له بهڵتهجی موبارهك و ئهسهدهوه بۆ بهڵتهجی كوردیی
وتار/
26/03/2018
807 جار بینراوە
د.سەلام عەبدولكەریم
شەق لەمامۆستا هەڵمدەن، شەق لەدروشمە ساختەكانی خۆتان هەڵدەن، شەق لەسیاسەكانتان هەڵدەن، كەنیشتمانیان فرۆشت
له بهڵتهجی موبارهك و ئهسهدهوه بۆ بهڵتهجی كوردیی
كاتێك ئەم دیمەنانەو هاوشێوەكانیان دەبینی، مرۆڤ ناتوانێ لەوە زیاتر بێدەنگ بێت، ئیتر كاتی ئەوە هاتووە لەجیاتی شەق هەڵدان لەمامۆستاو فەرمانبەران، شەق لەو دروشمانەتان هەڵدەن، كەچەندین ساڵە هاوڵاتیانی كوردی پێ فریو دەدەن، شەق لەو دروشمانە هەڵدەن، كەهەزاران ژنتان بێوەژن كرد، هەزاران گەنجتان بەشەهیدكردندا، هەزاران مناڵتان هەتیو خست، ئێستاش ماڵو مناڵەكانیان لەچاەوەڕوانی موچەی خێر پێكردنی روبعە موچەدان، ئەو دروشمانەی لەكرداردا درۆ دەرچوون، ئەو دروشمانەی لەپشتیەوە بازرگانو چەتە بوون.
بڕۆن ئەگەر جورئەت ئەكەن شەق لەو سەركردەو سیاسیانەتان هەڵدەن،كە وڵاتو نیشتیمانو سەروەتو سامانی ئەم وڵاتەیان بەدوژمنانی خەڵكی كوردستان قرۆشتووە، شەرمە بۆ دەسەڵاتو حكومەتێك ئەخلاقی ئەوەندە نزم بووبێتەوە بۆ شەق وەشاندن لەمامۆستاو فەرمانبەرێكی سەرسپی، كەهەموو تەمەنی لەپەروەردەو فێركردنی مناڵەكانی ئێوەدا خەرجكردووە. شەق لەو مێژووەتان هەڵدەن، كەنەیتوانی وتارتان بكا بەكردار، شەق لەو رابردووەتان هەڵدەن، كەدروشمی مافی مرۆڤی گۆڕیوە بۆ بەڵتەجێتی.
شەق لەو مێژووەتان هەڵدەن، كەپەیامی نیشتیمانپەروەریتان گۆڕیوە بۆ دزیو تاڵانی موچەی خەڵك، ئیدی هیچ بەهانەیەك بۆ رەفتاری چەتەگەرایی لەم شێوەیە نییە، ئیتر هیچ پاساوێك بۆ دابەزینی ئەخلاقی حكومڕانی لەمجۆرە نەماوەتەوە.
دواجار هیوادارم حزبو قەوارە سیاسییەكان ئەم توڕەییو نیگەرانییە قوڵەی خەڵك نەكەنە قوربانی بەرژەوەندییە سیاسیەكانیان وەك رابردوو، ئومێدەوارم ئەو رێگە نەدرێ بەو پەرلەمانتارو كاندیدانەی تر، كە خوازیارن بەسەر جەستەی ناڕەزایی خەڵكی فەقیرو هەژاردا بگەنە پەرلەمانو موچەی چەوری مانگانەو دواتریش خانەنیشینی 2 ملیۆنیو 4 ملیۆنیو زیاتری عێراقو كوردستان وەربگرن ، ئیتر پەرلەمانیش شەرعیەتی نەماوە، پەرلەمانتاری دەمێكە لەژێر پرسیاردایەو نوێنەرایەتی مەینەتی چینو توێژە مافخوراوەكانی خەڵكی كوردستان ناكات. ئەڵبەت رەفتاری بەڵتەجیانەی لەم شێوەیە لەهەولێرو سلێمانی هیچ جیاوازیەكیان نییە.
د.سەلام عەبدولكەریم
نوێترین نوسینەکانی د.سەلام عەبدولكەریم