاتی چین و جیهان دیوار(شورا)ی گەورەی چینە كە بوەتە ناسنامەیەكی شارستانی و نەتەوەیی گرنگ و بڕبایەخ بۆ چینیەكان,لەمێژووی چیندا تائەمڕۆ ئەم دیوارە گرنگی خۆی لەڕووی(هزر و سیاسەت و ئابووری و شارستانی و جەنگ)ەوە هەبوە,ئەم دیوارە یەكەمین سنوری دەستكردی مرۆڤە نەك تەنیا هۆزێك یان نەتەوەیەك بەڵكو سنوری جوگرافی دوو دەوڵەت لێك جیادەكاتەوە,وە یەكەمین هەنگاوی گرنگی مرۆڤە كەشارستانی و بەربەریەت لەیەك جیادەكاتەوە,ئەم دیوارە وەك تەكنیكی سەربازی و كاری ئەندازیاری گەورەترین كاری شارستانیەت و كاری بیناسازی و ئەندازیاری مرۆڤ دەبینرێت,لەم پێوەدانگەوە تەنیا دروستكراوێكی دەستی مرۆڤە كە گەشتیارانی ئاسمانی لەئاسمانەوە دەیبینن,وە بەهۆی هونەری ئەندازیاری و وردەكایەوە بوە بەیەكێك لە حەوت سەرسوڕهێنەرەكەی جیهان, وەبەهۆی جوانی و سەرنج ڕاكێشیەكەیەوە ساڵانە چەندین هەزار گەشتیاروگەڕیدە سەردانی ئەو دیوارە دەكەن و ئەمەش دەسكەوتێكی ئابوری گرنگ دەبەخشێتە چینیەكان.    
مێژووی دروستكردن و قۆناغەكانی دیواری چین
میژووی دروستكردنی ئەم دیوارە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی حەوتەمی پێش زاین,زۆربەی میژوونوسان ڕایان وایە كەمێژووی ئەم دیوارە لەسەدەكانی شەش و حەوتەمی پێش زاینەوە دەست پێدەكات و تاسەدەی پازدەیەمی زاینی بەردەوام دەبێت,هەندێكی دیكەش پێیان وایە ئەم دیوارە لەسەدەی پێنجەمی زاینەوە دەست پێدەكات(1) هەندێكی دیكەش دەڵێن دروستكردن و بنیاتنانی دیواری گەورەی چین  لەسەدەی دووەمی زاینیەوە دەستی پێكردوتاوەكو سەدەی حەڤدەی زاینی درێژەی كێشا(2)هەندێك میژوونوسی دیكە سەرەتاو بەرنامەی دەست پێكردنی ئەم دیوارە دەبەنەوە بۆ ساڵی 300پێش زاین(3)كۆمەڵێكی دیكەش سەرەتاو دەسپێكی دروستكردنی دیواری چین دەگەڕێننەوە بۆ یەكەم ئیمراتۆری چین كە (كین شین هوانگ)ە ئەم ئیمپراتۆرە لەنیوان ساڵانی 230 تا200پێش زاین ژیاوە(4)بەهەحاڵ ئەم دیوارە جوگرافیەكی گرنگ وپڕبایەخی بۆخۆی داگیركرد.
بەپێی دیرۆك و سەرچاوەكانی مێژوو بونیادنانی ئەم دیوارە بەچەند هەنگاو قۆناغێك دروست كرا,تاگەشە ئەوەی ئەمڕۆ سیما و جوانی بپارێزێت,سەرەتای دروستكردن و قۆناغی یەكەمی ئەم دیوارە دەگەڕێتەوە بۆ فەرمانڕەوای چین (كین شی هۆنگ)كەلە دوای باوكی هاتە سەردەسەڵات و لەو قۆناغەشد تەمەنی سیازدە ساڵ بوو,لەسەر دەمی ئەم فەرمانڕەوایەدا كۆمەڵێك چاكسازی ئابوری و سیاسی فەرهەنگی كرا لەچیندا,یەكێك لەگرنگترین ئەو پرۆژانەی  ئەم فەرمانڕەوا گەنجە كردی فەرمانیدا بەدروست كردنی ئەم دیوارە ئەمەش بۆ ئەو سەردەمەی مێژووی چین گرنگ بوو چونكە سنوری ئەم وڵاتە لەبەر مەترسی هێرشی هۆزەكان بوو.وە قۆناغی دووەمی درستكردنی ئەم دیوارە دەگەڕبَتەوە بۆ سەردەمی فەرمانڕەوا(مینگ) لەم سەردەمەشدا چین كۆمەڵێك رێفۆرم وسیاسەتی بەخۆوە بینی ئەمەش پاش فراوان بونی سنور و دەسەڵات ,لەبەر ئەمەش ئەم فەرمانڕەوایەش  لەترسی پەلامارو چەتەگەری هۆزەكانی سنوری چین بیری لە دروستكردن و فراوانكردنی ئەم دیوارە كردەوە,دەكرێت بوترێت ئەم دیوارە هەر لەسەرەتاوە تا ئەم ڕۆ كۆمەڵێك دەستكاری و نۆژەنكردنەوەی تێدا كرابێت 
سنوری دیواری چین
سنوری ئەم دیوارە لەڕۆژهەڵاتی ڕِووباری (لینتاوLINTAO) كە ئەمڕۆ ناوچەی (گانسۆGANSU) پێدەڵێن, دەست پێدەكات و بەرەو باكور هەڵدەكشێت و هەتا دەگاتە كەنارەكانی ڕۆژهەڵاتی ڕوباری (تاوTAO) و لەوێشەوە تاڕووباری (شینLANZHOU) بەردەوام دەبێت لێرەشەوە بۆ گردۆڵكەكانی (ینشان YINSHAN) دەكشێت و هەتا دەگاتە ناوچەی (لیۆندۆگLIAONDOG)  لەم خاڵەوە كۆتای بە دیوارەكە دێت, واتە ئێرە دواخاڵی دیوارەكەیە(5), بەشێوازیكی دیكە سنوری ئەم دیوارە لەسەر چاوەی ڕوباری (یالو) لەپارێزگای (لیائۆنیگ) لە ڕۆژهەڵات دەست پێدەكات و تا دەروازەی (جایۆگو وان) لەپارێزگای (گانسۆ) لە ڕۆژ ئاوا درێژ دەبێتەوە(6) بەدەربڕینێكی دیكەش سنوری ئەم دیوارە لەباكوری چین لەنێوان كەناری ڕۆژئاوا و باكوری ناوەڕاستی چین درێژدەبێتەوە كۆتایەكەشی لەڕۆژهەڵاتەوە دەكەوێتە (شنگهایگوان) كە ئەوەش گوندێكە لەنزیك شاری (كینهوانگداو)لەڕۆژئاواشەوە كۆتاییەكەی دەكەوێتە نزیك گوندی (گیایوگوان)(7)بەم شێوەیە سنووری ئەم دیوارە لەم چوارچێوە جوگرافیەدا خول دەخوات.                                                                                                                                                              درێژی دیواری چین
سەبارەت بەدرێژی دیواری چین ڕاوبۆچونی جیاواز هەیە, ئەم دیوارە نزیكەی (1500)كیلۆمەتر درێژایەكەیەیی و حەوت مەترنیو بەرزیەكەیەتی و پانی دیوارەكەش هێندە پانە كە شەش سوار بەسواری ئەسپ دەتوانن بەتەنیشت یەكدا بەسەر دیوارەكەدا بڕۆن(8) هەندێكی دیكە كەئەم دیوارە بەدیواری گەورە لەچیندا ناو دەبەن دەڵێن درێژیەكەی نزیكەی (7350)كیلۆمەتر درێژە(9) هەندێكی دیكە دەڵێن بەشی سەرەكی دیوارەكەش دەگاتە نزیكەی (3460)كیلۆمەرو پارچەكانی تریشی نزیكەی (2900)كیلۆمەتر دەبێت,سەرە ڕای ئەوەش بەرزی دیوارەكە دەگاتە نزیكەی حەوت مەترونیو پانیەكەشی حەوت مەترونیو وە لەبنكەوە تا 6\4 تەسك دەبێتەوە لەلوتكەكەی,وەبەرزی قەڵاكەش دوازدە مەتر دەبێت(10)جگە لەوانەش هەندێكی دیكە پێیان وایە درێژی ئەم دیوارە نزیكەی (7000)كیلۆمەتر درێژە(11)بەمەش پێگەیەكی جوان و سەرنج ڕاكێشی بۆچین نەخشاند.
چی لەدروستكردنی ئەم دیوارەدا بەكارهاتوە
بەپێی بۆچونی میژوونوسان و شوێنەوارناسان لەدروستكردنی ئەم دیوارەدا چەندین مادەو كەرەستەی جیاواز بەكارهاتوە مەبەست لەوەش بۆ زیاتر قایم و بەهێز كردنی دیوارەكە بوە  ئەوانەش بریتی بوون لە(بەردو خشت) وە لەوەش گرنگتر بەكارهێنانی (هاڕاوەی برنجە) ئەمەش بۆ ئەوە بوە تا دیوارەكە بەرگەی مانەوەی زیاتر بگرێت لەو دیاردانەی ڕووبەرووی دەبنەوە چی سروشتی بن یان مرۆیی(12) سەرە ڕای ئەوەش لەنێوان خشت و بەردەكانیدا (قوڕ و لیتەو چیمەنتۆی قسڵ) بەكارهاتوە ئەمەش بویە مایەی زیاتر بتەو بوونی دیواركەو مانەوەی بەدرێژی مێژوو تائەمڕۆ(13) وە لە قۆناغەكانی دواتردا بەحوكمی پێش كەوتنی زانست و داهێنانی نوێی تەكنیكی دیوارەكە باشتر دروستكراو چەندین مادەی تری وەك (گەچ و بەردی بتەو خشتی ناوكورە)بەكارهاتن,وە زەویەكەشی بەبەردی پان و ئەستور داپۆشران(14) هەرئەمەشە وایكردوە كە دیوارەكە بەدرێژای قۆناغە سەختەكانی مێژوو تائەمرۆ جوانی بەهێزی خۆی بپارێزێت.
ئەوانەی بەشدار بوون لەدروستكردنی دیوارەكەدا
لەدروستكردنی ئەم دیوارەدا ئیمپراتۆریەتی چین پەنای بردە بەر بەكارهێنانی هێزوبازووی مرۆیی ئەوسەردەمە بەبێ‌ جیاوازی ڕەگەز و تەمەن و لەش ساغ و نەخۆش و پیروپەك كەوتە ئەوانەش بریتی بوون لە(نوسەران و ڕۆشنبیران و هونەرمەندان و كرێكاران و چینی هەژار و نەدار) ئەمانەی پێكەوە لەپێناو ئامانجەكەیدا خستە ژێر ئیشی قورس و كاری بەرد بڕی و هەڵكەندنی كێوەكان و زەویەكان(15)بۆیە بەگشتی هێزێكی بێ ئەژماری بۆ دروستكردن و بنیاتنانی ئەم دیوارە وەك شورا بەكارهێنا وەك(سەرباز و زیندانی و خەڵكی ڕەشۆكی(16)
بەگشتی ئەوانەی لەم دیوارەدا ئیشیان دەكرد بەزۆر و زۆرە ملێ بوە بۆیە ڕوون بویەوەكە زیاد لە(960)هەزار كرێكار و سەرباز و ئەفسەر لەم دیوارەدا بەشدار بوون, نابێت ئەوەشمان لەیاد بچێت ژمارەیەكی زۆر لەوانەی بەشدار بوون لەدروستكردن و بنیاتنانی ئەم دیوارە توشی نەخۆشی بون وپڕوكاون و لەناو چون و مردون(17)  ئەوی جێگەی سەرنج و تێڕامانەبەشێكی زۆری ئەوانەشی كەبەشداربوون و بەهۆی هیلاكی و نەخۆشیەوە مردن تەرمەكانیان لەنێو ئەو دیوارەدا دەنێژران,بۆیە ئەمە بویە ناوێك بۆ ئەم دیوارە و ئەم دیوارەبە (درێژترین گۆرستانی زەوی) ئەژماركرا(18) بۆیە دەشێت بوترێت بەشێكی زۆر لەگۆشت و ئێسك و خوێنی مرۆڤەكان وەك مادەكانی تر لەم دیوارەدا بەكار هاتوون.
ئامانج لەدروستكردنی ئەم دیوارە
بەدرێژایی مێژووی مرۆڤایەتی هەموو ئەو قەڵاو دیوار وشورانەی كەدروست دەكران چەندان ئامانجی گرنگی لەپشتەوە بوون,بۆ ئەم مەبەستە ئیمپراتۆریەتی چین ئەم دیوارەی بۆ بەرگری كردن لەهێرش و پەلامار وتاڵانی و مەترسی (هۆزەكانی باكور) دروست كرد(19) ئەو هۆزانەش كەبوونە مایەی مەترسی بۆ ئیمپراتۆری چین بریتی بوون لەخێڵە كۆچەریەكانی وەك(مەغۆل و تورك و هانیەكان(20) دەشێت بڵێین جگە لەترس هۆكاری بازرگانی وئابووری و سیاسی ڕۆڵی هەبوبێت لەدروست كردنی ئەم دیوارە,چونكە هۆزەكان لەسنوری سەرەوەی چین بەردەوام مەترسی بوون بۆ ئەم دەوڵەتە.
    سەرئەنجام لەگەڵ پەیدابوونی هێزوو لەشكرێكی زۆر لەلایەك و فراوان بوونی سنوری قەڵەم ڕەوی دەسەڵات بیر لەدروستكردنی ئەم دیوارە كرایەوە,تاسنوری ئیمپراتۆری چین لەخێڵە بەربەریە هانیەكان  و توركە بەربەریەكان بپارێزێ‌, مەبەستی سەرەكیش پاراستنی گەل و دەوڵەتی چین بوو, لەتاڵانی و بەربەریەتی ئەم خێڵە بەربەریانە كە هەموو كاتێك پەلاماری ناوچەكانیان دەدا دیارە یەكێك لەگەورەترین كێشەی گەلی چین بوونی ئەو خێڵە بەربەریەتوركانە بوو كەلەباكوری چین دەژیان ئەم خێڵەبەربەریانە ژیانیان بەربەریەت و تاڵانی بوو هەربۆیە بەبەردەوامی پەلاماری ناوچەكانی چینیان دەدا بەڵام ئەم دیوارە توانی هێرشی بەردەوامی ئەم خێڵە بەربەریە كەم بكاتەوە(21)ڕاستە ئەم دیوارە سنوری جوگرافی چینی پاراست لەهێرش و شەڕەبچوكەكان  بەڵام لەڕاستیدا ئەم دیوارە بەتەواوی نەبوە لەمپەرو ڕێگر لەنەبەزاندن و داگیرنەكردنی خاكی چین,بۆنمونە ئەوەبوو هێزەكانی مەغۆل بەسەركردایەتی ڕێنمای سەربازی (جەنگیزخان) توانیان دەست بگرن بەسەر ئەو دیوارەدا و لەسەرەتاكانی سەدەی دوازدەدا زەوی و زارێكی زۆریان لەچین داگیركرد(22) سەرئەنجام ڕاستە ئەم دیوارە لەسەر ڕەنج و مەینەتی ملیۆنان خەڵكی ڕەنج بەرو ماندو هەژاری چین بونیاد نرا, بەڵام دواتر بویە گوزارشت و سیمبول و نیشانەی دیارو ڕوونی سەلیقەو هێزی سەرسەختی خەڵكی چین بەدرێژایی مێژوو دڵڕفێنی و تەلیسمی خۆی لەدەست نەداوە,ئەمە بویە داستانێك ناوی تۆماكرالە كتێب و گۆرانی و ئۆپێراكاندا,دواتر لەساڵی 1987 ناوی ئەم دیوارە بەیەكێك لەمیراتە فەرهەنگیەكانی جیهان تۆماركرا.

نوێترین نوسینەکانی ئارام مەجید عەلی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌