كاك مەلابەختیار، ناترسین و لێمان مەشێوێنە

وتار/ 25/09/2016 760 جار بینراوە

بەكر حەمە صدیق

ڕۆژی (22/9/2016) لە میانەی دووەمین كۆنفرانسی (دابڕان)دا بەرێز (مەلابەختیار) ووتارێكی خوێندەوە، كە لە بنەڕەتدا ووتاری سەرەتای دووەمین كۆنفرانس بوو، بەڵام ئاراستەی ووتارەكەی بە كۆمەلێ رستەی كرژ و توڕە و نائاسایی دەست پێكرد و، رووی دەمی گوتارەكەی كردە هەموو ئایین و ئاین دۆستان و بە گوتاری چەرخی ناوەڕاست و دواكەوتوو و رزیو و كۆنەپەرست و كۆمەڵێ وەسفی تر ناوبرد، هاوكات هەندێ قسەی تری كرد كە گوزارشت بوون لە باری دەرونی خۆی و بە زمانێكی توند و رەق ووتی: ئێمە ناترسین دەبێ ئەوان  بترسن، بۆچی بترسین (بە پێكەنین و گاڵتەجاڕیەوە) بۆچی بترسین با ئەوان بترسن!!!

لە راستیدا كاك مەلابەختیار لە كۆنفرانسی یەكەمدا هەندێ هەڵەی تری لەم جۆرەی كرد و دواتر لە یەكێك لە كەناڵە تەلەفزیۆنیەكاندا پۆزشی هێنایەوەو ووتی مەبەستم شتێكی تر بووە، نازانم ئەمجارەش بەتەمایە كارێكی تری گەورە بكات یان دەیەوێ پێمان بڵێ: بترسن وا هاتین؟!

 

جێگای سەرسامی و نیگەرانییە كە ئێمە (یەكگرتووی ئیسلامی و هێزە ئیسلامیە میانڕەوەكانی تر) شەكەت و ماندووین بەدەست رەواندنەوەی بیری توندڕەوی و هێوركردنەوەی هزری توڕەی هەندێ كەسی ترەوە، كەچی هەموو سەرەتای كۆنفرانسێك یان بۆنەیەك ئەم بەڕێزە ڕێسەكەمان ئەكاتەوە بە خوری و خۆی ئەكاتە هێزی عەقڵ و رۆشنگەری و دیموكراسیەت و ئازادی و كرانەوەو پێشكەوتن و كۆمەڵە دروشمێكی تری لەوجۆرە، ئایین پەروەرەكانی تریش دەخاتە نێو قۆزاخەكەی خۆی و تۆمەتی عەقڵ رزیوی و دواكەوتوویی و كۆمەڵێ تۆمەتی ناڕەوا دەداتە پاڵمان كە مایەی قبوڵكردن نین..

كاكی برا.. ئەگەر پێت وایە بە ووشەی (ئێوە بترسن) ئێمە دەترسێنی، ئەمە مەنتیقی گفتوگۆ و حیوار نیە و ئێمەش لەم جۆرە قسانە نەك ناترسین بگرە بێباكین، بەڵام ئەگەر رەخنەمان لێ دەگری و لاپەڕەی بڵاوكراوەكانی (دابڕان)ەكەت  پڕدەكەیت، ناشیرینكردنی ئاینەكەمان بەناوی هزری كراوەوە، دڵنیابە ئەوەشت بۆ ناچێتە سەر، وە من بۆ خۆم پێم وایە ئەم جۆرە گوتارە گرژە ئاڵۆزە توندڕەوەكان دڵخۆش دەكات و سورتریان دەكات لە پەیامی توندڕەوی خۆیان، چونكە قسەكانی تۆ مانایەك ناهێڵێتەوە بۆ گفتوگۆی هێمنانە لەگەڵ هزری توندڕەوی و لاوازكردنی كە ئەركی ئێمەیە..

 

كێشەیەكی تری بەڕێزت ئەوەیە كە بیسەر یان خوێنەری ووتارەكانی جەنابت نازانێ لەگەڵ كێ قسە دەكەیت؟! دین و دیندار، حیزبی میانڕەو و توندڕەو، هزری داعش و هزری ئارام، دەقی دینی و هەڵسوكەوتی مێژوو تێكەڵاو بە یەكتر دەكەیت و هەركەسێك بەو چەمكە تەسكەی تۆش كە باس دەكەیت (ئاین بۆ تاكە) تۆزكالێك ئایین پەروەربێت ئەم قسانەی تۆ ئازاری دەدات، جا نازانم تۆ مەبەستە كە ئازاری هەموومان بدەیت بەم قسانە یان مەبەستت شتێكی ترەو رونكردنەوەی تری دەوێت؟!

تكایە كاك بەختیار بەم جۆرە گوتارانە هزری توندڕەوی لەم ووڵاتەدا زیندوو مەكەرەوە و، دڵی ئایین پەروەرە دڵسۆز و پاكەكانی ئەم كوردستانەش مەڕەنجێنە، ئەمە تكا نیە لە خوارەوە بۆ سەرەوە، ئەمە ئەو (قول لین)ەیە كە قورئان باسی دەكات، وەگەرنا تۆ بەهانەی سەوزبوونەوەی هزری توندڕەوی لە هەرێمی كوردستاندا دەدەیت  بەدەستەوە، چونكە هزری توندڕەوی بە لێدانی گوتاری توندڕەوی قایمتر و زبرتر دەبێت، رەواندنەوەی ئەوە كاری ئێمەیە.. تكایە لێمانی مەشێوێنە..

نوێترین نوسینەکانی بەكر حەمە صدیق

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌