کورد لەبەرداشی بەرژەوەندی زلهێزەکاندا

وتار/ 23/01/2018 505 جار بینراوە

ئارام مەجید عەلی

کورد لەبەرداشی بەرژەوەندی زلهێزەکاندا
ئارام مەجید عەلی
لەسیاسەتی زلهێزەکاندا هەمیشە ئەوان بەشێوەیەک کاردەکەن پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان لەسەروو خواستی هەموو لایەک و هەموو نەتەوەیەکی دیکەوەبێت، بۆ بەدەستهێنانی خاڵی دیاریکراوی خۆیان کەمەبەستیانە،لەو پێناوەشدا هەموو شتێک دەکەن و تەنازول لەبەرژەوەندی و خواستی چەندین نەتەوەی دیکەی ژێر دەستیان دەکەن، هاوڵاتی و خاکی وڵاتێک دەکەن بەقوربانی مەرامی سیاسی و بەرژەوەندی خۆیان، دەشێت بڵێین قوماری سیاسی لەسەر نەتەوەکانی دیکە دەکەن.

بەدرێژایی مێژوو کوردستان ئەو خاکەبووە کە زلهێزەکان تاقیکردنەوەی بەدەست هێنانی بەرژەوەندیە سیاسێەکانی خۆیان تێدا ئەنجام داوە، ئەنجامی ئەم تاقیکردنەوەیەشیان بەزیانی هاوڵاتیانی ئەم خاکە تەواو بووەو کورد و هاوڵاتیانی سوتەمەنی بەرژەوەندیە ژێربەژێرە سیاسیەکانی ئەوان بوون،کوردیش لەو تاقیکردنەوەدا دەستبەتاڵ و ماڵوێران ماوەتەوە،چونکە ئێستاشی لەسەر بێت کورد و سیاسیەکانی کورد لەمەرامی بەرژەوەندی زلهێزەکان تێناگەشتوون،هەرکات بیانەوێ لەسەر مێزی گفتوگۆ و دانوستان بەئاسانترین شێوە دەمانفرۆشن و وەک کاڵایەکی هەرزان مامەڵەمان لەگەڵ دەکەن و قوماری سیاسیمان لەسەر دەکەن.

 کورد ئەو کاڵا هەرزانەیە ئەوان دەتوانن زۆر بەئاسانی بەدەسمان بهێنن و بەکارمان بهێنن،ئەمەش سەرئەنجامی ساویلکەیی کورد خۆیەتی، کاتێک داعش هاتە عێراق توانرا بەچەند پارچەچەکێک و چەند هاوکاریەکی سنوردار کورد بەکار بهێنن بۆ بەرژەوەندی خۆیان و دوای شەڕەکەش پشتیان لەکورد کرد و کوردیان لەم هەرێمە بەو دەردەبرد کەئێستا تێی کەوت و ڕزگاربوونیشی زۆر مەحاڵە و دیسانەوە لەنێو بەرژەوەندیەکانی ئەوان ئێمەی کورد زیانمان کردو ماڵوێران کراین.

لەنێوگەمەی سیاسی و بەرژەوەندی زلهێزەکان لەسوریادا، زلهێزەکان کەوتنە ململانێی بەدەست هێنانی کوردەکان، هەر زلهێزێک بەجۆرێک خۆی نزیک دەکردەوە و خۆی بەدۆست و بەدیهێنەری خەونەکانی کورد دەناساند،بەڵام ئەوە جگە لەگەمەیەکی سیاسی هیچی دیکەنەبوو،تا دوێنی بوو ڕووسیا شەڕی لەسەر کوردەکان دەکرد و سوربوو لەسەر ئەوەی دەبێت لەکۆبوونەوەکان لەسەر کێشەی سوریا نوێنەری کورد و کانتۆنەکان بەشداربن و پێویستە مافیان پێبدرێت،کەچی بەرژەوەندی ئەم زلهێزە لەگەڵ کوردەکان تائەم کاتە بڕی کرد و زۆر نابەرپرسانە کورد و عەفرینیان خستە پەراوێز و لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان لەبەرامبەر تورکیا نەرمیان نواندو گوڵوپی سەوزیان بۆ تورکیا هەڵکرد هێرش بکاتە سەر عەفرین و دیسانەوە کورد دەکەنە قۆچی قوربانی بەرژەوەندی خۆیان.

یەکێکی دیکە لەزلهێزەکان ئەمریکایە،ئەم وڵاتە لەپێناو بەدەسهێنانی بەرژەوەندیەکانی برا سیاسیەکەی خۆشی دەفرۆشێت، تادوێنێ بوو ئەمیش بەئاشکرا ئەوەی ڕاگەیاندبوو پارێزگاری لەکانتۆنەکان و دیموکراسی ئەوان دەکات و تەنانەت ئامادەشە سوپایەکی سی هەزار کەسی مەشق پێکراو  بۆ پەیەدە دروست بکات، چونکە هاوپەیمانیانەو شەڕی داعشی بۆ کردوون و نمونەیەکی جوانی سیاسیان پیشانداوە، بەڵام دەبینین تورکیا بەئاشکرا و بێشەرمانە هێرش دەکاتە سەر ئەم هاوپەیمانە باوەڕپێکراوەی ئەمریکاو ئەویش بێدەنگە، لەپێناو بەرژەوەندی خۆی بەئاشکرا دەڵێت لەسنوری پاراستنی مندا نین،ئەمەکارەساتەکەیە هێزێکی یەک ڕەنک لەشوێنێک بپارێزیت و لەشوێنێکی دیکە بیکەیتە قوربانی بەرژەوەندیەکانت.

لەڕاستیدا بەدرێژایی مێژوو کورد لەبەرژەوەدی زلهێزەکاندا هیچی بەدەست نەهێناوەو هەمیشە بەکارهێنراوەو لەکۆتایی گەمەسیاسیەکەی زلهێزەکاندا بەئاسانی فرۆشراوەو بوەتە قوربانی قوماری سیاسی ئەوان،وێرانبونی خاک و ماڵوێرانی و بەکوشتدانی ڕۆڵەکانی بەئاسایی وەرگیراوەو لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان چاوپۆشی لەتاوەنەکانی جەنگ بەرامبەر کورد کراوەو مێژوو شاهیدی ئەم ڕاستیە حاشاهەڵنەگرەیە،لەم تاوانەشدا دەبێت پەنجە لەسەر ئەوە دبنێین ئەمەش خەتای کورد و سیاسیەکانی کوردی تێدایە کەئاوا دەکرێین بەقوربانی بەرژەوەدیەکانی ئەوان،چونکە ئێمەی کورد ئەوەندەی خۆمان بەدۆستی زلهێزەکان دەزانین،هەرگیز هێندە خۆمان بەدۆستی خۆمان نازانین،ئاخر ئێمەی کورد خۆمان دۆستی خۆمان نەبین ئەوان چۆن دەبنە دۆستی باوەڕپێکراومان،لەبەر ئەوە ئەوان بێشەرمانە دەمانکەنە قوربانی بەرژەوەندیەکانی خۆیان،چونکە کار بۆ بەرژەوەندی ئەوان دەکەین نەک خۆمان.

نوێترین نوسینەکانی ئارام مەجید عەلی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌