سەردەمی وەلانانی ناکۆکیەکانە

وتار/ 09/12/2017 547 جار بینراوە

ئارام مەجید عەلی

سەردەمی وەلانانی ناکۆکیەکانە
ئارام مەجید عەلی
کورد میلەتتێکی زۆر سادەو ساکارە،لەهەمان کاتدا زۆر ئاڵۆز و دژبەیەک و هیلاک و ماندووی ململانێی ناوخۆییە،کەم کات حەزدەکات بەڕێگەی ڕاستەڕێدا بڕوات،هەمیشە حەزی بەوەیە ڕێگە کورت بکاتەوە یان ڕێگە ناوبڕ بکات و نایەوێت ڕەوڕەوی مێژوو وەک خۆی بڕوات یان نایەوێت هاوتەریبی قۆناغەکانی مێژوو بڕوات،سەر ئەنجام ئامانج ناپێکێت و بەدەستی بەتاڵ دێتەوەو تەنها هیلاکی ڕۆژگاری بۆ دەمێنێتەوە و دەکەوێتە دەرەوەی بازنەی مێژوو.

لەمێژوودا کەم نەتەوە هەیە هێندەی کورد شۆڕش و خەباتی کردبێت و قوربانی دابێت و خوێنی ڕشتبێ،کورد هەمیشە ئامادەبووە خەبات بکات و قوربانی بدات و خوێن بڕژێت، بەڵام پێکەوەنا!بەڵکو بەشێوەی بچڕبچڕ و دژبەیەک و دوورلەیەک، شۆڕشەکانی کورد تەواوکەری یەکدی نەبون و زۆر جار بەدەستی خۆی هێندەی دوژمن خوێنی ڕۆڵەکانی خۆی بەناحەق ڕشتووەو زوڵمی لەشۆڕشەکانی خۆشی کردووە.

میلەتێکین هێندەی دەوڵەتە گەورەکان شاعیری نەتەوەی و نیشتیمانی و خاوەن شیعرو هەڵبەستی جوانین،بەڵام هەرگیز نەمان توانیوە نیوە دێرە جونەکان تەواوکەین و نێوە دێڕە شیعرە دژ بەیەکەکان تێپەڕێنین کەباس لەخۆخۆری و دژبەیەکی  و فرە ڕەنگی و فرەدەنگی دەکات، هەمیشە لەسەر ئەم چەمکە خراپانە بەردەوامبووین و زۆرجاریش ڕێگەمان ناوبڕکردوە بۆ ئەم خۆخۆریە،تەنانەت کورد نەیتوانیوە لەدەوری شیعرێکی نیشتیمانی پێکەوە کۆببنەوە.

میلەتێکین هێندەی دەوڵەتە گەورەکانی جیهان سەرکردەو پیاوی سیاسیمان هەیە و زیاتر لەوان کۆبونەوەی سیاسی دەکەین،بەڵام هەرگیز سیاسیانە کۆنەبونەتەوەو سیاسیانە کاریان نەکردووە و سیاسیانە لەخەمی هاوڵاتیان نەبوون و خەمی حیزب و گیرفانی خۆیانە، ئەم سەرکردانە لەبری یەکگرتوویی لەبیری دەسەڵاتی خۆیاندابوون. هاوکات هێندەی نەتەوەکانی جیهان سەرکردایەتی میر و شێخ و سەرۆک و حیزبمان هەبوە،بەڵام پێچەوانەی ئەوان نەمان توانیوە پێکەوە لەدەوری سەرکردەیەکی ئاینی یان نەتەوەیی کۆببینەوەو نەمان توانیوە ئایدیای سەرکردەیەک بکەینە ئایدۆلۆژیاو سودی لێوەرگرین وەک ئایدۆلۆژیای نەتەوەیی،ئەمەش بەزیانی تەواوی خەبات و شۆڕشەکان شکاوەتەوەو هەر گروپ و لایەنێک کەسی یەکەمی خۆی بەسەرکردە زانیوەو ملی بۆکەسی لایەنی دیکە نەداوە.

میلەتێکین هێندە لێک جیاواز دەژین و لێک جیاواز بیردەکەینەوە و لێک جیاواز کاردەکەین،لەگەڵ جیاوازیدا بووینەتە دوو ڕووی یەک دراو بەبارە خراپەکەیدا نەک باشەکەی،چونکە زورجار جیاوازی جوانە بەڵام کورد جیاوازیەکەی گەشتوەتە ئاستی خۆکوشتنی نەتەوەی،ئەم جیاوازیە خاک و نەتەوەکەی کردوە بەقوربانی جیاوازی و ناکۆکیەکانی ناوخۆ و سەرئەنجام شەڕی ناوخۆی لێکەوتوەتەوە و سوتەمەنیەکەشی ڕۆڵە بێتاوانەکەی کوردبووە.

ئێمەی کورد تاکە میلەتێکین لەتەواوی خاکەکەیدا شۆڕشی کردووە و قوربانی داوە و خوێنی ڕشتوە، بەڵام ئەبەد نەیتوانیوە پێکەوە بەیەک دەنگ و یەکگرتوو لەسەر خاکەکەی بەیەکگرتووی شۆڕش بکات، جیاوازی و خۆخۆری لەهەموو ناوچەکەیدا شادەماری کوردی بچڕاندووەو ناتوانێت لەیەک قۆناغی مێژوودا بۆ یەک ساڵیش پێکەوە بەبێ یەکترشکان و بەبێ جیاوازی بژی و هەمیشە هەنگاوەکان بۆنی دوو بەرەکی شەڕی ناوخۆی لێدێ.

لەنێو هەموو نەتەوەکانی دونیا کورد تاکە نەتەوەیەکە هەموو ڕێگاکانی میرو میرنشین و خێڵ و دیوەخان و هۆز و گروپ و حیزب و ڕێکخراوی بەخۆیەوە بینی،بەڵام پێچەوانەی هەموو نەتەوەکانی دیکە نەیتوانی ئەمانە تێپەڕێنێت و هێشتا حیزبیانەو خێڵەکیانە بیردەکاتەوەو کاردەکات و هەمیشە لەخەمی حیزب بووە نەک نەتەوە، ئەمەش هەوێنی دژبەیەکی و دووبەرەکی و خۆخۆری کوردبووە لەڕابردوو و لەئێستاشدا.

پێویستە ئیدی لەو چوارچێوە خراپ و نەگرسانە بێینە دەرەوەو کوردانە و مەردانە بەیەک دەست و یەک هێز و بەیەکگرتووی ڕوو بەڕووی دوژمنان و تەحەدیەکان ببینەوە،پێویستە بۆ یەکجاریش بێت (یەکگرتوویی و یەکڕیزی) تاقی بکەینەوە بزانین چ بەرهەمێکی دەبێت،چونکە لە مێژووماندا هەموو ڕێگەکانی دووبەرەکی و خۆخۆری و دژبەیەکی و یەکترشکان و ململانێی حیزبی و شەڕی ناوخۆمان تاقیکردەوە جگە لەماڵوێرانی و بەکوشتدانی ڕۆڵەکانمان و وێران بوونی خاکەکەمان و لەدەستدانی هێزی نەتەوەیمان هیچمان دەست نەکەوت،ئەنجامیش گەڕانەوەبوو بۆ چوارچێوەی یەکەم.

 لەبەر ئەوە ئێستا کات کاتی وەلانانی ناکۆکیەکانەو پێویستە بۆ یەکجاریش بێت ناکۆکیەکان وەلانێین و سوود لەهەڵە مێژووییەکانی پێشوو وەربگرین و تەباو یەکدەست و یەک ڕیز و یەک هەڵوێست و یەکگرتووبین و جیاوازیەکان وەلابنێین و ئیدی پێویستمان بەیەکێتی نەتەوەییە، بابۆ تەنها جارێکیش بێت خۆمان بین و داردەستی خۆمان بین و پیاوی خاک و وڵاتی خۆمان بین، لەبری ئەوەی دەستی خۆمان بشکێنین  باپێکەوە دەست و پشتی دوژمن بشکێنین،دڵنیام یەکگرتویی و یەکێتی نەتەوەیمان هێزی زیاترمان دەداتێ و باشتر دەگەین بەئامانج و ئاواتی گەلەکەمان.

نوێترین نوسینەکانی ئارام مەجید عەلی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌