حیزبی خزمەتکار یان خزمەتکاری حیزب

وتار/ 12/12/2017 779 جار بینراوە

ئارام مەجید عەلی

حیزبی خزمەتکار یان خزمەتکاری حیزب
ئارام مجید علی
تائێستا ئامارێکی فەرمی و ڕاست و دروست لەسەر ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان لەئارادا نیە، چ ئاماری حکومەتی هەرێم،چ ئاماری حکومەتی عێراق، کەبیسەلمێنن ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان چەندە؟بەڵام بەپێی سەرچاوە نافەرمیەکان و ئاماری هەندێک لەحیزبەکان و ڕێکخراوەکان ژمارەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان نزی5500000 پێنج ملیۆن وپێنج سەد هەزار کەس دەبێت،ئەمەش نازانرێت ڕاستە یان نا؟ئەمە بابەتێکی دیکەیە و دوورە لەم وتارەی ئێمە کە بۆچی دیاری نەکراوە یان بۆ سەرژمێریەکی ڕاست نەکراوە.

گریمان ژمارەکە وابوو، بیربکەوە لەوەی لەم ژمارەی هاوڵاتیانە زیاتر لە 35 حیزب هەیەو لەسەر شانۆی سیاسی کاردەکەن، لە ئیسلامی و عەلمانی و نەتەوەیی، چەندان پارتی سیاسی نیشتیمانی و دیموکراسی و لیبراڵ و شیوعی هەیە لەم نێوەندەشدا کەسی بێلایەن کەمە، واتە تەواوی هاوڵاتیانی هەرێم بەژن و پیاو بەگەورەو بچوک بەکوڕ و کچ،هەمووی دابەش بووە بەسەر حیزبەکادا بۆخزمەتی حیزبەکان.

ئەمەش بەو مانایەی لەمێژە هاوڵاتیانی هەرێم خزمەت بەم حیزبانە دەکەن و تەنانەت لەزۆرکاتدا، پاروی دەمی خۆیان و منداڵیان گرتوەتەوە بۆ ئەم حیزبانە تاگەشتون بەوەی ئەمڕۆ بەچەندین ناوی جیاواز هەن،لەڕاستیدا هێندە ژمارەیان زۆرە لەبەرکردنی هەروا ئاسان نیە و مێشکی تایبەتی و کەسی تایبەتی دەوێ،چونکە بەردەوام لەزیادبووندان.

سەیر لەوەدایە ئەم حیزبانە وەک ماسی لەسەر هاوڵاتیانی داماوی هەرێم و سفرە و خوانی ئەوان گەرای حیزبایەتی دادەکەن! هەر ڕۆژەو حیزبێکی نوێ بەناوێکی نۆێ لەنێو ئەم نیشتیمانە پێنج ملیۆنیەدا چاو دەتروکێنێ و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ژمارەی حیزب لەم هەرێمه بەشمەینەتەدا زیاد دەبن و ئەم حەشاماتە داماوەش خزمەتی هەموویان دەکەن و دوایان دەکەون.

لەنەوەدەکان ژمارەی هاوڵاتیان لەم هەرێمە لە سێ ملیۆن زیاتربوون، ژمارەی حیزبەکانیش کەم بوون و بەپەنجەی دەست دەژمێردران،بەڵام دواتر هەر حیزبەو حیزبێکی دیکەی لێ جیا دەبویەوەو ئەمیش حیزبێکی دیکە و لەمیش حیزبێکی دیکە تاگەشتن بەو ژمارەیەی ئەمڕۆ و بەردەوامیش زاوزێ دەکەج!،ئەوەی گرنگە ئاماژەی پێبدەین ئەوەیە هەموو ئەم حیزبانە لەسەر سفرەی ئەم میلەتە داماوە لەگوند و شار دەژیان و دەژین،واتە میلەت بووبوو بەخزمەت کاری بەردەوامی ئەم حیزبانە.

ئێستا و لەدوای هەڵبژاردنەکان هەرحیزبێک ڕەقەمێک لێدەدات و یەکێک دەڵێت ئێمە حیزبی زیاتر لەیەک ملیۆن دەنگدەرین و حیزبێکی دیکە دەڵێت ئێمە حیزبێکی زیاتر لەحەوت سەد هەزار دەنگدەرین و یەکێکی دیکەش دەڵێت ئێمە حیزبێکی نیو ملیۆن دەنگدەرین و ئەوانی دیکەش ژمارەی جیاوازی وە(سێ سەد هەزاری و  دوسەد هەزاری و سەد هەزاری)و تەنانەت حیزبی چەن سەد دەنگدەریش هەیە،بیربکەوە بزانە چۆن بەڕەقەم دابەش بووین بەسەر حیزبەکان.

ئەوەی گرنگە بوترێت ئەوەیە لەهەموو جیهاندا حیزب وەک ئامرازێکە بۆ خزمەت کردنی هاوڵاتیان،بەڵام ئەمانەی ئێمە خەڵکیان کردووە بەخزمەتکاری حیزب،نەک حیزب بەخزمەتکاری خەڵک، واتە حیزب لەسەروو خەڵکە

بیر بکەوە لەوەی تەواوی هاوڵاتیانی هەرێم دابەشبوون و دابەشدەبن بەسەر ئەم ژمارە زۆرەی حیزبدا لەم هەرێمە،ئەگەر هەر حیزبێک بەجدی خزمەتی هەوادارانی خۆی بکات و ببێت بەخزمەتکاری دەنگدەرانی ئایا فەقیر و هەژار لەم هرێمە پێنج ملیۆن کەسیەدا دەما؟ بێگومان نەخێر،کەواتە ئەوە ئێمەی هاوڵاتیانی ڕەش و ڕووتی ئەم هەرێمەین بوینەتە خزمەتکاری و ژیەنەری ئەم حیزبانە و بەشی هەموویان دەکەین و خزمەتی هەموویان دەکەین!، ئەوانیش خزمەتی بەرژەوەندی حیزبی خۆیان دەکەن و بونەتە حیزبی خاوەن تریلیۆن دۆلاری.

زۆر سەیرە ئەم هەمووە حیزبە بونەتە حیزبی مشەخۆر و بەربوونەتە گیانی ئەم پێنج ملیۆن هاوڵاتیە داماوەی هەرێم،جگە لەوەش هەر ڕۆژێک کەسێک دێت و حیزبێکی دیکەی نوێ لەسەر جەستەی ماندوویی ئەم هاوڵاتیانە دروست دەکات و دەبێتە حیزبێکی خاوەن ملیاردێری، هاوڵاتیانیش ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بارودۆخ و گوزەرانیان خراپتر دەبێت. تا دوێنی ئێمەی هاوڵاتی سفرەو خوانمان دەکردە دوو بەش و نیوەی بۆ ئەوان و نیوەی بۆ خۆمان یان زیاترو باشەکەی بۆ ئەوان، ئێستا ئەوان سەرە ڕای دزی و ڕاوڕووت و تاڵانی سەرخان و ژێرخانی ئەم هەرێمە هاتوون تەماحیان کردوەتە موچەی موچەخۆران و نیوە یان زیاتریان بۆخۆیان بردووە،مەگەر قودرەتی قادر ئەگینا چاومان بەیەک فلسی ناکەوێتەوە.

 ئاخر خۆمان فێرمان کردن ئەوان وابن، چونکە خواردنی منداڵ و ژیانمان دەگرتەوەو نیوەی سفرەکەمان دەدا بەئەوان، ئێستاش ئەوان هاتوون و بەوەش نەوەستاون نیوە یان زیاتری موچەکەشیان خواردین.
کەواتە کورتەی قسە ئەوەیە خەتای ئێمەی هاوڵاتیە وایان لێدەکەین چاوببڕنە ژیان و سفرەخوانمان، سبەی هەڵبژارندنە و جگە لەحیزبە مشەخۆرەکان چەندین حیزبی دیکەی مشەخۆر و چەندین کەسی دیکە دێن حیزبی دیکە ڕادەگەیەنن و ئێمەش شەڕیان لەسەر دەکەین و دەیانکەینە حیزبی نانخواری بەرگدڕ لەسەر ئەم میلەتە.

نوێترین نوسینەکانی ئارام مەجید عەلی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌