شکۆی پیشمەرگە مەشکێنن!!

وتار/ 23/12/2017 1039 جار بینراوە

ئارام مەجید عەلی

شکۆی پیشمەرگە مەشکێنن!!
ئارام مەجید عەلی
ئەگەر چاوێک بەنێو لاپەڕەکانی مێژووی سیاسی و سەربەزی کورد بگێڕین لەسەدەکانی ناوەڕاست و سەدەی حەڤدە و هەژدە،ژمارەیەکی دیارو بەرچاو لە(حکومەت و میر و میرنشین)ی خاوەن هێزی چەکدار هەبوون، چ وەک هێزی حکومەت یان میرنشین یان هۆز و خێڵەکان لەماوەیەکی دیاریکروی مێژوودا ڕۆڵیان هەبووە و دواتر لەنێو براون و بوون بەمێژوو.

لەکۆتاییەکانی نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم ناوێکی نوێ هاتە نێو مێژووی سیاسی و سەربازی و کەلتورو فەرهەنگ و ئەدەبیاتی کوردی،ناوێک لێوان لێو لەجوانی و شانازی و مەردایەتی و ئازایەت بۆ خەبات وبەرگری و کوردایەتی و بویە ناسنامەی خەبان و تێکۆشان و ڕووبەڕووبونەی داگیرکەران و سیاسەتی چەوساندنەوەی دوژمنانی کورد،ئیدی لەو سەردەمەی کۆماری مەهاباد و بگرە تائێستاش ناوی پێشمەرگە بویە سیمبولی خۆڕاگی وشۆڕشگێڕی و شانازی لەنێو ئەدەبیاتی کوردی و چەندین شیعرو و چیرۆکی جوانی بۆ هۆنرایەوەو کەوتەنێو لاپەڕەی سەروەری لەمێژووی هاوچەرخماندا و بویە وێردی سەرزمانی تاکی کورد لەنێو کۆمەڵگەی کوردی وەک وتراوە:

هۆکاکی پیشمەرگە شوڕشگێڕی قارەمان
ناوی پیرۆزی تۆیە بوەتە وێردی سەرزمان

لەڕاستیدا دەمێکە پێشمەرگەبوون بویە شکۆ و شانازی بوون و خۆبەختکردن لەپێناو خاک و نیشتیمان و تۆمارکردنی داستانی پڕسەروەری بۆ کورد و کوردستان، هەر ئەم شکۆ و شانازیەی پێشەرگە بوو دوژمنی هێنابویە لەرزەو حکومەتی بەعس بەو زاڵمیەی خۆی ترسی لەناوی پێشمەرگەو خۆڕاگری و ئازایەتی و گیان فیدای ئەم هێزە پرۆز و خۆشەویستەی میللەت هەبوو، جگەلەوەش لەبەر شکۆ و ڕێزی پێشمەرگە تەواوی خەڵکی کوردستان بەگشتی و گوندەکان بەتایبەن کەوتنە یارمەتیدان و خزمەت کردنی پێشمەرگەو پارووی دەمی خۆیان دەگرتەوە بۆ پێشمەرگە و خزمەتکردنی بەبێ ماندووبون.

بەڵام بەهۆی سیاسەتی بەرپرسانی نابەرپرس و بەرژەوەندی تەسکی بنەماڵەیی و کەسی و حیزی لەساڵانی نەوەدەکانی سەدەی بیستەم پێشمەرگەی دڵسۆزیان دووچاری شەڕی نەگریسی ناوخۆکرد و سەدانیان دابەکوشت لەپێناو پۆخڵەواتی و پیسخۆری و بەرژەوەنی خۆیان و شکۆی پێمەرگەیان هێنایە خوارو دواتریش هەرخۆیان پێشمەرگەیان بەچاوی سوک سەیردەکرد و تەنها بۆ پاراستننی بنەماڵەو بەرژاوەندی حیزبی بەکار دەهێنا،کەدەمیش دەکەنەوەو دەڵێن ئێمە پێشمەرگەین و پێشمەرگایەتی خۆمان دەکەین و خۆمان بەپێشمەرگە دەزانین.

لە چارەکی یەکەمی سەدەی بیس و یەک و بەدیاریکراوی لەساڵی 2014 دا ناو و شکۆ و ئازایەتی و مەردایەتی پێشمەرگە لەنێو ئاسمانی ئەدەبیات و خەباتی کوردیەتیدا گەشتەئاستی درەوشانەوە، نەک تەنها کورد بگرە تەواوی وڵاتانی جیهان و سیاسەتمەدارانی جیهان شانازی بەشکۆ و قارەمانی ئەم هێزەبکەن و لەئاست خۆڕاگریدا لەبەرمبەر هێزێکی دڕندەی وەک داعش بوو بەهێزێک کەئەفسانەی داعشی تێکشاند و بەجۆرێک شکۆی پێشمەرگە لەئاست خۆڕاگری و ئازایەتی و کوردایەتیدا گەشتە کەشکەشانی فەلەک و ناوی پێشمەرگە بویە ناوێکی کیشوەربڕ.
دەپرسین کێ شکۆی پیشمەرگەی شکاند؟ مەخابن بەهۆی هەڵەی نابەرپرسانی ئەم هەرێمە لەکۆتایی شەڕی داعشدا شکۆی پێشمەگە بەشێوەیەک شکێنرا کەمرۆڤ دووچاری شۆکبوون دەکات! چۆن ئەم هێزە وایلێکرا؟! ئەمەش بەجۆرێک بەهۆی ململانێی حیزبی و کەسی، ڕێزو هەیبەت و شکۆی پێشمەرگە هێنرایە خوار بۆ ئاستی هەڵهات و ڕاکردن و بەجێهێشتنی سەنگەر و ناوچە ڕزگارکراوەکان و بەکوشتدانی دەیان پێشمەرگە ئەمەش بەفیتی سیاسیەکان، جگەلەوەش شکاندنی شکۆی پێشمەرگە لەلایەن بەرپرسانی ئەم هەرێمە گەشتە ئاستی دەست بردن بۆ قوت و موچەو ژیانیان لەبری پاداشت و ماندووبونیان، دواجاریش دەیانەوێت لەئاست ناڕەزایی هاوڵاتیاندا زیاتر شکۆیان بشکێنن و دەیانەوێت لولەی تفەنگیان ڕوو بکەنە گەنجانی خێر لەخۆنەدیوی میللەتەکەمان،ئاخر شکانی شکۆی پێشمەرگەو بڕینی نیوەی موچەکەی گەشتە ئەو ئاستەی ئێستا بەچاوی ئیهانەو بێڕیزی سەیربکرێن، لەنیو شەقام و لەنێو پەیجەکان گاڵتە بەشکۆی پێشمەرگە بکرێت و چەندان قسەی نەشیاونەگونجاو بنوسرێت، لەڕاستیدا ئەوە هاوڵاتی نیە شکۆی پێشمەرگە دەشکێنێ،ئەوە بەرپرسەنابەرپرسەکانن شکۆ و پیرۆزی پێشمەرگە دەشکێنن،لەبری بەرگری لەخاک لەم ساتەدا بۆ بەرگری لەماڵ و بەرپرسان و بەرژەوەندی تەسکی حیزبی و کەسی بەکاریان دێنن،ئیدی پەنجەی تۆمەن بۆ هاوڵاتی ڕامەکێشن لەکاتێکدا سێ پەنجەی خیانەت ڕووی لەخۆتانە!

تکایە شکانی شکۆ و قارەمانی هێزی پێشمەرگەی نیشتیمان پەروەر ڕاگرن،چونکە شکانی شکۆی پێشمەرگە شکانی شکۆی میللەتێکە،شکانی هێزو خۆشەویستی میللەتێکە، ئێستاش میللەت خۆی بەقەرزار و خزمەتکاری هێزی پێشمەرگە دەزانێت،تکایە بەدەم داوای هاڵاتیانەوەبێن و کۆمەڵگەی کوردی مەکەن بەکۆمەڵگەی سەربازی،خەڵک بوەتە پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی دووژمن نەک بەکارهێنانیان بۆ ڕووبەڕووبونەوەی هاوڵاتیان و براکانی خۆی،پێشمەرگە ماندوە زیاتر ماندوویان مەکەن و زیاتر شکۆیان مەشـــکێنن.

نوێترین نوسینەکانی ئارام مەجید عەلی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌