پاشەکەوتکردنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم

وتار/ 20/03/2018 504 جار بینراوە

ئارام مەجید عەلی

پاشەکەوتکردنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم
ئارام مەجید شەمێرانی
لەسیستەمی کارگێڕی و ئابوری خێزاندا پاشەکەوت واتە کۆکردنەوەو هەڵگرتنی بڕەپارەی زیادەی بەدەست هاتوو، بەکارهێنانەوەی لە کاتی پێویست و گونجاودا بۆ خزمەتکردنی ئەندامانی خێزان و ئەندامانی خێزان لەسایەی ئاقڵمەندی سەرۆک خێزاندا بەئاسانی سوود لەو پاشەکەوتە وەردەگرێت و هەمووشی بۆ بەرژەوەندی خێزان بەکاردێت.

 لەسیستەمی سیاسی کارگێڕی و ئابوری حیزبایەتی کوردیدا، پاشەکەوت واتە کۆکردنەوەو بەتاڵان بردنی داهات و سەروەت وسامانی وڵات و هەڵگرتن و پاشەکەوتکردنی لەگیرفانی گەورەو نادیاری حیزب و بەکارهێنانی بۆ مەرام و مەبەستی حیزبایەتی و بەکارهێنانی بۆ بەرژوەندی کەسانی دەست ڕۆشتووی ناو حیزب و بنەماڵەکانیان، دواجار هاوڵاتی زۆر بەئەستەم دەستی دەگات بەمافی ڕەوای خۆی لەو داهاتە پاشەکەوت کراوە.

لەسیستەمی موچەو مافی فەرمانبەرانی هەرێمدا، حکومەتی حیزبی چەمکێکی نوێی بۆ پاشەکەوتی موچە هێنایەکایەوە، بەویستی خۆی و بۆ بەرژەوەندی خۆی دەستی خسەقوتی هاوڵاتیان و موچەخۆرانی ئەم هەرێمەو کەوتە پاشەکەوتکردنی زۆرەملێی موچە بەشێوازێک وەک بڵێی هاوڵاتی یان موچەخۆر خۆی عەقڵیەتی پاشەکەوت و هەڵگرتن و بەکارهێنانی پارەی بەدەستهاتووی ڕەوای خۆی نەبێت،ئەمە لەکاتێکدایە هاوڵاتی مافی خۆیەتی پارەخۆی لەگیرفانی دیاری خۆیدابێت و لەدەستی ئەمینی خۆیدابێت.

لەسیستەمی هەڵبژاردنی هەرێمدا هاوڵاتی مافی خۆیەتی بەشداری دەنگدان دەکات یان نا،ئازادە لەوەی دەنگ بەکێ دەدات، بەڵام بەخۆیندنەوەی من بۆ ئەم بارودۆخەی هەرێم و حیزبەکانی دەسەڵات پێدەچێت هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی هەرێم لەمانگی 9 یان مانگەکانی دواتر بەتەواوی پاشەکەوت!! بکرێت و لەکاتی خۆیدا نەکرێت،ئەمەش لەترسی لەدەستدانی دەنگدەران و ئەو بارودۆخە خراپە ئابوری و سیاسیەی بەسەر هاوڵاتیانی ئەم هەرێمەدا هێناویانە، کەبەرئەنجامی سیاسەتی هەڵەو شکستخواردووی خۆیانە لەکایەی سیاسی و ئابوری و کارگێڕیدا، پاشەکەوتکردنی هەڵبژاردنەکان یەکێکی دیکەیە لەنەهامەتیەکانی حیزبایەتی کوردی کەبەسەر هاوڵاتیانی ئەم هەرێمەیدا دێنن، وەک چۆن هاوڵاتی و موچەخۆر لەمافی خۆی بێبەشکرا بەهەمان شێوە هاوڵاتی و دەنگدەری ئەم هەرێمە لەمافی هەڵبژاردنەکان بێبەش دەکەن و ترسیان لەدەنگی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە هەیە.

پاشەکەوتی هەڵبژاردنیش لەئەنجامی ئەوە دێت هەندێک حیزب بیانوی ئەوەی قەیران و کیشەی ناوخۆیی و کۆنگرەی هەیە،پێشتریش لەوتارێکدا نوسیبووم هەڵبژاردنەکانی هەرێم لەمانگی سێدا ناکرێت و نەشکرا، ئەم جارەش پێش هەڵبژاردنەکانی مانگی نۆ بیانوی ململانێی حیزبەکانی هەرێم  لەلایەک هەرێم و بەغداد لەلایەکی دی و لەدەست چونی کەرکوک و ناوچەکانی دیکەو کێشەی کۆنگرەو بەستن و نەبەستنی دەبێتە بەربەست لەئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان و هەندێک لەحیزبەکانیش نەرمی و بێدەنگی دەنوێنن بۆ ئەنجام نەدانی هەڵبژاردنەکان چونکە لەبەرژەوەندیان نیەو دواجاریش بەکۆی دەنگی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی هەرێم بەتەواوی پاشەکەوت دەکرێت، واتە وەک پاشەکەوتی موچە پاشەکەوتی هەڵبژاردنیش دێتە نێو ئەدەباتی سیاسی حیزبی کوردی، دواجار ئەمەش سەردەکێشێت بۆ پاشەکەوتی دیکەش هەمووی بەزیانی هاوڵاتیانی پاشەکەوت لێکراو تەواو دەبێت  و هەموو حیزبەکانیش لەپاشەکەوتی هەڵبژاردن بەشدارن،چونکە بێدەنگی ئەوان واتە ڕازیبوون بەم پاشەکەوتەو ئیتر پێویست ناکات تەنها گلەیی لەحیزبەکانی دەسەڵات بکرێت.

نوێترین نوسینەکانی ئارام مەجید عەلی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌