ئەنفالە زیندووەكانی نوگرە سەلمان
وتار/
05/12/2017
931 جار بینراوە
ئارام مەجید عەلی
ئەنفالە
زیندووەكانی نوگرە سەلمان
تراژیدیایەكی
تاڵ لە ئایدۆلۆژیایی
بەعسدا
ئارام
مەجید شەمێرانی
ئەنفال
لەئایدۆلۆژیای بەعسدا یەك مانای هەبوو ئەویش لەنێوبردن و تواندوەی نەتەوەی كورد
بوو ئەمەش بەهەموو پێوەدانگێگ دژی ئاین و تەنانەت دژی قورئانیش بوو بەڵام بۆ ئەوان
وەك یاسایەك لەبەرامبەر كورد كاریان پێدەكرد و بەكاریان دەهێنا چونكە لەئایدۆلۆژیای
بەعسدا هەموو شێك ئاسایی بوو بۆ مانەوەی خۆیان
و لەناوبردنی ئەوانی دیكە!!
چیرۆكەكە
وەك تراژیدیایەكی تاڵ لێرەوە دەست پێدەكات،دوابەدوای
ئەوەی بەماوەیەكی كەم پێش كیمیابارانی هەڵەبجە ڕۆشتینە ئێران و پاشمانەوەمان لەو وڵاتەدا
بۆماوەیەك، ئەوە بوو لەناكاو دەنگوباسی ئەوە بڵاو بویەوە كە كێ دەیەوێت بگەڕێتەوە
بۆ هەڵەبجە ئامادەن ڕەوانەی شارەكەی خۆی بكەنەوە،سەرئەنجام خەڵك كەوتە ناونوسین و
پەیتا پەیتا خەڵك خۆی ئامادە دەكرد بۆ ڕوشتنەوە بۆ ئاشنابونەوە بەزێدی باوباپیری و
ئێمەش وەك ئەو هاوڵاتیانە ناوی خۆمانمان تۆماركرد بۆ ڕۆشتنەوە بەڵام كەس نەیدەزانی
ئەوە فێلێكی شۆڤێنیستانەیە وەك تەڵەیەك وایە بۆ هاوڵاتیانی كوردی ناوچەی هەڵەبجەو
دەوروبەری نراوەتەوە،لەدوایدا چەندماڵێكیان خستە نێو لۆری یان گەڵابەیەك و بەرەو هەڵەبجە
بەڕێیان كردین(بەقسەی خۆیان)،
بەڵام
كاتێكمان زانی بردینانە تەواریەكەی سلێمانی و هەرچی ماڵ و كەل و پەل هەبوو هەموویان
لێ سەندین و بێ ماڵ و حاڵ ماینەو وەك باڵندەیەك پەڕوباڵیان كردین و هەر لەوێدا
سواری سەیارەیان كردین و پاش بڕینی ڕێگەیەكی دوور و درێژ و جیاكردنەوەی ژن و پیاو
لەیەكتری و ڕووبەرووبوونەوەی هەڵوێستی وەحشیانەی بەعسی و كاربەدەستانیان و پاش چەشتنی
هیلاكی و برسیەتی و تینویەتی ئەو ڕێگەیە كەچەشتمان سەرئەنجام ڕوویان كردینە بیابانێكی
چۆڵ و وشك ،برینی ئەوڕێگەیەش بێ پرسیار و وەڵام و بێ هیچ سۆزێكی مرۆڤایەتی بوو،ئەوەبوو
لە 9/8/1988 راپێچی گرتوخانەی (نوگرەسەلمانیان) كردین(ئەویش بینایەك بوو دوو تا سێ
قاتێك دەبوو تەنها ئاسمانت لێوە دیار بوو شوێنێكی وشك و ناخۆش وەك زبڵدانێك وابوو
بۆنی خوێن و ئەنفلی كوردی لێدەهات،وەك هاوڵاتیانی كورد ناویان نابوو دۆزەخی سەرزەوی!!
ئیدی
پاشماوەیەك زانیمان ئەوە گرتوخانەیەو بۆ ئەو كەسانە دروست كراوە كەلەو شوێنەوە بەو
پەڕی سوكایەتیەوە ڕووبەڕووی ئەنفال و زیندەبەچاڵ كردن دەبوینەوە، ئەوەبوو هەر لەو
گرتوخانەیەدا بۆماوەی چوار مانگ ماینەوە بەژیانێكی ناخۆش و پڕكێشە و ئازار ، تەنانەت
وەك مرۆڤ هەڵسوكەوتیان لەگەڵ نەدەكردین ،لەبیرمە كە ئافرەتێكی گەرمیانی لەوێدا
مردبوو فڕەیان دابوو كەس لەترساندا نەیدەوێرا خۆی بكات بەخاوەنی تەنانەن منداڵەكانیشی!،ئەو
ڕووداوەم هەرگیز لەیاد ناچێت كەدایكت بمرێت و نەتوانی بەخاكی بسپێریت و هەر لەوێدا
بۆگەن بكات،لاشەكەی وەك وێنەیەكی تراژیدی بەبەرچاوتەوە بێت!! لەلایەكی دیكە چیرۆكی(سەگە
ڕەشەكە) هەمیشە لەبیرەوەری ئەوانەی لەویدا بوون خۆی نمایش دەكاتەوە تا گەشتە ئەوەی(گەنجێك
لەكاتی مردنیدا وتی دایكە گیان تۆخودا ئەگەر مردم بمبەنەوە بۆ كوردستان باسەگە رەشەكە
لاشەكەم نەخوات و لەبری ئەو سەگە سەگێك لەنیشتیمانەكەی خۆم بمخوات باشترە!!)ئەم
تابلۆیە بهینە پێش چاوی خۆت چ وێنەیەكی سەیری تێدایە.
ڕۆژانی
ژیانی كولەمەرگی نوگرەسەلمان تراژیدیایەكی پڕنەهامەتی و سڕینەوەی شوناسی مرۆڤ و
كورد و هەڵەبجەی بوو ،دەپرسم ڕۆژانەت سەمونێكی وشك و ئاوی گەرم لەو شوێنەگەرمەدا ژیان چ مانایەكی هەبوو؟ سەرباری
ئەوەش ئەوەی بەسەرمان هات مەگەر خودا خۆی بزانێت!!
پاشمانەوەمان
دوای چەند مانگێك رۆژ لەدوای رۆژ ژیانمان قورس و تاڵتر دەبوو زیاتر ئازاریان دەداین
چ عەسكەرەكان و چ (حەجاج) ێك وەك گورگی هار و برسی كەتبوونە گیانی ئەو كوردە
داماوانە ئەوەی خۆیان پێیان خۆشبوو و هەر
رۆژە و چەند كەسێكمان لێدەمرد كەس نەیدەزانی مردنەكەش چۆنە و بۆچیە؟!! دواتر لەوەش
بیزاربوون كەبەتاقەت و لەسەر خۆ بەیەك یەك بمان كۆژن ئەوەبوو زەهریان دەكردە نێو ئەو
ئاوە گەرمەی كەدەمانخواردەوە كاتێكت دەزانی تۆشی نەخۆشی دەبویت و چاوت دەچووبەقوڵدا
ئەوكات پیان دەوت(چاوەقوڵە) و لەوكاتەدا كەدواساتی مردن و گیان كێشان بوو توشبوەكان
داوای خواردنی ترش و كۆشتی مریشكیان دەكرد ئەوەش مەگەر بەخەیاڵ دەستمان بكەوتایە!!
ئەوەبوو هەر بە بەرچاوی خۆمانەوە كۆرەكەی مامم بەناوەی (سەباح) توشی هەمان نەخۆشی
بوو داوای تەماتەی دەكرد بەڵام بەو حەزەوە كۆچی كرد بەڵام چۆن كۆچێك؟!! چونكە كاتێك
كەسێكمان دەمرد قەبری نەبوو لەو بیابانەدا بەهەزارحاڵ ڕێگەیان دەدیان كەمێك لممان
دەكرد بەسەرید و هەر پاش هاتنەوەمان و دوای خۆمان بەبەرچاوەمانەوە (سەگ) لەژێر ئەو
لمەدا دەری دەهێناو لەت و پەتی دەكرد و دەیخوارد سەگەكانیشان وەك بەعسیەكان برسی
خواردنی گۆشتی كوردبوون چونكە ئەوانیش پەروەردەی بەعسیەكان بوون و لەقوتابخانەكانی
ئەوانەوە هاتبون!!،لەڕاستیدا ڕووداوەكانی ئەو ڕۆژانەمان مەگەر هەر لەنێو لاپەڕەكانی مێژوودا جێگەی ببێتەوە ئەگینا
هیچ مرۆڤێك تەحەمولی ئەو ڕۆژانەی نەدەكرد و ئەوەی ڕوویدا لەو گرتوخانەیەدا تەنها بەوتن
ئاسانە!، هەرچونێك بێت ویستی خودا وابوو پاش ئەو ژیانە ناخۆش و پرمەئساتە ئێمە هەربمێنین
چونكە ئەوان نیازیان وابوو ئێمە كەماوین وەك گەرمیانیەكان زیندەبەچاڵمان كەن و ئەنفالمان
كەن،بەڵام پاشماوەیەك بەهەر بیانویەك بێت سەدامی گۆربەگۆر عەفواتی دەركرد و لە19/12/1988
ئازادكراین و بۆ شاردنەوەی ئە و ژیانە ناخۆشەمان كە رەنگی مرۆڤمان لەبەر بڕابوو
بردینیانە سەماوە بۆ هەفتەیەك یان زیاتر خزمەتێكی باشیان كردین ئەمەش بۆشاردنەوەی
ئەو كارە خراپانە بوو كەبەسەرمان هاتبوو بۆ ئەوەی وەك مرۆڤێك لەبەرچاوی گشتی دەربكەوینەوە،ئەمەی
كەنوسراوە كورتەیەكە لەچیرۆكی پڕئازار و ژانی ناو گرتوخانەی نوگرەسەلمان و كەچەندان كەسمان بەبەرچاوی خۆمانەوە كردە خۆراكی
سەگە بەعسیەكان.من كەنوسەری ئەم بابەتەم یەكێكیم لە ئەنفاكراوە زیندووەكانی نێو
گرتوخانەی نوگرەسەلمان بۆخۆم شاهیدی ڕووداوەكانم و ئەو ڕووداوانەم بەچاوی خۆم دیوە،ئەوكات
منیش وەك هەموو ئەنالكراوەكانی دیكە بۆ ئەنفال رەوانەی گرتوخانی نوگرەسەلمان كرام
لەگەڵ خێزانەكەمدا، ئەوەی نوسیومە تەنها دیمەنێكی كەمی ئەو بەسەرهاتەیە لەنوگرەسەلمان
بەسەرمان هات و چۆ بەسەرهاتنێك؟!.
نوێترین نوسینەکانی ئارام مەجید عەلی
-
ئارام مەجید عەلی
09/06/2021
-
ئارام مەجید عەلی
11/01/2021
-
ئارام مەجید عەلی
15/12/2020
-
ئارام مەجید عەلی
29/08/2020
-
ئارام مەجید عەلی
21/06/2020
-
ئارام مەجید عەلی
17/03/2020