بۆچی دیکتاتۆرەکەی عێراق وای لە گەلەکەی خۆی کرد؟
وتار/
22/03/2018
884 جار بینراوە
مهنصور ڕهحیمی
بۆچی دیکتاتۆرەکەی عێراق وای لە گەلەکەی خۆی کرد؟
کیمیابارانی هەڵەبجە تۆڵەیێک بوو سەدام لە کوردی کردەوە
بەشی وتار/ عێراق و هەرێمی کوردستان- ڕۆژنامەی شپیگێڵی ئەڵمانیا نزیکە 30 ساڵ لەوەو پێش دوا بە دوای کیمیابارانەکەی هەڵەبجە وتارێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی کردووە بە شەڕی نێوان ئێران و عێراق و ئامانجی سەدام حسێن لە کیمیاباران کردنی هەڵەبجە و شەهیدکردنی زیاتر لە 5 هەزار کورد و ئەو تاوانەی سەدام بە تۆڵەیێک دەزانێت کە دیکتاتۆرەکەی عێراق بەرانبەر بەکورد کردوویەتی.
کوردپرێس- وتارێکی ڕۆژنامەی شپیگڵی ئەڵمانیا کە نزیکە 30 ساڵ لەوەو پێش دەرکراوە خوێندنەوەیێکی کردووە بۆ نیازی سەدام حوسێن لە کیمیابارن کردنی هەڵەبجە و دەڵێت سەدام بە نیاز بوو بە هەڕەشەی کیمیاباران کردنی گەورەشارەکانی ئێران سیاسەتی تۆقاندن و ترساندن جێبەجێ بکات بۆ ئەوەی ئێران ناچار بێت لە سەر مێزی گفتوگۆ دانیشێت. دەقی وتارەکەی ڕۆژنامەی شپیگڵی ئەڵمانیا کە تەرجەمە فارسیەکەشی لە ماڵپەڕی دیپلۆماسیی ئێرانی بڵاو کراوەتەوە بەم شێوازەی خوارەوەیە:
عێراق ئێستا توانای بەرهەم هێنانی نزیکەی 60 تەن خەردەلی هەیە و جێی سەرنجە کە ئەو ماکە ژەهراوی و کوشندەیە لەو مەعمەلانە بەرهەم دەهێنرێن کەبە تەنەلۆجیای ئەڵمانیا و بەهێزی ئەڵمانییەکان بەرهەم دەهێنرێت.
زۆر بە دەگمەن بینراوە تووڕە بوونی ئایەتوڵڵا خومەینی لە ئاستی جیهانیدا مشەرووع و قبووڵکراو بێت بەڵام ئەمجارەیان ئەو دوژمنەی خۆی زەمینەکەی بۆ ڕەخساند کە هەموو دەسەڵاتی عێراقی بەدەستەوەیە: سەدام حوسێن.
سکرتێرە پیرەکەی شۆڕشی ئێران حەفتەی ڕابردوو بەبۆنەی نەورۆزەوە و ساڵی نوێوە پەیامێکی بڵاو کردەوە و بەتوندی ڕق و تووڕەیی خۆی لە شەڕئەنگێزەکەی بەغدا دەربڕی و وتی: سەدام ئاژەڵێکی دڕندەیە کە تەنانەت گەلەکەی خۆیشی کیمیاباران دەکات.
ئایەتوڵڵا خومەینی لەو پەیامەدا ڕق و تووڕەبوونی خۆی بەرانبەر بە قەتڵ و عامێک دەربڕیبوو کە شەڕی ئێران و عێراقی گەیاندبووە پۆپەیێکی مەترسیدار و دەرەنجام نیوەی مانگی مارچ بناری ناوچەی کوێستانیی هەڵەبجەی کیمیاباران کرد و زیاتر لە 5000 هاووڵاتیی مەدەنیی کوردی شەهید کرد.
ئەوەش توندترین هێرشی کیمیاوی بوو کە پاش شەڕی یەکەمی جیهانی بینراوە. لە شەڕی یەکەمی جیهانییشدا بەرەی ڕۆژئاوا گرفتار بوو بە هێرشێکی لەو چەشنە و دەیان هەزار ئەڵمانیایی و فەڕەنسایی و بەریتانیایی کوژران و نابینا بوون یان بۆ هەتا هەتایەی ژیانیان بە لێکەوتەی گازی کیمیاوییەوە دەتلێنەوە. وێنەی تەرمی گڵۆڵەبووی ژنان و پیاوان و ساوا بێگیانەکانی ئامێزیان لە شەقامە خۆڵینەکانی هەڵەبجە بۆ هەموو جیهان نێردرا.
بەڕێوەبەرانی ئێرانی بەگشتی پێوەندیی باشیان لەگەڵ میدیاکانی جیهان نەبوو بەڵام ئەم جارەیان دەیان هەواڵنێر و ڕۆژنامەوان و وێنەگر بە کۆپتەرە جەنگییەکانی ئێران هێنرانە هەڵەبجە بۆ ئەوەی بە وتەی بەرپرسێکی ئێرانی " بە هەموو جیهانی پیشان بدەن کە سەدام بەرانبەر بە گەلەکەی خۆی چ تاوانێکی کردووە". وێنەی ئەو دایک و باوکانەی خۆیان بە سەر ساواکانیاندا دابوو بۆ ئەوەی بەڵکوو کۆرپەکەیان ڕزگار بێت هەموو جیهانی هەژاند.
ئێرانییەکان لە هەموو ڕەهەندێکی "بانگەشە" تێدەگەن و لەو بارەیەوە چی لە دەستیان هات کردیان. فڕۆکەیێکی جێمبۆجێتی ئێرانی کە ناوی "کوردستان"ی لە سەر نووسرابوو لە ڤیەن، ژنێڤ، فرانکفۆرت، اریس و نیۆیۆرک نیشتەوە و لە هەریەکەو لەو شارانەدا چەند سەرباز و چەند کەسی مەدەنیی برینداری کیمیبارانی دادەبەزاند و ئەو بریندارانەش گوازرانەوە نەخۆشخانەکان. پێش گوازرانەوەیان بۆ نەخۆشخانەکان ژمارەیێک لەو بریندارانەش بە ئامادەبوونی فەرمانبەرانی باڵوێزخانەی ئێران دیمانەی هەژێنەریان لەگەڵ میدیاکان کرد.
ئەگەر چی بە درێژاییی مێژووی شەڕی هەشت ساڵەی کەنداو ئەوە یەکەم هێرشی کیمیاوی نییە بەڵام یەکەم جارە کە ئەو هێرشە کیمیاییە دژی خەڵکەکەی خۆی دەکات کە لە نێو خاکی وڵاتی خۆیاندان نەک دژی هێزی ژێرفەرمانی ئایەتوڵڵا خومەینی کە لە شار و گوندەکانی سنووری نێوانئێرانو عێراق جێگیر کرابوون.
سەدام حسێن لە ڕاستیدا بەو کارەی دانیشتوانی کوردی شاری هەڵەبجەی سزا دا و تۆڵەی لێکردنەوە چوونکە بە وتەی وتەبێژێکی دەوڵەتی بەغدا خەڵکی هەڵەبجە هیچ بەرخۆدانێکیان نەکرد لە بەرانبەر کۆنتڕۆڵ کرانی شارەکە لەلایەن ئێرانەوە بەڵکوو بەپێچەوانەوە " بە هەلهەلە و شایی پێشوازییان لە داگیرکەران کرد". هەڵبەت ئەو هاودڵی کردنەی خەڵکی هەڵەبجە لەگەڵ ئێران جێی سەرسوڕمان نییە چوونکە ئەو پاسدارە ئێرانییانە و شەڕڤانە کوردەکانی بەرخۆدان بوون کە دانیشتوانی هەڵەبجەیان لە دەست لۆتییەکەی بەغدا ڕزگار کرد.
حەشیمەتی 16 ملوێن کەسیی کورد (ئامارەکە دەگەڕێتەوە بۆ 30 ساڵ لەوەو پێش کە ئەم وتارە نووسراوە) لە عێراق، ئێران، سووریا و تورکیا و ڕووسیا چەندین دەیە پێش ئێستا شەڕێکی بێهوودەیان بۆ پێکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆ دەست پێکرد. سەدام حوسێن چەندین ساڵ ئەو گریمانەیەی بۆ سێ ملوێن کوردی دانیشتووی عێراق دروست کرد کە گوایا کورد دەتوانێت هیوای بەوە هەبێت کە ناوچەیێکی سەربەخۆی کوردنشینی لە نێو خاکی عێراقدا هەبێت. هەڵبەت ئەوەش تەنها بەڵێنێکی درۆ بوو و بە کرداری هیچ نەکرا.
بەڵام ئێران پێش دوو ساڵ توانیی ئەو قەناعەتە بە هەر دوو حیزبی باڵادەستی کورد واتا یەکێتی و پارتی بهێنێت کە شەڕی سەدام بکەن. بەڵێنی ئەوەشی بە کورد دا کە اش شەڕ دەتوانن جارێکی تر دانوستاندن بکەن لە سەر ناوچەیێکی خۆبەڕێوەبەر لەنێو خاکی ئێران.
بەڵام ئەو هاوپەیمانێتییە لە هەمان ڕۆژی یەکەمەوە هەرگیز جێگای متمانە نەبوو چوونکە هیچ لەو دوو لایەنە متمانەیان بە یەکدی نەبوو. بەو حاڵەشەوە ئەو هاوپەیمانێتییە سەربازییە بە سوودی تاران بوو چوونکە پێشمەرگەی کورد ڕاست وەکوو پاسدارە ئێرانییەکان بوێر بوون و مەعنەویات و ورەیان بەرز بوو و لە زۆر ئۆپەراسیۆنی باکووری عێراقدا دەستی باڵایان هەبوو و سەرەڕای ئەوەش ناوچەکەیان باش دەناسی و لە هەموو گرینگتر ئەوەش کە پشتیوانیی خەڵکی کوردیان لەگەڵ بوو.
پێشمەرگە موسڵمانی ئێران بە پاڵپشتیی هاوپەیمانە کوردەکانی پارتی و یەکێتی توانییان سەرەتای مانگی مارچ پێچەوانەی ئەوەی فەرماندە سەربازییەکانی بەغدا چاوەڕوانیان دەکرد دەستیان بە هێرشێکی تازە و بەرفراوان کرد. ئەو هێرشە نەک هەر لە بەرەی سنووری "سگ العرب" و لە نزیک دووهەم گەورە شاری عێراق واتا بەسرا کرا بەڵکوو پێش بینییەکەی ژمارەیێک ستراتێژیستی عێراقی ڕاست دەرچوو و شەڕەکە گەیشتە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە. دوو لیوای سوپای پاسداران کەمتر لە 48 کاتژمێر توانییان ناوچەیێکی ستراتێژیک و گرینگی عێراق کۆنتڕۆڵ بکەن. ڕووبەری ناوچەکە دەگەشتە 650 کیلۆمەتری چوارگۆشە و بەو شێوازەش هێزی ژێر قەرمانی ئایەتوڵڵا خومەینی تەنها 100 کیلۆمەتر لە کێڵگەنەوتییەکانی کەرکووک دوور بوو. کەرکووک زیاتر لە 50 لە سەدی نەوتی عێراقی دابین دەکرد. بەگوێرەی ڕاگەیێندراوەکانی دەوڵەتی ئێران لەو ئۆپەراسیۆنەدا زیاتر لە 11 هەزار عێراقی کوژران و بریندار بوون و 4500 کەسیش بە دیل گیران.
لیوایێکی دیکەی سوپای پاسداران و پێشمەرگە لە ئوپەراسیۆنێکی قورسدا تا بەری ڕۆژهەڵاتی بەنداوی دەربەندیخان پێشڕەوییان کرد. دەربەندیخان لە مەودای 250 کیلۆمەتریی بەغدا بەشێکی هەرە زۆری کارەبای بەشی ناوەندیی عێراق دابین دەکات و ئەگەر بێتوو ئەو بەنداوە بڕووخێت عێراق کێشەی ئابووریی زیاتری تووش دەبێت و سەرەڕای ئەوەش ناوچەیێکی فراوانی عێراق لافاو دەیبات.
ئەو هەڕەشە سەربازی و ئابوورییە ڕاست بە بەر چاو سەدام حوسێنەوە دەکرا کە چیتر وەکوو سەرەتای شەڕی نێوان عێراق و ئێران لای حاکمەکانی وڵاتانی پەراوێزی کەنداوی فارس بەشکۆ نەبوو و نەدەبوو وەکوو جاران پشت بە یارمەتیی ملیار دۆلاریی ئەو وڵاتانە ببەستێت. هەر بۆیەش تەرکیزی کردەسەر شەڕی دەریایی و پشتی بەست بە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر شارەکانی ئێران وەکوو تاران کە لەو بارەیەوە لە چاو ئێران پێشکەوتووتر بوو.
سەدام بەو هەرانانەوە بە نیاز بوو ئێران ناچار بکات لەسەر مێزی گفتوگۆ دانیشێت. سەرۆک کۆماری عێراق دەمێک بوو داوای ئاگربڕی کردبوو و بەپێی داواکەی سەدام بڕیارنامەی 598ی نەتەە یەکگرتووەکان دەرکرا. ئەگەرچی ئێران لەباری سەربازی و کەرەستەی سەربازییەوە هەلومەرجێکی باشی نەبوو بەڵام پشتی بە مەعنەویات و ورەی سەربازەکانیەوە بەستبوو و پێشوازیی لە ئاگربڕەکە نەدەکرد و ئایەتوڵڵا خومەینی داوای ڕووخانی سەدامی دەکرد:
ئەو هەلومەرجە وای کرد سەدام حوسێن سیاسەتی تۆقاندن و ترساندن بگرێتە بەر و بە پێی بەراوردی پسپۆڕان و چاودێران، عێراق توانای بەرهەم هێنانی 60 تەن ماکی کیمیاییی هەیە و ئەو تەنکنەلۆجیا و هێزەش گازەکە بەرهەم دەهێنێت ئەڵمانیایییە. لە لایێکی تریشەوە خاون بیران و چاودێران لەو بارەیەوە تەنها نیگەرانی عێراق نین بەڵکوو دیکتاتۆرێکی ەکوو سەدام سەلماندوویەتی ئەوەندە بێبەزەیی و بێ ویژدانە کە هەموو پەیمانێکی مرۆڤایەتی پێشێل دەکات.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی شپیگێڵی ئەڵمانیا، ژمارەی 14، ساڵی 1988
نوێترین نوسینەکانی مهنصور ڕهحیمی