حیزبی سەردۆڵە دڕ!

وتار/ 20/12/2017 837 جار بینراوە

ئارام مەجید عەلی

حیزبی سەردۆڵە دڕ!

 کاتێک سەرێک لەنێو کەلتور و کەلەپور و ئەدەبیات و پەندی پێشینانی کوردی دەدەیت، جیهانێکە لێوان لێو لەو وتەو پەندی جوان و سەرنج ڕاکێش و مانادار کە زۆر بەجوانی بۆ کاتی خۆی وتراون و لەهەمان کاتدا بۆ هەموو سەردەمێک و بۆ هەموو کاتێک وەک خشتێک لەنێو دیوارێکدا بێ کەم و زیاد شوێنی خۆی دەگرێت و جوانی و مانای تایبەتی خۆی نمایش دەکات.

دیارە ئەم پەند و وتانە لەخۆڕاو بێ مەبەست نەوتراون و نەخراونەتەڕوو، بەڵکو بەرئەنجامی ئەزمونی ژیان و خوێندنەوەی واقیعی سەردەم و ڕۆژگار بوون،تایبەت نەبون بەیەک سەردەم و ماوەیەکی دیاریکراو،ئەمەش جوانی و دەوڵەمەندی پەند و قسەی پێشینانی کوردەوارییە،کەهەمیشە وەک ئاڵتون جوانی و بەهاو واتای تایبەتی خۆی لەدەست نادات،ئەم پەند و وتانەش بۆ هەموو سەردەمێک دەست دەدەن و بەشێوەیەکی زۆر سادەو ساکار لەهەمان کات واتاومانادار کراون و نەخشێنراون.

دەوڵەمەندی کەلتوری کورد لەبواری وتەو پەندی پێشینان بەشێوازێک فراوانە مرۆڤ بۆ هەرچی بگەڕێت و هەرچی ویستبێ دەستی دەکەوێت، سەبارە بەهەر ڕووداوێک چ لەڕابروو یان ئێستادا ڕوویدابێت،گەوهەر ئاسا بەهای خۆی هەیەو واتای خۆی دەدات بەدەستەوە.

یەکێک لەو پەندە جوانانە کەسەرنج ڕادەکێشێت و زۆر واتا دارە ئەوەیە پێشینانی کورد وتویانە( زۆر و بۆر نەبێ،یەکدانەبێ و سەردۆڵە دڕ نەبێ).
ئەم پەندە جوانە مانای زۆر هەڵدەگرێت، ئەگەر بەو مانایە خۆیندنەوەی بۆ بکەین ئاوێزانی ئەمڕۆی کۆمەڵگەی کوردستان و حیزبەکانی کوردی بکەین ، دەبینین لێشاوێک(حیزبی سەردۆڵە دڕ) لەکوردستان بونیان هەیە و بەردەوام زیاتریش دەبن،ئەوەی لەم هەرێمە پێنج ملیۆنیەدا دەیبینیت لەنێو هیچ نەتەوەیەکی دونیا بونی نیە،26ساڵە ئەم دوو زل حیزبە و ئەوانی دیکەش بەربونەتە قوتی ئەم میللەتەو سەردۆڵی ئەم میللەتە دەدڕن و دەشێت بەحیزبی سەردۆڵە دڕ ناویان بەرین، هەموو ئەم حیزبانە سەریان کردوەتە سەردۆڵەکە و هەموویان خۆم خۆمیانەو سەروەت و سامانی ئەم میللەتەیان حەپەلوش کرد و جارێکی دیکەش وەک پێشینانی کورد دەڵێن،ئەم حیزبانە دروشمێکیان هەیەو دەڵێن (بەشی خۆم بۆ خۆم و ئەوەی تۆش دەخۆم)، هەموو حیزبەکان لەسەر سەردۆڵەکە بەشی خۆیان هەیە و تێرناخۆن و داوای بەشی دیکە دەکەن ئەویش بەشی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمەیە، بەبێ ئەوەی خزمەتێکی گونجاو شیاو بەکۆمەڵگەی کوردی و هاونیشتیمانیانی بکەن.

ئاخر ئەم فرە حیزبیە دژبەیەکە دوور لەیەکە بەرژەوەندیخوازە خۆویستە سەردۆڵ دڕانە، تەنها لەخەمی خۆیانن و لەهەوڵی زیاترکردنی بەشی خۆیانن، چاوچنۆکانە سەرخان و ژێرخانی ئەم هەرێمە تاڵان دەکەن و لەخەمی خەڵکەکەش نین و هەروا بەئاسانی خێروبێری ئەم هەرێمە دەبەن و تەخشان و پەخشان بەداهاتی نەوەی ئێستاو نەوەی داهاتوو دەکەن،هاوڵاتیانیان دووچاری ژیانێکی زۆر دژوار و مەرگەسات کردووە.

ئەم حیزبە سەردۆڵ دڕانە،سەردۆڵی میللەتیان دڕی،گیرفانی خەڵکیان بڕی،داهاتی هەرێمیان دزی،ماڵی خەڵکیان وێران کرد،خەڵکیان خستە ژیانێکی کوللەمەرگی،گەنجیان لەوڵات وەدەرنا، هێزی کاریان لەوڵات بڕی،کەواتە پەندە کوردیەکە پڕاوپڕ بۆ ئەم حیزبانە دەبێت و ئەمانە زۆر و بۆر و سەردۆڵە دڕن.

کەواتە میللەتێک ئەم هەمووە سەردۆڵ دڕەی هەبێت تا نان پەیدا دەکات بێ ئاو دەبێت، هەر ئەم فرەحیزبیەشە وایکردوە هەرێمی کوردستان بەم ئاستەی ئێستای بگات،دۆخێکی لێوان لێو لە ڕەشبینی و بێ ئومێدی و ناهەمواری و دژواری یەخەی هاوڵاتیانی بەشمەینەتی ئەم هەرێمە بگرێت.
تێبینی:ســەردۆڵە ئەو پارچە ڕاخەرەیە لەژێر گونک دادەنرێت و کابانی ماڵ گونکی لەسەر دادەنێت)

               ئارام مەجید عەلی

نوێترین نوسینەکانی ئارام مەجید عەلی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌